287 کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان: دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەكان پەڵەیەكی رەشە

06:28 - 17/05/2023

  • "زەمەن"

  • بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ كۆنسوڵی بەریتانیا جەخت لە پرەنسیپ و بەرنامەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و ئازادییەكان و یەكڕیزی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەكان پەڵەیەكی رەشە.

  • ‎ئەمڕۆ چوار شەممە، رەوزی كەیڤ، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و لەلایەن هۆشیار عومەر عەلی، رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان بە ئامادەبونی یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن پێشوازی لێكرا.

  • ‎لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێك گفتوگۆیان لەسەر كرا و تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن، سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان رونكرایەوە و تێیدا دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەكان بە پەڵەیەكی رەش لە پرۆسەی سیاسی و لێدانی دیموكراسی باس كرا و ناوەڕۆكی پرۆژە یاسای بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پرسی كورسی پێكهاتەكان خرانەڕوو.

  • لەبارەی ناكۆكیەكانی نێوان هێزەكان و رێگەی چارەسەركردنیان ئەو راستیە خرایەڕوو، كە زاڵبون و دەستێوەردانی حیزب لە كاروباری حكومەت سەرچاوەی كێشەكانە و نابێت حیزب جێگرەوەی حكومەت بێت و چارەسەری ریشەیی بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانیە.

  • دەربارەی هێرش بۆ سەر ئازادییە سیاسی و شارستانیەكان ئەو دژ بە یەكیە باس كرا كە كورد سەد ساڵ تێكۆشانی بۆ دیموكراسی و ئازادی بووە كەچی هاونیشتیمانیان و رۆژنامەنووسان لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدان. 

  • هاوكات پەیوەست بە ساڵیادی كۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەو راستیە خرایەڕوو كە لە ئامادەیی ئەودا ٧٥٪ی خەڵك متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی هەبو و بەڵام ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بوەتەوە.

  • لای خۆیەوە رەوزی كەیڤ، كونسوڵی گشتی بەریتانیا باسی لە كەموكوڕی دیموكراسی كرد و ئاماژەی بە راگەیەندراوی بەریتانیا و ١٢ دەوڵەتی تر كە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسیەكانیان كردووە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا.

  • فۆتۆ: بڕیار نامیق

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن