سزای ئەو چوارکەسەی منداڵەکەیان فرۆشت دەرچوو
02:02 - 22/11/2026
زەمەن_هەواڵ
دادگای تاوانەکانی کەرخ ئاشکرایکرد، سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر چوار تاوانباردا سەپێنراوه بەهۆی تۆمهتباركردنیان به فرۆشتنی منداڵێکی تازەلەدایکبو لە بەغدا.
ئەمڕۆ یەکسەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دادگای تاوانەکانی کەرخ له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر چوار تاوانباردا سەپاند بە تۆمەتی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، دوای ئەوەی دایک و باوکی منداڵێکی تازەلەدایکبو، بە هاوبەشی لەگەڵ دو تۆمەتباری دیکە، هەستاون بە فرۆشتنی منداڵەکەیان لە بەرامبەر بڕێک پارەدا.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكهی دادگا، بڕیارەکە بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (6) بڕگەی یەکەم و پێنجەم لە یاسای بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەرچوە، و بە پێی ماددەکانی هاوبەشیکردن 47، 48 و 49 لە یاسای سزادان و بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی 132/2 لە هەمان یاسا.
لە ساڵی 2026دا، دیاردەی فرۆشتنی منداڵی تازە لەدایکبو و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق بەردەوام بوە و هێزە ئەمنییەکان و دادگاکانی عێراق چەندین هەوڵی لەو شێوەیەیان پوچەڵ کردوەتەوە و سزای توندیان بەسەر تۆمەتباراندا سەپاندوە.
لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئهمساڵدا، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای شهش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پێنج ژندا سەپاند (کە یەکێکیان دایکی منداڵەکە بو) بە تۆمەتی فرۆشتنی منداڵێکی تازە لەدایکبو بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردودا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق توانی دو تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە پارێزگاکانی بەغدا و زیقار هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگری لە فرۆشتنی دو منداڵی تازە لەدایکبو (تەمەن یەک ڕۆژ) بکات کە هەندێک لە تۆمەتبارەکان مامان بون.
بەپێی یاسای ژمارە (28)ی ساڵی 2012ی عێراق، فرۆشتنی منداڵ بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دادەنرێت و سزای زیندانیکردنی قورس و پێبژاردنی دارایی دەگرێتەوە.