18وتار

نامەیەک بۆ جەنابی عالی، ئیبراهیم پاشای بابان لە مێژوویەکی پڕشکۆوە بۆ ئێستایەکی پڕپرسیار

11/15/2026 1:25:00 PM
لوقمان مستەفا صاڵح

بسم الله الرحمن الرحيم

بە پێشکەشکردنی ڕێز و تەوقیرێکی بێ پایان بۆ جەنابی عالی، پاشای مەجد و شکۆمەند، ئیبراهیم پاشای بابان.
دوای تەقدیمی دوعا و سەلام…
جەنابی عالی

ئەگەر ئەمڕۆ بە گەڕەک و کۆڵانەکانی ئەو شارەدا بگەڕێیت کە جەنابت بنیادت ناوە، زۆر شت دەبینیت کە لە سەردەمی ئێوەدا.
نەبوون: باڵەخانەی بەرز، ڕێگاوبان، بازاڕ و دامەزراوە. هەموویان نیشانەی گەشەی شارەکەن. بەڵام لە پشت ئەم گەشەیەوە پرسیارێکی گەورە هەیە: ئایا شارەکە تەنها لە ڕووی بیناسازییەوە گەشەی کردووە، یان لە ڕووی ڕۆشنبیری و ویژدان و هۆشیاریی نەتەوەییشەوە؟

جەنابی عالی
لە سەردەمی بابانەکاندا خانەقا و تەکیە و مەدرەسە و مزگەوتەکان تەنها شوێنی عیبادەت نەبوون، بەڵکو بەشێکی گرنگی ژیانی فکری و کۆمەڵایەتیی شار بوون. 

خانەقا مەنزڵگای ڕۆح و تەزکیە و مەعریفە بوو. مەدرەسەکان ناوەندی خوێندن و زانست و گفتوگۆی فکری بوون. مزگەوتەکانیش لەگەڵ ئەرکی ئایینییاندا ڕۆڵیان لە پەروەردە و ڕێنماییکردنی کۆمەڵگادا هەبوو.

تەریقەتی قادری، لە سەردەمی بابان و دواتردا، بە ڕەگی مێژوویی خۆی لە ناوچەکەدا و بە ڕۆڵی کەسایەتییەکی وەک شێخ مەعرووفی بەرزنجی، شوێنێکی گرنگی لە ژیانی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی خەڵکدا هەبوو. دواتر تەریقەتی نەقشبەندیی خالیدی، لە سەردەمی بابان و دواتردا، بە ڕێنمایی مەولانا خالیدی شارەزووری، کاریگەرییەکی فراوانی لە ژیانی ئایینی و فکریی کوردستاندا دروست کرد.

گرنگیی ئەو تەریقەتانە تەنها لە زۆریی پەیڕەوانیاندا نەبوو، بەڵکو لەو ژینگەیەدا بوو کە زانست و ئەدەب و ڕاهێنانی ڕۆحی و پەروەردەی مرۆڤی تێدا پەرەیان دەسەند.  ئەو شوێنانە بەشێک بوون لە یادەوەریی فکری و ڕۆشنبیریی ئەم شارە.

ئێستا، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو سەد و چل ساڵ، پرسیارم لە جەنابت ئەوەیە: ئەو شارەی ڕۆژێک خانەقا و مەدرەسەکانی مەنزڵگای زانا و ئەدیب بوون، ئەمڕۆ چەندە لەو ڕۆحی زانست و مەعریفەیەی ڕابردوو پاراستووە؟

لە هەرێمێکدا کە دوو هێزی سیاسی، پارتی و یەکێتی، ساڵانێکی زۆرە بەشێکی سەرەکیی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و ئیدارییان لە دەستدایە، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە چەند بینا و پرۆژەیان دروست کردووە. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە چ جۆرە کۆمەڵگایەکیان پەروەردە کردووە، و چەند توانیویانە هۆشیاری و هاوڵاتیبوون و ویژدانی نیشتمانی بەهێز بکەن.

بەداخەوە، ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم دوو حیزبەدا بە ئاشکرا دەبینرێت ئەوەیە کە ململانێی سیاسی زۆرجار لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی دەرچووە و ڕەنگی کەسی و حیزبی و خێڵەکیی وەرگرتووە. لە جیاتی ئەوەی هاوڵاتی ببێتە خاوەنی دەسەڵات و چاودێریی کاربەدەستان بکات، لە زۆر شوێندا داوا لە هاوڵاتی کراوە ببێتە پارێزەری حیزب و دەسەڵات. لە جیاتی چاندنی ڕۆحی هاوڕێیەتی و یەکڕیزی، تۆوی دابەشبوون و وابەستەیی چێنراوە.

ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان دەسەڵاتێک کە مرۆڤ پەروەردە دەکات و دەسەڵاتێک کە مرۆڤ بە خۆیەوە وابەستە دەکات. یەکەمیان دامەزراوە و هۆشیاری بەجێدەهێڵێت، دووەمیان ترس و دابەشبوون و پێویستی بە بەردەوامیی خۆی دروست دەکات.
جەنابی عالی

 نە قادرییە و نە نەقشبەندییەت بەراوردی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حیزب و سیاسەتدا نییە. بەڵام ئەوەی مێژووی ئەو دوو تەریقەتە بۆ ئێمە گرنگ دەکات ئەوەیە کە لە ژینگەیەکی مێژوویی دیاریکراودا ناوەند و پەیوەندییەکانیان لە خزمەتی پەروەردە و مەعریفە و ڕۆحی کۆمەڵگادا بوون. ئەمەش پێوەرێکە بۆ هەر دەسەڵاتێک: دەسەڵات چەندە مرۆڤی بەهۆش، خاوەن ویژدان و سەربەخۆی بیرکردنەوە پەروەردە دەکات؟

ئەمڕۆ کێشەی کوردستان تەنها دابەشکردنی دەسەڵات و پۆست و سامان نییە. کێشەیەکی بنەڕەتییە و لە نەبوونی پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت، پرۆژەیەک کە بەرژەوەندیی گشتی لە سەروی بەرژەوەندیی حیزبی و کەسییەوە دابنێت. ئەوەی خەڵک پێویستیان پێیەتی حیزبێکی بەهێزتر نییە بەسەر حیزبێکی تردا، بەڵکو دامەزراوەیەکی بەهێزترە لە هەموو حیزبەکان: دادپەروەرییەکی سەربەخۆتر، پەروەردەیەکی باشتر و دەسەڵاتێک کە لە بەرامبەر هاوڵاتیدا بەرپرسیار بێت.

جەنابی عالی

شارەکە ماوەتەوە و ناوی ئیبراهیم پاشای پێوەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوانەی دوای جەنابتان هاتن، بە قەدەر ئەو ناوە مێژووییە خزمەتی ئەم شارە و خەڵکەکەیان کردووە؟
ئێوە سلێمانیتان بۆ پایتەختی کوردان بنیادنا، هەستت چۆنە کە ئێستا پەراوێز و نائومێدە و ڕێگای خۆی نادۆزێتەوە؟
من نازانم ئەگەر ئەمڕۆ لە سەردەمی خۆتەوە سەیری ئەم شارە بکەیت، بە چی دڵخۆش دەبیت و لە چی خەمبار. بەڵام دڵنیام هیچ شارێک بە ناوی مێژوویی و شانازیی ڕابردووییەوە ناپارێزرێت، ئەگەر نەوەکانی ئەمڕۆ نەزانن چۆن ئەو میراتە بپارێزن و بۆ داهاتوو شتێکی شایستەی لەسەر بنیاد بنێن.
جەنابتان ئەو شارەتان بنیاد نا، بەڵام ئایا ئێمە توانیومانە نەتەوەیەک بنیاد بنێین کە بزانێت کێیە، چی دەوێت و بۆ کوێ دەڕوات؟
چونکە راستە شار بە بەرد و ئاسن بنیاد دەنرێت، بەڵام نەتەوە بە ویژدان و هۆشیاری و هەڵوێست دەمێنێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن