نوێترین ڕۆمانی ئارام محەمەد بڵاودەبێتەوە
03:07 - 20/02/2022
کولتوری زەمەن
وەشانی
نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)، ڕۆماننووس
ئارام محه‌مه‌د چاپ و بڵاودەکاتەوە.ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی هونەریی و مێژووییەوە، ئاوڕی لە کەسایەتی و بنەماڵە و خەون و ئارەزووەکانی (دڵدار)ی شاعیر داوەتەوە.
له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانە ئارام محەمەد دەڵێت:
"ئەگەر
گێڕانەوەیەکی گشتیی ئەدەبی جارێک دژوار و سەخت بێت، گێڕانەوەیەکی بایۆگرافی له
فۆڕمی ڕۆماندا دەیانجار زەحمەتترە، چونکە نووسەر لەبەردەم پرسیارێكدایه، چۆن ئەو
دیمەن و وێنە ناته‌واو و تۆزلێنیشتووانه بگوازێتەوە و هاوسه‌نگی ئێستاتیكیش
بپارێزێت؟ وێنه‌كان بە دەیان ڕووداوی مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی داپۆشراون و لە
چەندان لاوە شێوێنراون، ڕووخساریان ناناسرێتەوە. ئەوە بە تەنیا ئەدەبه وەک هێزێکی
ڕزگارکەر دێت ڕۆح بە بەر چیرۆکێکی له‌بیرچووه‌وه ده‌كاته‌وه. هێزی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه
له‌وه‌دایه، تیشكێكی تایبەتی هەیە و ورد درز و کون و قوژبنەکان ڕووناک دەکاتەوە.
ئەو دیوه‌ی فۆتۆ پێشانی نادا، مێژوو بە گرنگی نازانێت، یاداشت تۆماری ناکات و له هەقایەت
و سەربردەی زارەکیش فه‌رامۆش ده‌كرێت، گێڕانەوە لە قووڵایی و لە تاریکییه‌وه
وێنەی دەکێشێت. خوێنەر دەتوانێ وێنای ژیانێکی تەواو بزربوو بکات، كه نه بیستوویەتی،
نه بینیویه‌تی و نە قەت خوێندوویەتیەوە."
لە
بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە: وه‌ک بریندارێکی به‌جێماو،
به ڕۆحێكی هه‌لاهه‌لا، لاشه‌م به‌دوای خۆمدا ڕادەکێشا. بۆ ئه‌وه‌ی بنووسم پێویستیم
به هه‌ناسه‌ی قووڵ و تووڕه‌بوون بوو. ده‌منووسی و نه‌مده‌زانی چ ده‌نووسم. وه‌ک
ته‌رزه وشه‌كان بەر کاغەز دەکەوتن. كاغه‌ز له ده‌ستمدا لۆچ ده‌بوو، کون‌کون دەبوو،
ده‌دڕا. هه‌موو گیانم ئاره‌قی لێ ده‌چۆڕایه‌وه. وه‌ک عاشقێک دەبوو بنووسم، ده‌منووسی
و ده‌مسڕییه‌وه. ئه‌نگوستم وه‌ک پێنج چه‌قۆ له كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م ئاڵابوون. ده‌ستم
خوێنی لێ ده‌هات. باکم نه‌بوو، با ئه‌نجن ئه‌نجن بێت جه‌سته‌م، با وه‌ک هه‌ڵۆیه‌كی
ناو قه‌فه‌ز خه‌ريکی خواردنی خۆشم بم، ده‌بوو بنووسم. دواجار نووسیم: كه‌س نه‌ڵێ
كورد مردووه، كورد زیندووه
ئارام
محەمەد لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٥، دەرچووی بەشی
زمانی ئینگلیزی زانكۆی دهۆكە، ئێستا دانیشتووی هەولێرە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەكان
چەندان وتار و لێكۆڵینەوە و وەرگێڕانی ئەدەبی بڵاو كردوونەتەوە. براوەی خەڵاتی
لاوی ساڵه بۆ ڕۆمان و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكه له فێستیڤاڵی گەلاوێژ.
بەرهەمەكانی
نووسەر:
- ڕۆمانی (سەمای سڕبوون) ساڵی2012/ چاپخانەی هێڤی.
- ڕۆمانی (خەوتوو) ساڵی 2014/
چاپی خانەی ئەربیل.
-
ڕۆمانی (مەرگی مێژوونووس) ، ساڵی 2016/ چاپی ناوەندی ئاوێر.
- كۆمەڵە چیڕۆكی (دەرگەكانیش
هیلاكن) ساڵی 2018/ چاپی ناوەندی ئاوێر.
-
ڕۆمانی (ڕۆژێك لەو ساڵانە هەڵدەگرم) ساڵی 2020/ وەشانی نووسیار. (ئه‌م
ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه بۆ زمانی عه‌ره‌بی له ئوردن چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه.)
- (پۆوڵ ڕیکۆر و پرسی گێڕانەوە) ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پڕۆژەی ڕێگە و دەزگای ڕۆسا/ ساڵی2021.
- (ئادۆرنۆ و ڕەخنەی کەلتووری) ڕەخنە و لێکۆڵینەوە/ پڕۆژەی ڕێگە و دەزگای ڕۆسا 2021.
- ڕۆمانی (ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا) ساڵی 202٢/ وه‌شانی نووسیار.