کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دیاری دەکرێت
10:29 - 23/11/2024
زەمەن _ عێراقی
رۆژنامەی (العربی الجدید) ئاشکرایکرد، ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، ئەو وادەیەیە کە هەندێك لایەن لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت هەڵبژاردنی تێدا بەرێوەبچێت، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، رۆژنامەی (العربی الجدید) لەسەر زاری سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق بلاویکردووەتەوە کە هەندێك لایەن لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراقە، فشار دەكەن بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، هاوشانی دەستپێكردنی جموجۆڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
هەر لەسەر ئەم پرسە پەرلەمانتارێکی عێراق بە رۆژنامەکەی رایگەیاندووە، ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هێزە پشتیوانەكانی كراوە، كە دیارترینیان نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقدومە، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە لە عێراق بە زووترین كات و، چاوەڕێنەكردن تا كۆتایی ساڵی داهاتوو.
لای خۆیەوە پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگیش بە (العربی الجدیدی) وتووە" نوری مالیكی پاڵنەری سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردووشدا هەموو هەوڵەكانی نێوەندگیری رەتكردووەتەوە، بەهۆی سكانداڵی (تۆڕی سیخوڕی) كە فەرمانبەرانی نووسینگەكەی سودانی تێوەگلاون و گوێیان لە تەلەفونی بەرپرسان گرتووە، لەناویاندا مالیكی و ئەندامانی خێزانەكەی.