880 کوردستان

روداوەکانی عێراق و هەڵوێستی گۆڕان

04:25 - 23/01/2020

 "زەمەن"
لە چەند رۆژی رابردودا، کۆمەڵێک روداوی مەترسیدار روبەڕوومان بووەتەوە، چ لە روی سەربازی و توندوتیژیەوە، چ لە روی دەستوری و چەمکی پێکەوە ژیانەوە.
کردنی عێراق بە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتیەکان و کردەی سەربازی  کە بەهۆیەوە چەندین کەس لەهەمو لایەنەکان بونە قوربانی، بەشێکن لە گۆڕینی ئاراستەی کارکردنی دەوڵەتی عێراق کە توانیبوی لە ساڵانی رابردودا جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیە ئیقلیمیە دژبەیەکەکان رابگرێت.
یەکێکی تر لەدەرهاویشتە خراپەکانی ئەم بارودۆخە، هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراقە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵێک یاسای گرنگ، کە پەیوەستن بە ئایندەی پرۆسەی سیاسی و دەستورییەوە. لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوە چەند جارێکە بێ ویستی پێکهاتەکانی تر و تەنانەت بێ گوێدان بە ناڕەزایەتی و سەرنجەکانیان، تەنها ویستی پێکهاتەیەک دەسەپێندرێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەم قۆناغە تازەیەی عێراق.
پەرلەمانی عێراق لە ماوەیەکی کەم و بێ وردبینی تەواو، سێ پرۆژەی مەترسیداری تێپەڕاند: یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، مامەڵەکردن لەگەڵ رێکەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا. ئەم یاسایانە سەرباری پەلەکردن لە ناردن و پەسەندکردنیان و کاڵوکرچیان لەزۆر بواردا، لەهەمانکاتدا سەپاندنی ویست و بەرژەوەندی گروپ، یا بەشێک لەو پێکهاتەیەکە، کە دەیەوێت عێراقی ئایندە لەسەر تێگەیشتن و بەرژەوەندی ئێستای خۆی رەنگرێژ بکات.
بۆ خەڵکی کوردستان ئەمە مەترسی تاکڕەوی و پشتگوێ خستنی بەرژەوەندیەکانی پێکهاتەکانی تری عێراق و پەراوێزخستن و گوێنەدانە بە بون و قورساییان.
عێراقی دوای سەدام حوسێن و دەسەڵاتی بەعس، لە چوارچێوەی دەستور و بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان لە جومگەکانی دەسەلاتی فیدرالدا، پێویست بو سیاسەتە گشتیەکانی رەنگدانەوەی بەرژەوەندی بالای هاوڵاتیان و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان و هاوڵاتیبوون، نەک سەپاندنی زۆرەملێیانەی هەندێک یاساو بڕیار.
هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و هێزە سیاسیەکانیەوە، لەبەردەم پێشهاتێکی نوێدان و دەبێ وریایانە مامەڵەی لەگەل بکەن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
بە تێڕوانینی ئێمە، ئەرکی سەرەکی هەرێم لە ئێستادا، لە سێ هەنگاوی گەورەو گرنگ دا خۆی ئەبینێتەوە:
یەکەم: گەیاندنی ناڕەزایەتیەکانی هەرێم بەبەغدا و داواکردنی گەڕانەوە بۆ شەراکەتی راستەقینەی دور لە تاکڕەوی و خۆسەپاندن. وە مامەڵەکردنێکی دەستوریانەو لە چوارچێوەی گیانی پێکەوە ژیان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکاندا. لەهەمان کاتدا چڕکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان و هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی نەخشە رێگایەکی تۆکمە بۆ بەڕیوەبردنی عێراق لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئەم وڵاتەیان لەسەر بنیاتنرایەوە.
دوەم: دور راگرتنی هەرێم لەهەر بارگرژی و توندوتیژیەک و، هەوڵی هاوسەنگی و بینینی رۆڵی ئیجابیانە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی هێنان بەم قۆناغی بارگرژیە وێرانکاریەی ئێستا. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە شەرعیەکانیدا کار لەسەر گەڵاڵەکردنی هەڵوێستی یەکگرتوی هەرێم لەو پرسانەدا بکاتەوە. رۆڵی پەرلەمانی کوردستان پێویستە سەرەکی و یەکلاکەرەوەبێت لەو پرۆسەیەدا.
سێیەم: بەرەی یەکگرتوی ناوخۆ تەنها بە قوڵکردنەوەی گیانی هاوڵاتیبون و رەخساندنی دەرفەتی بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان و نوێنەرە سیاسیەکانیان  لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەبێت. بۆیە ئێستا پێویستمان بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرایە بۆ پاکێجەکانی چاکسازی راستەقینەو ئیرادەیە بۆ سەرجەم پرس و سێکتەرەکان. لەئەمڕۆدا، لە پێناو بەهێزکردنی توانای ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم، بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و دامەزراندن و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان، پێویستمان بە کۆتایی هێنانی دەستی ئەو باند و تاقمانەیە کە داهاتی ئەم میلەت و نیشتمانە دەدزن و بۆ بەرژەوەندی خۆیانی بەکاردێنن. یەکخستنەوەی سەرچاوەکانی داهات و رونی لە خەرجکردنیان و گرنگی دان بە نەوەی نوێی کۆمەڵگا و گەنجەکان و باشترکردنی ژێرخانی وڵات، تەنها رێگایە بۆ ئەوەی یەکگرتوانەو بەهەستێکی بەرپرسیارێتی هاوبەشەوە بنواڕینە ئایندەو ئاڵنگاریەکانی.
۱۱_۱_۲٠۲٠

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن