85وتار

ئەم مەتبەخە شێواوە پێویستی بە شێفێکی کارامەیە

11/15/2026 12:35:00 PM
فارس نەورۆڵی

کاتێک خانوویەک، میوانخانەیەک، یان هەر شوێنێکی حەوانەوە دروست دەکرێت، پێش هەموو شتێک بیر لە دروستکردنی مەتبەخێکی  جوان دەکرێتەوە بۆ ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوە بۆ خێزان و میوان. لە سەردەمی نوێدا، مەتبەخ هاتە  ناو کایەی سیاسییەوە؛ بۆیە بەپێی چەمک و زاراوەکانی سەردەم لە زانستی سیاسی و گوتاری میدیاییدا، «مەتبەخی سیاسی» بوو بە دەستەواژەیەکی باو لە ناو کایەی سیاسی و دبلۆماسییدا.

لە سیاسەتدا، مەبەست لە مەتبەخی سیاسی ئەو کۆبوونەوە داخراو و هەندێک جار نافەرمییەیە کە تێیدا بڕیاری ستراتیژی وەردەگیرێت، سیناریۆکانی داهاتوو دادەڕێژرێن و ئامادە دەکرێن، پێش ئەوەی بەفەرمی بۆ ڕای گشتی و میدیا ئاشکرا بکرێن. وەک چۆن لە چێشتخانەیەکدا خواردن بە چەندین قۆناغ و بە تێکەڵکردنی چەندین کەرەستە و خۆراکی جیاواز ئامادە دەکرێت تا دەگاتە سەر مێزی خواردن، لە سیاسەتیشدا مەتبەخی سیاسی بەو شوێنە دەوترێت کە بڕیارەکان بە دروستی گەڵاڵە دەکرێن و هەموو ئامادەبووانی سەر مێزەکە پشکی خۆیان تێیدا دەبێت.

کەواتە، مەتبەخی سیاسی واتە ئەو شوێنەی کە لە پشت پەردەی سیاسەتەوە ڕووداوەکان تێیدا تاوتوێ دەکرێن و دروست دەکرێن پێش ڕووماڵکردن و خستنەڕوویان، بەتایبەت لە دۆخی قەیران و ئاڵۆزیدا. مەتبەخی سیاسی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ چارەسەر و دەربازبوون لە قەیرانەکان، چونکە لەم مەتبەخەدا بەرژەوەندییەکان تێکەڵ و هاوسەنگ دەکرێن. لەم مەتبەخەدا سازشە سیاسییەکان، دابەشکردنی پۆستەکان، و ڕێککەوتنە وردەکان لەنێوان هێزە جیاوازەکاندا بڕیاردروست دەکرێت و بەرهەمێکی نوێ دەخەنە سەر مێز.
سەبارەت بە کێشەکانی ناو هێزە سیاسییەکان، لەهەرێمی کوردستان .مەتبەخەکە شێواو، پەرش، و بڵاوە؛ بۆیە پێویستمان بە شێفێکی کارامەهەیە  بۆ دروستکردنی خواردنێکی نوێ بۆ سەر مێزی سیاسەت ، بە مەرجێک لایەنەکانی ناوکێشەکە کەرەستەکان بە بێ کێشە بۆ شێفە کە ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی خۆراکێکی سیاسی تەندروست دروست بکات بۆسەر مێزەکە کەهەمولایەک لەسەری ڕەزامەندبن ..


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن