27 کوردستان

ڕاگەیەندراوێک لەبارەی شەپۆلی بەفر و باران و سەرما

02:00 - 23/11/2024

زەمەن – هەرێمی کوردستان

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی بەفر و باران و وشکە سەرما دەکات لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە کاتەکانی شەودا ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری باکوور کە لە رۆژانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپای گرتەوە بە شێوەی شەپۆلی سەرما و بەفربارین.

باسی لەوەش کردووە، سەرەتا سبەی شەو کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک دەست پێدەکات بە چالاکبوونی بای باشوری رۆژھەڵات بە خێرایی 15 - 35 کم لە کاتژمێرێکدا و بارانی پچرپچر و زستانە بە ڕێژەی ناوەند.

دەشڵێت: ڕۆژی دووشەممە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی كوردستان بە ڕێژەی جیاواز دەگرێتەوە و پلەی گەرما 8 تا 12 پلە نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانی بەرزیی 1500 مەتر دەبێتە بەفر بارینی راستەقینە و لەخوار ئەو بەرزییەش جاروبار بارانەکە بەفری لەگەڵدا دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، زۆرترین رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە گشتی و سنووری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویییەكانی پارێزگای ھەولێر و سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و راپەرین دەبێت، کەمترین رێژەش لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر دەبێت .

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە شەپۆلەكە لاواز دەبێت و بە لاوازی بەردەوام دەبێت تا درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 27/11/2024 پاشان کۆتایی پێ دێت لەم قۆناغەی لاوازبووندا پلەی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم دەبێت لەو شار و ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان زیاترە لە 1200 مەتر، بە نموونە سەنتەری شاری پێنجوێن و شاخەکانی شاری سلێمانی گۆیژە و ئەزمەر ئەگەری بەفر بارینیان دەبێت .

هاوکات ڕەتی کردەوە کە بارانی بەخوڕ و لافاو بێت، بەڵکو رێژەکەی ناوەند دەبێت و ئەگەری دروستبوونی ھەورە بروسکەش لاواز دەبێت، بۆیە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەبارانی بەخور و لافاو دەکەن .

لەبارەی ڕۆژانی داهاتووەوە ئاراس جەبار باسی لەوە کرد، ئەگەر گۆڕانكاری روو نەدات، لە رۆژی چوارشەمەوە تا ماوەی 10 رۆژێک ناوچەکانمان لەژێر کاریگەری وشکە سەرمادا دەمێنێتەوە و لەشەواندا پلەی گەرما بۆ نزیک لە سفر پلە دادەبەزێ و لە ناوچە شاخاوییەکانیش چەند پلەیەک بۆ خوار سفر دەبێ، بە گشتی کەشێکی سارد و زستانە دەست پێدەکات.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن