یادی راپەڕین هیوایەک بۆ ئایندە
03:51 - 05/03/2020
"زەمەن"
پێش بیست و نۆ ساڵ، لە سەرەتاکانی مانگی ئازار و لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە، نەوەیەکی ئازارچەشتو بەدەست زوڵم و چەوساندنەوەی بەعسەوە، نەوەیەک کە بەچاوی خۆی تەعریب و ماڵوێرانی و راگواستن و زیندان و لەسێدارەدان، روخاندنی هەزاران دێ و قەتڵ و عام کردنی سەدان هەزار هاونیشتمانی کورد و کیمیاباران و ئەنفال و دەیان تراجیدیای تری کەموێنەی تری بینی و تاقیکردەوە، لە دەرفەتێکی مێژویی و بە حیکمەتی ئەندازیاری راپەڕین نەوشیروان مستەفا و دەیان سەرکردەو لایەن و هەزاران قارەمانی بەهیممەت، توانرا لە ماوەیەکی کورتدا بۆ یەکەم جار لە مێژوی نزیکی کورددا، قەڵای داگیرکاری بڕوخێندرێت و ناوچەیەکی بەرین لە نیشتمان ئازاد بکرێت.
راستە خەونی ئازادی ماوە کورت بو، بە خێرایی رژێمی بەعس توانی ناوچەکە بگرێتەوەو کۆچی ملیۆنی دروست بکات، بەڵام ئەو داڕوخانە گەورەیەی لە ئاکامی راپەرینەوە دروست بو، وای کرد هێزی لەرزۆکی بەعس نەتوانێت لەچەند مانگێک زیاتر، ژیان لەو ناوچەیە بکات، چونکە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت تامی ئازادیان کردبو.
بۆ خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان، چەندە جێی شانازی و سەربەرزیە کە ساڵانە یادی ئەو راپەڕین و خرۆشانە جەماوەریەو یەکڕیزیە کەموێنەیەی پێشمەرگەو خەڵک و چەکدار و رێکخستنەکان و تێکۆشەرانی هەمو لایەنەکان بکرێتەوە، بەڕێز و ستایشەوە یاد لەو تێکۆشەر و شەهید و بریندار و کەسوکاری سەربەرزیان بکرێتەوە، ئاواش مایەی ئازارە، کە ساڵ دوای ساڵ بەحەسرەتەوە، هەم سەیری ساڵانی دوای راپەرین بکەین، کە ماڵوێرانی شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوشتن و وڵاتکاولکردن بو، هەمیش خراپترین سیستەمی حوکمڕانی لەم هەرێمدا چەسپێنرا.
چەندە مایەی خۆشحاڵی دەبو کە هەمو ساڵێک، لە یادی راپەڕیندا هەمو ئەو دەستکەوتانەمان بژماردایە کە لە ئاکامی ئەو راپەڕینە مەزنەدا هاتونەتە ئاراوە. چەندە جێی شانازی ئەبو ساڵانە لەو یادەدا، قسەمان لە هێزی پێشمەرگەی یەکگرتو، لە ئاسایشی یەکگرتو، لە دامەزراوەو دەوڵەتداری، لە نەبونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و پارەبەهەدەردان و ساختەکاری بکردایە، باسی ئەو خۆشگوزەرانیەمان بکردایە کە گەنجەکان، نەوەکانی دوای راپەڕین، لەسایەی نەوەی راپەڕینەوە دەستیان کەوت، هەر لە دەرفەتی کاری سەربەرزانەو ژیانێکی شایستەی مرۆڤەوە تا خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و دڵنیایی ژیانێکی ئاسودەو دور لە دڵەراوکێ.
ئێمە نامانەوێت هەمو ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی کراون و دراون نادیدە بگرین و دەستکەوتەکان سفر بکەینەوە. نەخێر، بەدڵنیایەوە هەنگاوی باش نراون و کاری راستەقینەش کراوە، رەخنەی ئێمە لەوەدایە کە دەتوانراو دەتوانرێت هەنگاوی ئازایانەو کرداریانەی گەورەتر و خێراتر بۆ خزمەتی خەڵک بنرێت.
ئێستاش، لەم یادەدا، دەبێ گورجوگۆڵتر، کارامەتر، بەئیرادەیەکی بەهێزەوە، هەنگاو بۆ ئایندە بنێین. دەبێ بە روحی راپەرینەوە، خەون و هیواکانی راپەرین بەجێبگەیەنین کە لەتواناماندا هەیە بیکەین و کەرەستەی ئەو بیناسازیەمان لەبەردەستایە.
پێش ڕاپەڕین، بەعس مۆتەکەی سەر دڵ و دەرونی نیشتیمان بو، ئێستا، دوای (29) ساڵ لە راپەڕین، گەندەڵی، بەهەمان شێوە لاشەی نیشتمانی وێران کردوە. بۆیە پیویستە بەهەمان ورەو روحیەتەوە بەرەنگاری ئەم دێوەزمەیەش ببینەوە.
هاوکات یادی ڕاپەڕین تەنھا لە یادکردنەوە و باسکردنی سەروەریەکان خۆینەبینێتەوە، بەڵکو پێویستە پلانێکی گشتگیر ھەبێت بۆ ئایندە، بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە تر و باشتر بۆ ھاوڵاتیان دەستەبەربکرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
5ی ئازاری 2020