1132 کوردستان

سەرنجێکی خێرا سەبارەت بە رێکەوتنی عێراق و ئەمەریکا

02:02 - 10/06/2020

 لاوک سەلاح

ئەمەی لای خوارەوە هەندێ پیشنیاری بچووکن بەر لە نوێکردنەوەی رێکەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا.  بەر لە هەر کۆبوونەوەیەک گرنگە شارەزای رەوت و ئاراستە و سیاسەتی دەرەوە ئەمەریکا و شێوازی بیرکردنەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا بین. زۆر بە کورتی سیاسەتی ئەمریکا بە گشتی لە دونیادا کەمکردنەوە و پاشەکشێ و گۆرینی ئەولەویەتە، ئەوەی کە ئێستا زۆر باوە لە ئەمریکا و پێی دەوترێت سیاسەتی Retrenchment.
ترەمپ دەیەوێت تەرکیز بکاتە سەر کاروباری ئابووری پتر لە ئامادەیی سەربازی؛ هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە تا ئەوروپا و ئاسیا. لە ئێستا ئەولەویەتی ئەو چیینە، گرنگە رۆشنای بخرێتە سەر ئەو راستییەی کە هێشتا ئامادەیی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێویستە. گرنگە بۆ مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیری، ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەتوو بێت، کار لەسەر سیاسەتی کەمکردنەوەی تێچوون و پاشەکشێی سەبازی دەدات. تێروانینی ئیداری ترەمپ بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە کێشە سەرەکییە ناوخۆیەکانی ئەمریکاوە رێچکە دەبەستێت، تەنانەت رەنگە لە ئەندامێتی "ناتۆ" ش پاشەکشە بکات، هەر بۆیە رەنگە کار لەسەر ئەوە بکات ئیلتیزاماتە یاسایی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێم کەم بکاتەوە، ئەمەش هاوتەریب نییە بە نیگەرانییە ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا، ئەم سیاسەتی پاشەکشێ و و برینی تێجوونی دارایی سیاسەتێکی دروست نییە لە بەرئەوەی کار دەکاتە سەر هەموو ئەو هاوپەیمانیەتیانەی ئەمەریکا لە کاتی رابردوودا بینایکردووە، تەنانەت کار لە مەلەفی ئەتۆم دەکات لە ناوچەکەدا. راستە ئەولەویەتی ئەمەریکا مەلەفی ئابووریە بەڵام ئەم مەلەفە لای ئێمە لە مەلەفی ئەمنی جیا ناکرێتەوە، رەنگە ئەمەریکا وا هەست بکات کە رووبەرووی قورساییەکی زۆر بۆتەوە و ئیتر کاتێتی کە دەبێت پێداچووەنەوە بەو تێچوونە دارایانەدا بکاتەوە.

رەنگە ترەمپ هەوڵ بدات ئیلتیزاماتە یاسایی و ئەمنییەکان کەم بکاتەوە، بێگومان ئەمە برێارێکی دروست نابێت ئەگەر ئەوە بکات. باشترین بەڵگە رێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و تاڵەبانە کە پاشەکشێی ئەمەریکا دەردەخات، رەنگە بۆ عێراق سیاسیەتیکی دیکەیان هەبێت بەڵام لەم چوارچێوەیە دەرناچێت. عێراق هێشتا لەو قۆناغەدا نییە لە لایەن عێراقییەکانەوە بەرێوە ببرێت و باری ئەمنی هێشتا سەقامگیر نییە. نابێت هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی جیهان لە عێراق بکشێنەوە. دەکرێت پەیوەندییەکان لەسەر بەرژوەندەی دوو وڵات رێکخرێن لەسەر بنەمای بەرژوەندی یەکسان. ئەم سیاسەتی پاشەکشێیە دەبێتە مایەی پەرەسەندنی تەوژمە ناسیونالیستە توندرەوەکان بەتایبەتی لە ئەوروپا و بێگومان  کاریگەری خراپی دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئامادەیی سەربازی دەبێت بمێنێتەوە لەبەر هۆکارێکی دیکەش، سادەترین بەڵگە ئەوەیە کە داعش خۆیان کۆدەکەنەوە و سەرهەڵدەدەنەوە. سەرۆکی پیشووی ئەمەریکا، ئۆباما هەڵەیەکی ستراتیژی کرد کە پاشەکشێی بە هێزەکانی لە عێڕاق و سوریا کرد، هیوادارین ترەمپ ئەم هەڵەیە دوبارە نەکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن