باران و بەفر بارین دەستپێدەکات و پلەکانى گەرما بۆ خوار سفرى سەدى دادەبەزن
08:55 - 11/12/2024
زەمەن - کوردستانى
شارەزایەکى کەشناسى دەڵێت، لە رۆژى هەینییەوە بەفر و باران بارین تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانى گەرما بۆ ژێر سفرى سەدى دادەبەزن.
ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى رایگەیاند، رۆژی ھەینی 13/12/2024 پێشبینی دەکرێت ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی ساردی جەمسەری باکورەوە کە سەرەتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینیەوە دەستپێدەکات ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواوو بارانێکی پچر پچری رێژە کەم بۆ مامناوەندی لەگەڵدا ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکان لەبەرزی 1400 مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 5 تا 6 پلە.
ئەو کەشناسە راشیگەیاندووە، شەپۆلی بەفر و بارانەکە ئێوارەی رۆژی ھەینی لەزۆربەی ناوچەکان کاریگەری نامێنێت و بۆ رۆژی شەمە 14/12/2024 پلەکانی گەرما بەڕاورد بە رۆژی ھەینی 3 تا 4 پلەی دیکە نزمدەبێتەوە و ئاسمان بە زۆری پەڵە ھەور بۆ نیمچە ھەور ئەبێت لەکاتەکانی پاش نیوەرۆ بەشێوەیەکی کاتی و کورتخایان بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی ئەبارێتەوە بەگشتی لە رۆژی شەمە لەبەرزی 1000 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت بەڵام رێژەکەی کەمە و ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتای پێدێت.
ئەوەشى راگەیاندووە، لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوا ساردە جەمسەریەکە لە ئێوارەی رۆژی شەمەوە 14/12/2024 بای باکوری رۆژھەڵات بە بەھێزی چالاک ئەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەخێرای 20کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 60کم لە کاتژمێرێکدا کە بایەکی بەستوو و زۆر سارد ئەبێت پلەکانی گەرما لەشەوی شەمە لەسەر بەیانی رۆژی یەکشەمە نزمدەکاتەوە بۆ سفر و چەند پلەیەک بۆ خوار سفری سەدی کاریگەری ئەم با بەھێزە تا نیوەرۆی رۆژی یەکشەمە 15/12/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر خێرایەکەی کەم دەبێتەوە بۆ بایەکی مامناوەند، وە لەماوەی رۆژانی یەکشەمە و دووشەمە کەش سەقامگیر ئەبێت و بەڵام شەپۆلی وشکە سەرماکە بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی لەو دوو رۆژەدا زیاتر نزمەبێتەوە و لەشەواندا لە زۆرینەی ناوچەکان سفر پلە تۆماردەکرێت لەناوچە شاخاویەکانیش تا زیاتر لە 10 پلە لەژێر سفر تۆمار دەکرێت.
ئاراس جەبار پێشبینى کردووە بەفر و باران لەماوەی رۆژانی ھەینی و شەممەدا بەم شێوەیەبێت:
سنوری پارێزگای سلێمانی 5 - 15 ملیمەتر ، بەفر 3 - 18 سەنتیمەتر
سنوری پارێزگای ھەولێر 5 - 20 ملیمەتر ، بەفر 6 - 35 سەنتیمەتر
سنوری پارێزگای دھۆک 0 - 2 ملیمەتر ، بەفر 0 - 3 سەنتیمەتر
سنوری پارێزگای ھەڵەبجە 5 - 15 ملیمەتر ، بەفر 3 - 10 سەنتیمەتر
سنوری پارێزگای کەرکوک 4 - 10 ملیمەتر
ئیدارەی راپەرین 10 - 25 ملیمەتر ، بەفر 10 - 30 سەنتیمەتر
ئیدارەی سۆران 10 - 20 ملیمەتر ، بەفر 6 - 35 سەنتیمەتر
ئیدارەی گەرمیان 0 - 1 ملیمەتر