13وتار

لە سوریا چی روودەدات و چیم بینی؟

12/11/2024 8:16:00 PM
ئەیهان سەعید

کەوتنی دکتاتۆرێکی هۆڤ پیرۆزبێت لە گەلانی سوریا، بەڵام چەکەکان سواری تەقەکردنن بۆ شەڕی نێوخۆ...

- ئێستا پایتەختی سوریا هێزی جیا جیای تیدایە (دورزی، تەنەف، فیرقەی ٥ی سوپا)، سوپای ئیسرائیل داخلی سوریا بووە و تەنیا ٢٠  کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دورن و رێگە نادەن هێزێکی جیهادی دراوسێیان بێت.

- مەترسی جدی لەسەر کورد هەیە و هەسەدە بەرگریەکی بێ وێنە دەکات و ھاوپەیمانان لە رۆژھەلاتی فۆرات پشتیوانن، تورکیاش بەهەموو توانا و هێزێک هێرش دەکات.

- ناکۆکیەکانی لە نێوان تەحریر شام و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا (سەنەسە) بە شەڕ کوتایی پێدێت، تورکیا لە سوریادا لاواز دەبێت.

زۆر لەسەر کەوتنی رژێمی بەعسی قەومی سوری بە سەرۆکایەتی ئەسەد ناوەستم چونکە هۆکارەکان روون و زەلالن بۆ هەموو لایەک، بەڵام پێش کەوتنی ئەسەد بە چەند رۆژێک کە گەیشتمە دیمەشق بینم سوپایەکی نارێکخراو فەسادی ئاشکەرا کە لە ٣٢ بازگە پارەیان لێوەرگرتین کە ببو بە عورفی سوپا تەنانەت لە فرۆکخانەش، هەموو دامەزراوە و دوکان و جاددە و کۆنێک وێنەی سەرۆکیان هەلواسی بوو وەک لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاورێ سوریەکانم گفتۆگۆمان دەکرد خەلکی دیمەشقیش ئنتیمایان بۆ رژێم نەمابوو، بەڵام هیچ ئازادی و دەرفەتی دەربڕین و قسەیان نەبوو .

هۆکارە سەرەکیەکان کەوتنی ئەسەد بریتی بوون لە: 
لەدەستدانی دوستەکانی بەهۆی خۆ یەکلایی نەکردنەوەی، دۆخی خراپی دارایی و بێ دیسپلینی و ستەمی سوپای سوریا ، لاوازبوونی حزبوڵڵا بەهۆی شەڕی ئیسرائیلەوە لە لوبنان، بڕینی دەستی ئێران لە شام، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج بوو رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیەوە وەکو پێویست بەرگری لە حکومەتی ئەسەد نەکرد و پێم وایە پاداشتەکەی لە ئوکرانیا وەردەگرێت دوای دەستبەکاربوونی کابینەی کۆمارییەکانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵت تڕەمپ.  

- ئیسرائیل تەواوی سنوری خۆی لەگەڵ سوریا دەپارێزێت، رۆڵی لە دیمەشق ھەیە.
سەرەتا چەکدارەکانی تەحریر ئەل- شام بە باشی بۆشایی هێز لە سوریایان قۆزتەوە و لە ئدلیبەوە بۆ ریفی حەلەب و دواتر وەک بلێسە تا حەلەب و حەما و حومس ڕویشتن و لە حومس وەستنێران، و ئسرائیل و هاوپەیمانانی دژی داعش رێگەیان نەدا شانازی گرتنی پایتەخت بۆ ئەوان بمێنێ و ئێستا گروپی دیکە بەهێزترن لە باشوری سوریاوە هێزەکانی دورزی لە سوێدانەوە، لە تەنەفی سەر سنوری سوریا- ئوردن ١٥ هەزار چەکداری ڕاهێنانپێکراوانی سوپای سوریای ئازاد (ئەم هێزە سەر بە تورکیا نین و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکا و هاوپەیمانان دان).
ئیسرائیل لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجامداوە بە جۆرێک:
-هێزی ئاسمانی سوریای لەناوبرد
-هێزی دەریایی سوریای وێرانکرد
-لەناوبردنی کۆگاکانی ماددە و دامەزراوەکانی توێژینەوە کیمیاوییەکان
-دەیان شوێنی ھەڵگرتنی مووشەکی لەناوبرد
-دەست بەسەر زەوییە بەرزەکاندا گرتووە و بەرزترین شاخی کۆنترۆڵکرد کە بەرزایی لوتکەی دوو هەزار و 814 مەترە  و کاریگەری ڕاداری بەسەر سوریا و لوبنانەوە هەیە.

ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە و لە باشوری سوریاوە هێرشیان کردووە و تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دورن، تەواوی ژێرخانی سەربازی ئاسمانی، دەریایی و کۆگاکانی چەکی سوپای سوریای رۆخاند بۆ ئەوەی چەکەکان نەکەونە دەست حکومەتی ئاییندەی دیمەشق و دەسەڵاتێکی تەواو لاوازیان ھەبێت.

- تورکیا لە ئاییندەی سوریادا لاواز دەبێت، تەحریر شام و گروپەکانی سەر بە تورکیا توشی شەڕ دەبن.

راستە لە ئێستادا تورکیا ئەکتەرێکی بەهێزە لە سوریادا، بەڵام بەم شێوەیە نامێنێت و کارتەکانی دەستی لەدەست دەدات و رۆلی دەمێنێت بەکام بە لاوازی، بە تایبەتی هەیئەی تەحریر ئەل- شام (هەتەشە) بە تەواوەتی ناچێتە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا و لە ئێستادا ناکۆکی توند هەیە لەگەڵ سوپای نشتیمانی سوریا (سەنەسە) کە راستەوخۆ سەر بە تورکیان هەیە.
چەکدارانی (سەنەسە)ی سه‌ر به‌ توركیا و گروپی عەمشات وەک چەتە و گرووپی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێن، ئه‌وان به‌ تووندی دژ به‌ كورد شه‌ڕده‌كه‌ن و به‌رنامه‌ و ئامانجه‌ سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی توركیا جێبه‌جێده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ داگیركردنی عه‌فرین و داگیركارییه‌كانی توركیا به‌ناوی دروستكردنی (ناوچه‌ی ئارام) دژ به‌ كورد ئه‌نجامیاندا. له‌ ئێستاشدا ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ له‌دزی و تاڵانكردن و ستەمکاری به‌رده‌وامه‌، لە کاتێکدا چەکدارانی تەحریر ئه‌ل-شام تا رادەیەک بەدیسپلینترن و كه‌متر په‌نیاین بردۆته‌به‌ر تاڵانكردنی موڵك و ماڵی گشتی و تایبه‌تی.

بەپێ ئەو سەرچاوانەی لەگەلمان لە پەپیوەندی دا بوون لە شەھبا و تل رەفعەت چەکدارانی (سەنەسە)ی تورکی رێگێریان لە ئاوارەکانی عەفرین دەکرد کاتێک ویستیان بچن نۆ تەبقا و چەند گەنجیان شەھیدکرد، لەسەر ئەمە لە ٣ی کانونی یەکەم شەڕ لە نێوان ئەوان و تەحریر شام دا روویدا، چونکە ئەبو محەمەد جۆلانی بەڵێنی بە ھەسەدە داوە شەڕی کوردەکان نەکات و ئاوارەکانی عەفرین کە حەوت ساڵە لە شەھبا نیشتەجێ بوون بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژھەلاتی سوریا.

کۆبوونەوەی ئەبو محەمەد جۆلانی لەگەل محەمەد جەلالی سەرۆک وەزیرانی ئێستای سوریا بۆ راسپاردنی پێکھێنانی حکومەتی رزگاری نشتیمانی بە سەرۆکایەتی محەممەد بەشیر سەرۆک وەزیرانی ڕزگاری سوریا لە ئیدلب تورکیای و ئەردۆگانی نیگەران کردوە چونکە (سەنەسە)ی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوون و بانگهێشت نەکراون، واتە رۆل بە گروپە چەکداریەکانی تورکیا نەدراوە. ئەگەر ئەم حکومەتە بێ بەشداری پێکردنی گروپی تورکیا پێکبھێنرێت من پێم وایە ناکۆکیەکانی تەحریر ئەل- شام لەگەل (سەنەسە)ی تورکیا سەر بکێشێتە شەڕ و پێکدادان و چەتەکانی تورکیا توشی شکست دەبن.
راستە تورکیا پالپشتی زۆری تەحریر شام کردووە و هەموو هاوکاریەکانی لە رێگای تورکیاوە پێدەگەیشت و بە ئیستاشەوە دوستیانە، بەڵام ئیستا تەحریر شام پێویستی جارانی بە تورکیا نیە و زۆربەی سوریایان بەدەستەوەیە و دۆست و سنوری دیکەی هەیە.

- جۆلانی و تەحریر ئەل- شام وەک کارتێکی کاتی و پەیوەندی بە (ئێم ئای ٦)ی بەریتانی.

 ئەحمەد حسێن ئەل- شەرع ناسراو بە )(ئەبو محەمەد جۆلانی) کە دامەزرێنەری "بەرەی نوسرە"ی تیرۆرستی بوو کە لقێک بوون لە رێکخستنی "ئەلقاعیدە" لەژێر فەرمانڕەوایی ئەبوو مسعب ئەل-زرقاوی، لە ساڵی ٢٠١١ بەیعەتی دا بە ئەبوبەکر ئەل- بەغدادی و دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ لێیان جیابوویەوە و بە ئێستاشەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە، و ئێستا سەرکردایەتی ھەیئەی تەحریر شام دەکات، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەگەڵ بەریتانیەکان لە پەیوەندی دایە و سەپورتی دەکەن. ئەندازیاری ئەم پەیوندیەش ڕیچەرد مۆرد ە کە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٥ بالیۆزی بەریتانیا بوو لە ئەنقەرە و دواتر بوو بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری بەریتانیا (ئێم ئای ٦).

سەرباری ئەوەی تا ئێستا جۆلانی لەسەر خۆ و ئاقلانە مامەڵە لەگەل دۆخەکە دەکات، شەڕی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی سوریا ناکات و پەیامی بۆ وڵاتانی درواسێ ئێراق، ئوردن و لوبنان ناردووە کە نابێت بە مەترسی بۆ سە ئەوان و رایگەیاندووە: "ئێمە ھێزێکی سورین و ئامانجمان رۆخانی رژێمی ئەسەد و بنیاتنای سوریایە" وەک ئاماژەیەک بۆ ئسرائیل و ئەمریکا و رۆژئاواش کە نابێتە بەشێک لە دژیان، بەڵام گروپە چەکدارەکانی تەواو ئیسلامی توندڕەون و باگراوەندی جیھادی خۆدی جۆلانیش رێگرە لەوەی پایتەختی سوریا و دەسەڵاتی یەکەمی لای بمێنێت، ناشکرێت حکومەتێکی ئیسلامی جیھادی لە سوریادا ھەبێت و دراوسێی ئیسرائیل بێت، مەگەر جۆلانی تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێبکات ھاوکێشەکە دەگۆڕێت.

- مەترسیەکانی سەر ھەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژھەلاتی سوریا جدین، تورکیا بەھەموو ھێزییەوە ھێرش دەکات.
 
تورکیا بێ جگە لە ھێرشەکانی پێشتری لە ٣٠ی تشرینی دووەم ەوە و بە تایبەتی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا لە رێگای ھێرشی ئاسمانی و لەرێگای ووشکانیەوە بە ئاراستەکردنی سوپای نشتیمانی سوریا (سەنەسە) کە راستەوخۆ سەر بە تورکیان لە ھەوکی کۆنترۆلردنی شاری مەنج دایە، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (ھەسەدە) بەرگریەکی بێ وێنە دەکەن و تەواوی ھێرشەکان تێکشکێنراون.
ھاوپەیمانانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای فۆراتەوە ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە ھەسەدە، مەنبج تاکە شوێنە لە دیوی رۆژئاوای فۆراتەوە لەدەست ھەسەدە دا مابوو، مەبەستی تورکیا لە کۆنترۆکردنی ئەوەیە لەوێ وە تا کۆبانێ بچێت، رادەستکردنی مەنبج بە هەماهەنگی هاوپەیمانان لێکتێگەیشتن لەسەربکرابوو، بەڵام هەوڵی کۆنترۆلکردنی کۆبانێ لە لایەن تورکیاوە زۆر قورس دەبێت چونکە شەڕڤانان ئامادەکاریان کردووە و ھاوپەیمانانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بێدەنگ نابن.
تورکیا بەهەموو رێگایەک پالپشتی عەشیرەتەکانی دێرەزۆر دەکات دژی هەسەدە بوەستن، دێرەزۆر زۆر گرنگ و ستراتیجی یە لە رووی جیۆپۆلیتیکی سوریا و ئێراق (ئەلبوکەمال و قایم) بەیەکەوە دەبەستێن، هەروەها گەورەترین کێڵگەی نەوت و غازی لێیە.

تورکیا دەیەوێت پێش گتۆگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ سوریا و بەر لە دەستبەکاربوونی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ زۆرترین رووبەری باکور و رۆژھەلاتی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە دایە کۆنترۆل بکات تا کورد بە لاوازی بچنە نێو ھاوکێشەی سوریایەکی نوێ.
سەرباری ئێستا ھەسەدە کاریگەرترین و بەھێزترین و رێکخراوەترین ھێزە لە سوریا، بەڵام مەترسیەکانیش جدین و تورکیا زۆلھێزە و ئێستا کارتی بەھێزی بەدەستەوەیە و لەوە تێدەگات لە ئاییندەدا ھێزەکەی و کارتی سەنەسە لە سوریادا تەواو لاواز دەبێت، بۆیە بەھەموو نرخێک کار بۆ لاوازکردنی کورد دەکات لە سوریا، لە بەرامبەردا شەڕڤانانی ھەسەدە بە ھەموو خۆراگری و قوربانیدانەوە بەرگری دەکەن و ھیوای سەرکەوتنیان مسۆگەرترە.

بێ جگە لە لە بە ھێزی ھەسەدە لە رووی سەربازی، ئێستا پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیشی لە ئاستێکی باڵا دایە بە تایبەتی لەگەل ھاوپەیمانانی دژی داعش و لە ئاستی ولاتانی عەرەبی ئیمارات، ئوردن و مسر دۆستیانن و نایانەوێت تورکیا لە سوریادا باڵا دەست بێت.

- كورد و ئیسرائیل
دەربارەی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ کوردەکان لە سوریا، به‌ كرده‌یی ھیچ راستییەک نییە و تائێستا پشتیوانییه‌كانیان تەنیا لە رێگای لێدوان و میدیاكانه‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ناو جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا ته‌نیا دوژمن بۆ کورد زیاد دەکات، چونكه‌ ئەگەر مەبەستیان بێت به‌ كرده‌یی پشتگیری کورد بکەن، چۆن لە شەڕی کەرەباخدا دژی ئەرمینیا بە چەک و تەنکۆلۆژیای سەربازی ھاوکاری ئازەربایجانی کرد تا سەرکەون به‌سه‌ر ئه‌رمینیا و به‌بێ ئەوەی ھیچیش بڵاوبکەنەوە، هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌ له‌گه‌ڵ کوردیش چاوه‌ڕوانكراوه‌، چونكه‌ خودی ئامانجه‌كه‌ پشتیوانیكردنی كورد نیە و بە پێچەوانەوە لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندییان ھەیە، کە ھەردووکیان خوازیارن سوریایەکی لاواز و بێ سه‌روه‌ری دراوسێیان بێت.

رووخانی رژێمی بەعسی سوریا و کەوتنی دکیتاتۆرێک لە ناوچەکە زۆر گرنگه‌ بۆ سوریا و ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بەڵام پێکھێنانی حکومه‌تێکی دادپەروەر و نووسینه‌وه‌ی دەستورێکی نوێ کە تیایدا دیموکراسی و مافی گەل و پێکھاتەکانی سوریا زامنكراوبێت، ته‌نیا رێگایه‌ بۆئارامی و خوشگۆزەرانی سوریا، ئه‌مه‌ش گرنگتره‌ له‌ ته‌نیا رووخاندنی خودی رژێمه‌كه‌. به‌ڵام وه‌ك ده‌یبینین سوریا له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری و ئاستەنگی زۆر و سه‌ختدایه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌ركی، دەیان گرووپی چەکداری جیاوازی تووندڕە و تیرۆریست هه‌ن، واده‌كات جارێكی دیكه‌ جێبەجێکردنی ئەجێندای ولاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌ نێوانیاندا دروست ببێت كه‌ سوریا بخاته‌ ناو شه‌ڕێكی ناوخۆی مه‌ترسیداره‌وه‌.

بەو ھیوایه‌ی سەرکەوتن بۆ گەلانی سوریا و زامنکردنی ستاتۆیەکی دەستوری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان بێته‌ به‌رهه‌م. ھەبوونی سوریایەکی ئارام لە قازانجی ئارامی عێراق و ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه‌، بە پێچەوانەشەئاگری شەڕەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن