سوڵتان لە کوردستان
08:24 - 04/12/2024
ستران عەبدوالا - کولتوری زەمەن
كتێبی (سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبی پرسی کوردبوون)خەڵاتێکی شایانە بۆ کتێبخانەی کوردی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا.
هاوڕێم مەجید ساڵح دوو ساڵە خەریکی پرسی کوردبوونی سەلاحەددینی ئەیوبییە و ئاخرێکەی بەم کتێبە دەوڵەمەندەوە لێی هاتە دەرەوە. پێش خوێنەران و جەمال عیرفان بە دزی و خۆشییەوە دانەیەکی کتێبەکەم خوێندەوە و لە پێشانگاکەی کتێبیش لە سلێمانی نوسخەی خۆم بە نووسەر ئیمزا کرد.
لەم ناوەرۆکی ئەم کتێبە باس هەر باسی کوردبوونی ئەیوبی نییە بە مانای تێترنجانی ناسیۆنالستی هاوچەرخ وەک ئەوەی بیەوێ سەلاحەددین لە ئیسلام وەربگرێتەوە و بیکاتە کورد، یان لە روانگەی سەددەی بیست و یەک دادگای پاڵەوانێکی هەزارساڵ پێش ئێستا بکات. د.مەجید ساڵح لە هەموو رەهەندەکانییەوە داستانی سەلاحەددین دەگێڕێتەوە، پاڵەوانێک لە کاتی نەبەردی حەتین و سیاسەتمەدارێکی رۆژهەڵاتی گەورە لەکاتی هۆنینەوەی کەینوبەینی ناو کۆشک و سەراکان، موسڵمانێکی پابەند کە پابەندێتی دینی رێی خواستە دونیاییەکانی سەڵتەنەت و فراوانخوازی سیاسی و پراگماتی لێ نەگرتووە.
ئەیوبییەکەی کورد وایە کە ئاشتی و هاوپەیمانێتی دەکا و ململانێی کەمەرشکێنیش دەبا بەڕێوە، لە شەڕدا سنووری قەڵەمڕەوی فراوان دەکا و مەرجەکانی سوارچاکی رێگا لە دوا قەترەی چێژوەرگرتنی بردنەوەی ناگرێت. کتێبی لێرە باس دەکرێت مێژووی شەڕی دینەکان ونەتەوەکان و
دوو سەنگەری مۆڕاڵی ئایدیۆلۆژی نییە کە رەخنە و هەڵسەنگاندنی تیا نەبێ و تیری تێگیراوە هەر ڕووی لە دوژمنێک بێت دەیان سەرچاوە و دیدگای دژ بەیەکی دۆست و دژواری سوڵتان سەلاحەدین قەرەباڵغییەکی هاوسەنگ و رەوایان دروست کردووە.لە کوردبوونەوە بۆ شەڕی خاچپەرستی، لە هاوسەنگەری لەگەڵ تورک و عەرەبەوە بۆ سەنگەربەندی وەختی شێنەیی لەگەڵیان. لە لێواری کوردستان، بۆ قودس و شامی شەریف و قاهیرەی خەلافەتی فاتمی و ئینجا عەباسی تا چیەتی ناسنامەی کوردایەتی لە سەدەی بیست و ململانێ و شانازی خاوەندارێتی کورد و دەرودراوسێ لەسەر ئەم کەڵە پیاوەی مێژووی کورد و رۆژهەڵات.
ئەمە گشتی لەم کتێبەدا هاتووە و باسکراوە، چی وتراوە و چی ڕەتکراوەتەوە هیچی بەخەسار نەچووە.
دوای باسی سوڵتان سەلاحەددین با قسەیەکیش لەسەر دکتۆر مەجید ساڵحی برادەرم بکەم کە لە سیاسەتا ( هەر خۆی بەخۆی بێت) ئەما لەبەرهەمی نوسین و رەنجی فەرهادی ئەندێشەدا خوای گەورە دەست بە باڵایەوە بگرێت و تەمەنی درێژ بکات. دەتوانم بێ زێدەرۆیی بڵێم ماوەیەکە ستایلێکی تازەی سکێچ نووسین و پۆترێتی فرە رەهەندی هۆنینەوە پەرەپێدەدا کە هەقە لەسەری بەردەوام بێت .لە کتێبەکانی شێخ نوری شێخ ساڵح بۆ مستەفا پاشای یاموڵکی و رەفیق حلمی و نەوشیروان مستەفا تا ئەم کتێبی سەلاحەددینە، ئەم رێ و رێبازەی نووسینی بەروونی دەبینرێت. پێم وایە ئەوی سوڵتان سەلاحەدینی چڕترین و باشترینیانە. ئەهێنێ نووسین و هەڵسەنگاندنی فرە باشی بۆ بکرێت.
پیرۆزە لە هەمووان، لە کتێبخانەی کوردی و لە نووسەرە زەحمەتکێشەکەشی کاک مەجید
ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ی لەسەرە و پێم وایە چەند چاپی تری دەکرێت