سوریا، ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان
12/10/2024 8:26:00 PM
د.عەبدولڕەعمان مەولود
دوای شەری غەزە و لێدانی حیزبولا لە لوبنان نۆرە گەیشتۆتە سەر نەهێشتی نفوزی ئێران لە سوریا. ئیسرائیل رازی نابێت میلشایای ئێرانی لەسەر سنورەکەی بیت. لەسەرەتا ئیسرائێل بریاری دابوو ڕاستەوخۆ لە ئیران بدات، بەلام وادیارە بۆ ئێستا ئەم پلانە گۆڕاوە بۆ نەهێشتی ئێران لەسەر سنورەکانی لە سوریا، هەرچی نەبیت بۆ ئێستا ئاوایە.
لەسەرەتا داوا لە ڕژیمی سوریا کرا هاوکاری نەمانی نفوزی ئێران بێت لە سوریا بەرامبەر چەندین پاداش، بەلام سوریا ئەم کارەی نەکرد. بۆیە بانگی تورکیا کرا بۆ ئەم کارە، تورکیاش بەم کارە رازی بوو. تورکیا هەر خوا خوایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل داوای کارێکی لێ بکەن و تاکو لەبەرامبەردا دژایەتی کوردان بێنێنتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەوەی گرنگە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕێگە نەدەن ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەر. چەند ڕۆژ و کاتێکی ناخۆش ڕەنگە بێنە پێش، بەلام دەبێت بە پشو درێژی ، دانبەخۆدا گرتن و بێ پشێوی تێپەرێن.
هاوکاری تورکیا بۆ هێزە چەکدرەکانی سوریا وەك هاوکاری سونە دژی شیعە لێدەدرێتەوە و بێ سەرئێشە بۆی تێپەرنابێت. ئەمە جگەلەوەی ئێران ئەم هاوکاریەی تورکیا وەك بریاری شەرە دژی خۆی دەزانێ. مەبەستمە بلێم گۆراوەکان زۆرن و ئەم هەلومەرجە هێ ڕۆژێك و دوان نین و زۆر دەخایەنێ و بەتێپەربوونی کات زۆر شت دەگۆری. تاکو ئەوکاتەی سیناریۆکان و تەوازنی هێزەکان باشتر روون دەبنەوە باشترە بۆ کورد خۆی لە ئاگری جەنگی راستەوخۆ بپارێزیت. ڕەنگە لە کۆتایدا هێزە چەکدارەکانی سوریا و تورکیا هاوشێوەی مورسی و ئیخوانەکان تەنها ئامرازی جێبەجێکردن بن و هیچی لێنەچنەوە.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو، شوێنی حەوانەوە و داڵدەی هەموو پەناهەندان بووە بە بێ جیاوازای نەتەوەیی و دینی. لە ڕاستیدا دالدەی پەنهاندان بەشێکە لەجارنامەی جیهانی، هەر بۆیە پێویستە هەرێم لە ئامادەباشیدا بێت بۆ گرتنەخۆی براکانیان لە ڕۆژئاوا و خەلکی تریش ئەگەر پێویست بکات، ئەمەش کەمترین چاوەرەوانیە کە ئێمە وەك هەرێم بتوانیین بۆ ڕۆژئاوای بکەین.
ئێمەی کورد زیاد لەهەرکەس لە دونیا خۆشحالین بەسەرنگونی ڕژێمی بەعسی فاشتستی سوری ، کە رەنگە لە چەند ڕۆژیکیتر سەرنگوننی یەکلایی ببێتەوە. ڕژێمی سوری بەعس ڕژێمکی فاشی دژە کورد بوو و سوریای کردبووە زیندانیەکی گەوەرە بۆ کوردان. دژایەتی فاشیزمی بەعس و چۆنیەتی دروستکردنەوەی وولاتی سوریا لەسەر بناغەی پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە هەموان دەکرێ بابەتی هاوبەشی گفتوگۆی کوردانی ڕۆژئاوا بێت لەگەل هیزەکانی سوریا.