853 کوردستان

هەڵوێستی گۆڕان لەبارەی چاکسازی

04:26 - 23/01/2020

 "زەمەن"
لە فەرهەنگی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پەیڕەوکردنی چاکسازییەکی گشتگیر لەهەرێمی کوردستان، ئەولەویەتی سیاسیی و ئامانجی ژمارە یەکی خەباتی سیاسیی بوە، وەپێشمان وایە چاکسازی، پێویستیەکی لەپێشینەی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە.  

لەو چوارچێوەیەدا، بە درێژایی خەباتی سیاسیی گۆڕان لە پەرلەمان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی و لە کاتی بەشداریکردن لە حکومەتدا، لەسەر شەقام و لەناو خەڵک، لەرێی فشاری میدیایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەوڵی رژد دراوە بۆ دەستپێکردن و پەلەکردن لە پەیڕەوکردنی چاکسازی راستەقینە لە روی سیاسیی و ئیداری و ئابوری و قانونی.  

لای هەموان ئاشکرایە، بزوتنەوەی گۆڕان خەباتی مەدەنی هەڵبژاردوە بۆئەوەی رێبازێکی نوێ لەناو ژیانی سیاسیی کورد دا بێنێتە کایەوە، خەباتی کردوە بۆ هەبونی ئیدارەیەکی نمونەیی کە هاوڵاتیانی کوردستان هەست بکەن لە هەرێمەکەی خۆیان رێزلێگیراو و حساب بۆ کراون. خەباتی کردوە بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و بونی شەفافیەت و روونی لە کاروباری گشتیدا.

لەم قۆناغە سیاسیەشدا، بەرپرسیارێتی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان وادەخوازێت؛ مەترسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نائارامی دەوڵەتانی دراوسێ و ناسەقامگیری عێراق بخوێندرێتەوە و، پرسی چاکسازی بکرێتە پێشمەرجی کارەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و پارتە سیاسیەکانی هەرێم.

بەشداریکردنی گۆڕانیش لە کابینەی نۆیەمی حکومەت؛ لەسەر بنەمای رێککەوتن بوە بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی چاکسازی، بەتایبەت پابەندبونی حکومەتی هەرێم بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی حوکمڕانی باش، شەفافیەت و لێپرسینەوە و هاوبەشی راستەقینە، هاوکاتیش رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان و بە دامەزراوەیی و نیشتمانیکردنی دامودەزگاکانی هەرێم و رێگری لە قۆرخکاری و بەتاڵانبردنی داهاتی ولات.

لەم سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان چاکسازی بە پرۆسەیەکی بەردەوام دەزانێت کە پێویست دەکات هەنگاوەکان کرداری و قۆناغ بە قۆناغ تەواوکاری یەکتر بن. هەربۆیە، هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان دو بژاردەدا نیە، بەڵکو لەنێوان بژاردەکانی پەیڕەوکردنی چاکسازی راستەقینە و جێبەجێکردنی چاکسازی گشتگیردایەو جگە لەوەش هیچ رێگایەکی تر نیە بەتایبەت گەر بەرپرسانە بنواڕینە ئایندەی میلەت و نیشتمانەکەمان.

پەیوەست بە پڕۆژە یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە) بە سەرەتایەکی باشی پرۆسەی چاکسازی دەبینین، بەڵام نابێ پرۆسەی چاکسازی بەهیچ شێوەیەک تەنها لەوەدا کورتبکرێتەوە، بەڵکو پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ چاکسازی لە سەرجەم سێکتەر و بوارەکانی تریشدا لە سەرۆی هەمویانەوە خاڵە سنوریەکان و دۆسیەی نەوت و وەبەرهێنان.

هاوکات ئێمە بەرگری لە دەستەبەرکردنی عەدالەت لەنێوان موچەی پلە باڵاکان و فەرمانبەرانی ئاساییدا دەکەین. دەمانەوێ موچەی پلەکانی خوارەوە هەڵکشێ بۆ ئاستی دابینکردنی لایەنی کەمی پێویستیەکانی ژیانی خێزان لە هەرێمی کوردستاندا. هەرچۆن گرنگە بڕیاری دروست و دادپەروەرانە لەسەر موچەو خانەنشینی پلە بالاکان بدرێت، لەهەمانکاتیشدا و بەهەمان گرنگیەوە داوادەکەین کە ئاوڕی راستەقینەش لە موچەو خانەنشینی پلە نزمەکان بدرێتەوەو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت.

گوتاری هەفتانە
۱٦_۱_۲٠۲٠

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن