22وتار

فاتیمە ... ئاخ فاتیمە!

11/22/2026 12:12:00 PM
فواد سدیق

لە دووەمین ساڵیادی کۆچی تا هەتایی  فاتیمەی دایکم لە ٢١ی ١١ی ٢٠٢4 

 ئەو رۆژەی فاتیمەی دایکم بۆ یەکجاری چاوەکانی لێکنا، جیهان لە چاوترووکانێکدا قورسایی خۆی لەدەست دا و، ئەو بناغەیەی هەموو شتێکی لەسەر وەستابوو بە بێدەنگییەکی سامناک داڕووخا. دەتگوت مرۆڤێکم لە بەردەم گەلەگورگێکدا و، دەستەکانیشم لێ سەندراونەتەوە. گەرووم نووسابوو، هاوارەکەم لە ناخمدا دەخنکا و، زمان لە بەرانبەر ئەو بۆشاییەدا دەستەوەستان مابوو. لەو ساتەدا تێگەیشتم کە مەرگی دایک رووداوێک نییە لە ناو جیهاندا بقەومێت، بەڵکو هەرەسی خودی ئەو جیهانەیە کە مانای بە هەموو شتێک دەبەخشی. هایدیگەر مرۆڤ وەک بوونێک بەرەو مەرگ پێناسە دەکات، بەڵام ئەو رۆژە زانیم یەکەمین مەرگی مرۆڤ مەرگی خۆی نییە، بەڵكو مەرگی ئەو کەسەیە کە دەرگای بوونی بۆ کردۆتەوە.

دایە گیان! کاتێک لە جەستە ماندوو و ساردەکەت رادەمام، فاتیمەی زەهرام دەهاتەوە یاد. ئەویش بە غەریبییەکی قووڵەوە ژیا و، بە شەو و بە نهێنی نێژرا و، خەمەکانی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر خاک. عەلی شەریعەتی کە بە دوای جەوهەری فاتیمەدا دەگەڕا، دوای هەموو گەڕانێک گەیشتە ئەو یەقینەی بڵێت (فاتیمە هەر فاتیمەیە)، واتە ئەو وێنەیەکی وەرگیراو نییە، بەڵکو خودی سەرچاوەی وێنەیە. منیش ئەمڕۆ دەڵێم فاتیمەی دایکم هەر فاتیمە بوو. ئێوە دوو مرۆڤ نەبوون تەنیا ناوێکتان هاوبەش بێت، بەڵکو چارەنووسێکی هاوبەشتان هەبوو ئەویش پاراستنی شکۆی دادپەروەری لە سەردەمێکدا کە هەمووان بێدەنگ بوون.

شەریعەتی فاتیمەی لە سێ رەهەندی بووندا دەناساند: کچێک کە بوو بە دایکی باوکی خۆی، هاوسەرێک کە لە هەژاریدا هاوبەشی خەبات بوو و، دایکێک کە نەوەیەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم پێگەیاند. دایە گیان، تۆش بە هەموو جەوهەرتەوە لەو سێ رەهەندەدا ژیایت، لە ماڵی باوکتدا پشتیوان بوویت، لە ماڵی هاوسەریدا کۆڵەکە و، لە ناو منداڵەکانتدا قوتابخانەی مرۆڤبوون بوویت. ئەو خۆراکە رۆحییەی رۆژانە پێت دەبەخشین، لە نانەکەت ژیانبەخشتر بوو، چونکە نائومێدیت لە دڵماندا رادەماڵی و، جێگاکەی بە ورە و هیوا و شکۆی مەردایەتی پڕ دەکردەوە. لە ناو ئەو هەموو ستەم و بێدادییەدا، دادپەروەریت فێر دەکردین، نەک بە وتار، بەڵکو بە کردەی زیندووی ژیان. تۆ میراتگری ئەو رەسەنایەتییە ساختەیە نەبوویت کە شانازی بە خوێن و سامانەوە دەکات. تۆ میراتگری ئەو بەها مرۆییە هەزاران ساڵانە بوویت کە لە کۆشی دایک و باوک و خزمدا لەدایک دەبوون و، نەوە دوای نەوە دەپارێزران. کانت دەیگوت دوو شت سەرسامم دەکەن: ئاسمانی پڕ ئەستێرە لە سەرەوە و، یاسای ئەخلاقی لە ناخدا. تۆ ئەو یاسایەت لە هیچ کتێبێکەوە وەرنەگرتبوو، لە ویژدانی خۆتدا دۆزیبووتەوە و، چرکە بە چرکە پاسەوانیت لێ دەکرد. هەتا تۆ لە ژیاندا بوویت، ماڵەکەمان بۆنی ئەشق و تەبایی و وەفا و جوامێری لێدەهات. باشلار دەڵێت ماڵ یەکەمین گەردوونی مرۆڤە، بەڵام ماڵ بە دیوار و بنمیچ نابێتە گەردوون، بە دایک دەبێتە گەردوون. دوای ئەوەی حەجت کرد و سپیت پۆشی، دەتگوت فریشتەی تیشکە لە ناو ماڵەکەماندا ئارامی گرتووە و، جوانیی ژیانمانی رووناک دەکردەوە.

تۆ یەک پیتت لە هیچ قوتابخانەیەکدا نەخوێندبوو، کەچی مامۆستایەکی بەتوانا و بەهرەمەند بوویت. سوقرات شانازیی بەوە دەکرد کە هونەری مامانیی لە دایکییەوە بۆ ماوەتەوە، نەک بۆ هێنانەدنیای جەستە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی رۆح تا ئەو حەقیقەتەی لە ناخیدایە لەدایک ببێت. تۆ هەردوو مامانییەکەت بۆ ئێمە کرد، جارێک لە تاریکیی رەحمدا جەستەمانت هێنایە دنیاوە و، هەزار جاریش لە رۆشنایی پەروەردەتدا رۆحی ئێمەت لە نەفامییەوە بۆ هۆشیاری دەگوازتەوە. ئەگەر تۆ نەبوویتایە، منیش ئێستا نەخوێندەوارێک دەبووم و، لە ماناکانی ژیان هیچ تێنەدەگەیشتم. تۆ ئەقڵ و زمان و وشیاریت پێ بەخشیم و، دەتزانی پەروەردە بە قەد نان پێویستە، بۆیە تا ئەمڕۆش رقمان لە درۆ و دزی و بێوەفاییە. ئەوەی تۆ بە ئێمەت بەخشی هیچ زانکۆیەک ناتوانێت بیبەخشێتەوە، چونکە زانکۆ مەعریفەت دەداتێ، بەڵام دایک توانای مەعریفە دەبەخشێت.

مەکسیم گۆرکی لە رۆمانی (دایک)دا پێلاگیا نیلوڤنای وێنا کرد، ژنێکی ترسنۆک کە لە ناو ستەمدا گەورە ببوو، کەچی کە کوڕەکەی رێگای راستی گرتەبەر، ترس لە ناخیدا مرد و، ئازایەتییەکی بێوێنە جێگەی گرتەوە. تۆ پێویستت بەو گۆڕانە نەبوو، چونکە خۆڕاگری سەرەتای رێگات بوو. رۆژێک لە بەردەم کوڕەکانتدا فرمێسکت نەڕشت، هەمیشە فرمێسکەکانت دەکردە هێز و متمانە و، ئازارەکانت دەگۆڕی بۆ قەڵغانێک تا رۆڵەکانت دانەمێنن و نەڕووخێن. نیچە دەڵێت ئەوەی نامکوژێت بەهێزترم دەکات، بەڵام تۆ بەڵگەی راستییەکی قووڵتر بوویت، ئازار لە رۆحێکی مەزندا تەنیا خاوەنەکەی بەهێز ناکات، دەبێتە سەرچاوەی هێز بۆ ئەوانی دیکەش. تاڵییەکانی ژیان تۆیان بونیاد نا و، تۆش وەک دیوارێکی میهرەبانی لە نێوان ئێمە و ئەو تاڵاوەدا وەستایت تا تامی نەکەین.

ئیمانوێل لێڤیناس دەڵێت رووخساری ئەوی دیکە، بەر لە هەموو فەلسەفەیەک فەرمانێکی ئەخلاقیمان پێدەدات و بەرپرسیارێتییەکی بێسنوورمان دەخاتە ئەستۆ. ئەم فەلسەفەیە لە ناخی تۆدا چەندە زیندوو بوو، لە کاتێکدا نەتدەزانی فەلسەفە مانای چییە! هەر کاتێک یەکێکمان نەخۆش بکەوتایە یان دڵی بشکایە، لە باوەشت دەگرتین و برینی رۆحمانت ساڕێژ دەکرد، چونکە دەتزانی مەزنیی مرۆڤ لەو ئەشقە بێمەرجەدایە کە بە لاوازەکان دەبەخشرێت و پێویستی بە شایستەبوون نییە. قوربانیت دەدا و، قەت چاوەڕێی بچووکترین پاداشتت نەکرد، دەتگوت تەنیا بۆ بەخشین خولقاویت. لە ناو ئەو هەموو ئازارە جەستەییە و بێوەفاییەی کۆمەڵگادا، جارێکیش نەشکایت و، بێئومێدی رێگای بۆ ناخت نەدۆزییەوە.

بەو پیرییەی تەمەنمەوە، کە خۆم دەخستە باوەشت، دەبوومەوە بە منداڵێکی چوار پێنج ساڵان. ئێمە هەرچەند گەورە دەبووین، لای تۆ هەر منداڵە ساواکەی دوێنێ بووین و، لە بەرانبەر شکۆی تۆدا هەستمان بە بچووکیی خۆمان دەکرد. کە دەگەیشتمەوە بەردەرگای ماڵ و دەمبینی بە تاسەوە چاوەڕێی گەڕانەوەم دەکەیت، ماندووبوونی رۆژگار دەبوو بە هەڵم. دەگوترێت مرۆڤ هەتا دایکی لە ژیاندا بێت هەر منداڵە، ئەمە راستییەکی بوونناسییە نەک دەربڕینێکی سۆزداری، چونکە بوونی دایک ئەو سنوورە پیرۆزەیە کە مرۆڤ لە تەنیایی رەها دەپارێزێت. کە دایک دەڕوات، مرۆڤ بۆ یەکەمین جار لە بەردەم بوونی رووتدا دەوەستێت، بێ پەناگە و بێ پاڵپشت.

ئاگوستین کاتێک مۆنیکای دایکی کۆچی کرد، نووسی کە ژیانی ئەو و ژیانی دایکی یەک ژیان بوون و، بە مەرگی ئەو ژیانەکەی دوو لەت بوو. ئێستا بە قووڵایی ئەو برینەوە لەم راستییە تێدەگەم. دوای تۆ کات پێوەری خۆی لەدەست داوە؛ رۆژەکان درێژن، شەوەکان بێکۆتان و، جیهان لە بەرچاوم تاریک و لێڵە. لەوەتەی ئێمە هەین، پشکی خۆت بەسەرماندا دابەش کرد و، ساتێک خەمی خۆتت نەخوارد. ئەو لایەلایانەی بەسەر بێشکەکانماندا دەتگوتن، یەکەمین فەلسەفەی ژیان بوون کە بیستمان، هزرێکی نەنووسراو کە دەیگوت ئەم جیهانە بە هەموو ترسناکییەکەیەوە شایستەی ژیانە، چونکە دایکێک لێرەیە. دایکی کورد دارێکی پیرۆزە سێبەرەکەی نەوەکان دەپارێزێت و، تۆ ئەو دارە بوویت.

مەحموود دەروێش لە غەریبیدا تاسەی نانی دایکی دەکرد، چونکە دایک یەکەمین نیشتمانە پێش هەموو نیشتمانێکی جوگرافی. تۆ تەنیا نیشتمانی ئێمە نەبوویت، ئەو پردەش بوویت کە ئێمەی بە کۆمەڵگا و بە جیهانەوە دەبەستەوە، کە رۆیشتیت، سەرگەردان و نامۆ بووین. بەڵام ئەو رۆحەی لە ناخماندا چاندت لەگەڵ تۆدا نەنێژرا، ئێستا لە جاران زیندووترە. هیگڵ دەڵێت رۆح لە رێگای نەفیکردنی خۆیەوە بەرز دەبێتەوە، تۆش بە نەمانت بوونێکی باڵاترت وەرگرت، لە جەستەوە بوویت بە مانا و، لە ئامادەییەوە بوویت بە ویژدان. میراتە جوانەکەت، میراتی پێگەیاندنی مرۆڤ بە جوانیی خۆی، وردە وردە دروستمان دەکاتەوە. مرۆڤ دوو جار لەدایک دەبێت: جارێک لە رەحمی دایکی و، جارێک لە یادی دایکیدا. دایە گیان، ئەمڕۆ لە دووەمین ساڵیادتدا لەدایکبوونی دووەمی خۆم لە یادی تۆدا دەبینم. دوو ساڵ تێپەڕی و، هێشتا رێگایەکی دوورمان ماوە تا بگەین بە رووناکیی تۆ.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن