37وتار

مەنبەج چۆڵکرا، ڕۆژاڤا بەرەو کوێ؟

12/10/2024 4:06:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج


دوێنی تەلەفۆنێکم لەلایەن خزمێکمەوە بۆ هات کە بەگشتی کەم چاودێریی (موتابەعەی) پرس و هەواڵە سیاسییەکان دەکات، پرسیاری دۆخی مەنبەج‌ـی کرد و گوتی پێتوایە ڕۆژاڤا چی لێ دێتەوە، هەردووکمان هەستمان بە ترسی کەوتنی مەنبەج کردبوو، بۆیە گفتوگۆکەمان زۆری نەخایاند و بە قوڕگێکی پڕ لە گریان تەلەفۆنەکانمان داخست. دۆخی ڕۆژاڤا، خەمی هەموو کوردە. ئەم بابەتە زادەی ئەو خەمە کوردستانییە-گشتییەیە.

بە هەر حاڵ، پرسیارە گرنگەکە، ئەوەیە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر حوکمی هێزە ئیسلامییە نزیکەکان لە تورکیا ڕەوش و دۆخی ڕۆژاڤا و ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چی بەسەر دێت؟ ئەم پرسیارانە بەڕاستی وردبوونەوە و تێفکرینی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی زۆری دەوێت بە چاویلکەیەک کە وێنە گەورەکەی پرسی کورد و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت.
بەهەڵەدا ناچم ئەگەر بڵێم کە چاویلکەکانی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنتێکستێکی وادا کە لە دەوری توانا و پۆلەتیکی هێز دەخولێتەوە، دەتوانن خوێندنەوە بۆ دۆخێکی وا بکەن، واتە کێ توانا و هێزی هەبێت، چ هی خۆی بێت چ هی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، ئەوا دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بباتەپێش و تەرازوو بەلای خۆیدا لار بکاتەوە.

ئەوەی لە هەموو شتێک ڕوونترە ئەوەیە کە لانیکەم لە نزیکمەودا تورکیا و هێزە ئیسلامییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە داڕشتنی دەستووری داهاتووی سووریا و پێکهاتە و ئاراستە و ڕەفتارەکانی حکومەتەکەی. گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم دوولایەنە هەموو هەوڵێک دەدەن کە کورد هیچ ڕۆڵێکی نەبێت یان پێگەی لاواز و کارتۆنییانە بێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل مەگەر لەڕێگەی کوردـەوە، یان لە ئاسمانەوە، ڕۆڵ بگێڕن ئەگەرنا لەسەر زەوی و لەناو یاریکەرە سەرەکییەکانی سووریا ڕۆڵێکی ئەوتۆیان پێ ناگێڕدرێت. ئیسرائیل پێ دەچێت بیەوێت پشتیوانی لە کورد بکات بەڵام هێشتان زۆر شەرمنانەیە و لە فڕێدانی قسە تێپەڕی نەکردووە. هاوکات، کوردیش نەک هەر حەزدەکات بەڵکوو دەزانێت کە زۆر پێویستی بە ئیسرائیل هەیە بەڵام ئەویش ئەو داوایەی بە ئاشکرا نەخستۆتەڕوو و پێش ناچێت بیکات، مەگەر لە پشت پەردەوە.

وڵاتانی کەنداو زۆر نیگەرانن لە باڵادەستبوونی ئیسلامییەکان و تورکیا لە سووریا، بۆیە وەک ئەمریکا و ئیسرائیل کەسیان نییە کورد نەبێت کە پشتیوانی لێ بکەن، وەک لە بابەتێکی دیکە باسم کرد بۆ پچڕاندنی هیلالی شیعە لەلایەک و بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیا لەسەر سووریا، کە وەک هێزێکی ئیخوانی تەماشای دەکەن.

ئێران، هەر چاوێکی کردووە بە چوار، جارێ هێندەی لە خەمی خۆی و دوابەربەست پێش خۆی، عێراق‌ـە، هێندە لە خەمی سووریاـدا نەماوە. بەڵام وەک ڕێوی گوێی قوچ کردۆتەوە، هەر کاتێک زانی کە ئەمریکا پشت لە کورد دەکات لە ڕۆژاڤا و ئیسرائیل‌ـیش نابێتەوە جێگرەوەی ئەمریکا، یان بەیەکەوە، پشتیوانییەکە دابین ناکەن، ئەوا ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی کورد‌ـەوە خۆی بخزێنێتەوە ناو هاوکێشەکانی سووریا، بۆ هیچ نەبێت بۆ ململانێکردن لەگەڵ تورکیا و کەمکردنەوەی هەڕەشەی سووریا حکومەتەکەی داهاتووی لەسەر خۆی و عێراق.
سوپای سووریا داڕما و دەزگا ئەمنی و سەربازیی و پۆلیسییەکانی هەڵدەوەشێنەوە، ڕێک وەک ئەوەی لە عێراق ڕوویدا، چونکە جێگرەوەکانی متمانەیان بە دامودەزگاکان و ئەندامەکانی ئەو دەزگایانە نییە. ئەمانە و بوونی دەیان گرووپی سیاسی و چەکداری میلیشیایی، پێمان دەڵێن کە ئەگەرەکانی گەڕێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ و پێکدادان هەیە لەو وڵاتە، ئەگەر گریمانەیەکی لاوازیش بێت.

هەر چۆنێک بێت، ئاماژەکان وا نیشان دەدەن، پێکهاتنی پێشوەختی لەسەر کرابێت یان نا، کورد و دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری نابێت لە ڕۆژئاوی ڕووباری فورات بوونیان هەبێت، لانیکەم لە نزیک سنووری تورکیا. مکوڕی تورکیا لەسەر دەرپەڕاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانە و بێدەنگی ئەمریکا لە بەرگرییکردن لە شەڕڤانان لە ڕۆژئاوی فورات، کە من پێشتریش لە چەندین شوێن باسم کردبوو، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە.

لەژێر تیشکی دۆخەکە و ئەم شرۆڤەکارییانە دەکرێت بڵێین کورد/ڕۆژاڤا سێ بژاردەی لەبەر دەستە کە لێرە هەم دەیانخەینەڕوو، هەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان گفتوگۆ دەکەین.



چوون بۆ دیمەشق
کورد، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەزووترین کات، لە ئاستێکی زۆر باڵا بچن بۆ دیمەشق بە مەبەستی قسەکردن لەسەر پێگەی ئیدارەی خۆسەری و دڵنیابوون لەوەی کە کورد و گرووپەکانی دیکەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ڕۆڵیان ھەبێت لە پێکھێنانی حکومەتی کاتیی و نووسینەوەی دەستوور، ئەگینا کورد و ئیدارەی خۆسەری پەراوێز دەخرێن.

لایەنی باشی ئەم بژاردەیە ئەوەیە کە ڕۆژاڤا بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت دەپارێزێت لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا. هاوکات، ئەگەری ئەوە دێنێتەپێش کە مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریا بچەسپێنرێت. چەند؟ ئەوە زانرا نییە، دەوەستێتە سەر ئەوەی کە هەسەدە چەند دەتوانێت پارێزگاریی لەو ناوچانەدا بکات کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتیان دان.

ئەم بژاردەیە لەوانەیە لەلایەن بەشێکی زۆر لە کوردستانیان بەر توانج و ڕەخنە بکەوێت، بڵێن ئەوە هەمان ئەو بژاردەیەیە کە سەرکردەکانی کورد لە باشوور گرتیانەبەر و حکومەت و سوپایان لە عێراق زیندوو و بەهێز کردەوە، کە دواتر باجەکەیان دا. خەڵکانێکیش هەن کە پێیان وایە کورد بژاردەی دیکەی نییە و دواجار هەر دەبێت بگەڕێتەوە دیمەشق و مێزی دانوستان چونکە هیچ کەس و لایەنێک پشتیوانی لە کورد ناکەن.

پچڕپچڕیی بوونی دیموگرافیای کورد، واتە بوونی کورد لە عفرین و حەلەب و دیمەشق بە چڕی زۆر بەڵام بەدوور لە ناوچە کوردستانییەکانی دیکە لە قامشلۆ و بۆکانێ، وا دەخوازێت کە کورد دەستبەرداری بژاردەکانی دیکە بێت و بەرەو دیمەشق هەنگاو بنێت.
ئەم بژاردەیە پێگەی کورد و ئیدارەی خۆسەری لەوانەیە لاواز نیشان بدات و وەک خۆڕادەستکردنەوە بێتە بەرچاو. هاوکات، ئەگەری زۆرە کە کورد لە میانی گفتۆگۆ و دانوستان لەم ئانوساتەدا هیچ دەستکەوتێکی جێگەی بایەخی پێ مسۆگەر نەکرێت. لەوانەش مەترسیدارتر، ئەم هەنگاوە لەوانەیە ببێتە دەستبەرداربوونی ئەمریکییەکان لە کورد بەیەکجارەکی و دەرچوونی سەربازەکانیان لە سووریا. ئەوکات، کورد وەک تاقانەیەک لە دیمەشق دەبێت، لەوانەیە گورگەخۆرە بکرێت.


دروستکردنی حکومەتی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا
لە ڕۆژاڤا، ئیدارەی خۆسەری دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ دروستکردن و ڕاگەیاندنی حکومەتێک، نەک دەوڵەتێک، وەک جێگرەوەی حکومەتی ئەسەد و سووریا بەناوی حکومەتی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا.

دامەزراندنی حکومەتێکی لەم چەشنە بۆ ئیدارەی خۆسەری لەوانەیە زۆر ئاسان بێت چونکە هەموو کۆڵەگە و بنەماکان و دامەزراوەکانی حکومەتێکی لەو چەشنەی هەر ئێستاکە هەیە. ئەگەر تورکیا ڕێگری نەکات و ئەمریکا ملکەچ نەکات، زۆر گرنگە لە پاڵ حکومەت، هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل بکرێت، ئەویش بە بنەما لەسەر ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە ماوەیەک پێش ئێستا نووسرابۆوە. دیارە دەکرێت هەندێک دەستکاریش بکرێت بەبنەما لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی لەم چەند حەفتەیدا ڕوویان داوە.

سەرەتا دەکرێت پێگەی حکومەتەکە تۆکمە بکرێت و هێزە چەکدارەکان دووبارە ڕێکبخرێنەوە. دەکرێت هەنگاوەکان هاوتەریب بن لەگەڵ چاوەڕێکردنی نیشتنەوەی تەپوتۆز لە دیمەشق و دەرکەوتنی فۆرم و ئاراستەی حکومەتی نوێ لەوێ. ئینجا  دەستکردن بە دانووستان لەگەڵ حکومەتەکەی دیمەشق. بۆ ئەم بژاردەیە، واچاکە فیدرالیزم یان کۆنفیدرالیزم بکرێن بە بنەمای گفتوگۆکان.

خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم بژاردەیە ئەوەیە کە هەسەد و حکومەتەکەی لەوانەیە پشتیوانی ئەمریکا و فەرەنسا و هەندێک وڵاتانی ڕۆژائاو مسۆگەر بکەن، تەنانەت ئیسرائیلیش. ئەمەش وا دەکات کە لە پێگەیەکی بەهێزترەوە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بکەن.
خاڵی نەرێنی ئەو بژاردەیە ئەوەیە کە تورکیا لەوانەیە سەرئێشەیەکی زۆر بۆ حکومەتەکە دروست بکات، هەر لە شەڕ پێ فرۆشتن و تۆپباران و درۆنناردن تا دەگاتە زیندووکردنەوەی داعش و هاندانی عەشایرە عەرەبییەکان لە دژی حکومەتەکە. دەکرێت تورکیا کارتی گلدانەوەی ئاویش بەکار بێنێت. بەڵام تورکیا لەوانەیە ئەم کردارانە هەر بکات بێ گوێدانە ئەو ئاراستەیەی کە ڕۆژاڤا دەیگرێتەبەر.


ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ
لە پەیوەند بەم بژاردەیە، دەکرێت ئەو تێگەیشتنە بکەین بە بنەما کە "دەوڵەتە نوێکان لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبن". شەڕ و قەیرانی سی ساڵەی ئایینی و مەزهەبیی کە بە ڕێککەوتنی ئاشتی وێستفالیا لە ١٦٤٨ کۆتایی هات، هەڤدە دەوڵەتی لە ئەوروپا بەرهەم هێنا، کە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت بوو لە فۆرمە نوێکەی، دەوڵەت-نەتەوە. شەڕی یەکەمی جیهانی و قەیرانەکانی، ژمارەیەکی دیکە لە دەوڵەتی نوێی لێ کەوتەوە کە لە ئاکامی هەڵوەشانەوەی هەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و نەمساویی-مەجەریی (ئۆستریا-هابزبێرگ) دروستبوون، لەنێویاندا عێراق و سووریا و تورکیا. بەهەمان شێوە، شەڕی دووەمی جیهانیی و قەیرانەکانی، ژمارەیەکی دیکە دەوڵەتی دروست کرد. تەپینی بلۆکی ڕۆژهەڵات و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و یوگۆسلاڤیا زیاتر لە ٢٠ دەوڵەتیان لێ پەیدا بوو.

بەگشتی، دەوڵەتەکان لە قەیراندا لە دایک دەبن، لەو قەیرانانەی کە لە سی ساڵی ڕابردوودا عێراقی پێدا تێپەڕی، لانیکەم دوو جار دەرفەتی دروستبوونی دەوڵەت بۆ کوردستانیان لە باشوور هەڵکەوت، بۆ نموونە لە ٢٠٠٣ و ٢٠١٤. ئەو قەیرانەی ئێستا سووریا و ناوچەکە تێیەوە گلاوە دەرفەتێکی هێناوەتە پێش کە دەکرێت ڕۆژاڤا بەرە دەوڵەتبوون ببات.

ئەم بژاردەیە بەبێ مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکردار و ئیمارات و سعودیە زمنیەن ناکرێت و بە ئەنجام ناگات. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و سووریا، ئەوەی من ناوم ناوە پچڕاندنی هیلالی شیعی، دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکە ئەو گرنگییە سیاسییە-جیۆپۆلەتیکییەی نابێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئاماژەیان پێ کرا تاوەکوو پشتیوانی لە هەوڵێکی لەو شێوەیەی کورد بکەن. بەواتایەکی دیکە، دەبێت سەرانی ئیدارەی خۆسەری تەنیا کاتێک هەنگاوێکی لەو شێوە بهاوێن کە پشتیوانییەکان مسۆگەر بکەن و شریتێکی سنووریی لە ئەلبوکەمالەوە تاوەکوو ئەلتەنف بە قوڵایی لانیکەم ٤٠ کیلۆمەترێک بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.


پوختەی گفتوگۆکان
بەکورتی، هاوکێشەکان زۆر ئاڵۆزن، دەوڵەتی تورکی زۆر ترسی لە هەر سەرکەوتنێکی کورد و ڕۆژاڤا هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کەوتووتە گیانی کورد. لە ڕووی ئەو هەڕەشانە، کورد یان دەبێت پەنا بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ببات یان بۆ ئێران. هەر یەکێک لەمانە مەترسی خۆی و گرنگی لەخۆیدا حەشار داوە. ئێران کارتێکی دۆڕاوە، بەڵام لە ناچارییدا، کورد لەوانەیە دەستی بۆ درێژ بکات. هەر چۆنێک بێت، ڕووداو و پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە ئەوە ئیسرائیل‌ـە کە پرسەکان یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە پەنا بردن بۆ ئەو و ئەمریکا لەوانەیە باشترین بژاردە بێت.

لە پەیوەند بە بژاردەکانی کە لە سەرەوە گفتوگۆ کران، من زیاتر مەیلم بەلای بژاردەی دووەم و سێیەم دایە. بژاردەی دووەم دواجار لەوانەیە هەنگاوێک بێت بۆ بژاردەی سێیەم. هەر چۆنێک بێت، کات لە بەرژەوەندی کورد نییە، هەر بژاردەیەک هەڵبژێرن دەبێت پەلە بکەن. 


سوریا لانیکەم بۆ سێ پارچە دابەش دەبێت

ناوچەی کوردی، عەرەبی سوونی، عەرەبی عەلەوی، لە نزیک سنووری ئوردنیشەوە کۆمارێک بۆ دروزیەکان دروست دەکرێت.
یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات دەمێنێتەوە، چونکە ئەمریکای لە پشتە، جگە لەوەی پاڵپشتیی ئیسرائیل و باکووری عێراقیشی هەیە. ئۆپەراسیۆنیش ئەجام بدرێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابێت.
تەحریری شام بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمریکا، پێدەچێت ئامادە بێت ئۆتۆنۆمی بداتە یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات، کەسیش ناتوانێت چیتر رێگە لەم پرسە بگرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن