493وتار

شەڕی دوای كۆڕۆنا

4/6/2020 2:33:00 PM
فواد سدیق

وەك چۆن كەنداوی سوێس ، خاڵی توانەوەی ئیمپراتۆریای بەریتانی و وەرچەرخانی ئەمریكاو سۆڤێت بوو بەسەر جیهاندا، كۆرۆناش خاڵێكی دیكەی توانەوەی ئەمریكاو خاڵی وەرچە رخانی چین ە  بەسەر  جیهاندا. ئێستا هەموو دامەزراوە ئەمنی و تەندروستییەكانی ئەمریكا، بە كۆشكی سپیشەوە، بەرانبەر ڤایرۆسی كۆڕۆنا بێ وەڵام هەڵكورماون، لەكاتێكدا خەڵكی ئەم وڵاتە چركە بە چركە گوێی راگرتووە، هەواڵێكی خۆش بۆ دۆزینەوەی دەرمانێك كە چارەسەری ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە بكات، رابگەیەنێ، بەڵام ئەوەتا هەم دامەزراوە گرنگەكانی ئەمریكا لە تەندروستییەوە تا كۆشكی سپی، هەمیش لە خەڵكی هەژارو نەدارەوە تا ملیاردێرەكان، تاقەتیان هەڵپڕووكا، ئێستا دانیشتوانی ئەمریكا لەو دامەزراوانە بێئومێدن و، ئایندەیەكی تاریك دەبینن.  چاندنی تۆوی گومان و نائومێدبوونیش ئەوەمان پێدەڵێت، ئەو تاكڕەوییەی ترامپ لە بواری سیاسی و سەربازی و تەندروستی و رێكخراوی كۆمەڵگە مەدەنییەكان گرتبوویەبەر، ئەوەتا ئێستا كەس دادو فریای ئەمریكای پێ ناكرێت.  بینیشمان ئەمریكا نەیتوانی هاوكاری كەلوپەلی هەناسەدان و كەرەستەكانی تری تەندروستی بۆ ئیتالیاو سربیاو ئیسپانیاو ئێران وفەرەنساو...هتد بنێرێت، بەڵام چین بێ جیاوازی بۆ ئیتالیاو ئێران و سربیاو تەنانەت بۆ وڵاتانی ئەفریقی و بۆ ئەمریكایشی نارد!!.ئەوەتا فەرەنسا داوا لە چین دەكات بە ملیارات دەمامكی بۆ بنێرێت!! شەڕی ژێر بەژێری ئەمریكاو چین، وەك شەڕی دووەمی جیهانی نییە، شەڕی سەر سنووریش نییە،بەڵكو شەڕی مەعریفەو ئابوورییە، شەڕی ئەوەیە كێ دەتوانێ سەركردایەتی جیهان بكات. بێئەوەی ئەمریكاو چین بیانەوێ وڵاتی یەكتر داگیر بكەن!.. بەڵام چین دەیەوێ وەڵامی ترامپ بداتەوە كاتێ وتی ئەمریكا یەكەمە، ئێستا پێیدەڵێت تۆ یەكەم نیت، بۆیە شەڕی دوای كۆڕۆنا لەسەر ئەوە دەبێت، كێ سەركردایەتی جیهان دەكات؟ ئەمریكا بە ئاسانی واز لەو سەركردایەتیكردنەی جیهان ناهێنێت و چینیش چیدی رێگای نادا ئەمریكا بڵێ من یەكەمم واتە من تەڕەزانم.  دڵنیام باری سەرشانی ئەمریكا زۆر قورس دەبێت،  لەبەرئەوەش بوو ترامپ وتی: داهاتوومان سەختە. سەرۆكی چینیش وتی: دوای كۆڕۆنا جیهانێكی نوێ دێتە ئاراوە. مێزی گفتوگۆی نێوان ئەمریكاو چینیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، كامیان لە هەڵسانەوەیەكی خێرادایەو كامیان لە پاشەكشێی ئەو پێشبڕكێیەدایە، چین سنوورێكی سوور بۆ ئەمریكا دەكێشێت، ئیتر ئەمریكا بەم دۆخەوە، ناتوانێ دەستوەربداتە تایوان و ئۆكرانیاو ڤەنزویلاو ئێران و سوریا، بنكە سەربازییەكانی لە زۆر وڵات دەبێت بپێچێتەوە،لەكاتێكدا نیو سەدە زیاترە هاوكاری سەربازی بۆ هەندێك وڵات بەردەوامە، لەوانە تایوان. گەورەترین كێشەی ئەمریكاش ئەوە دەبێت، تەنانەت هاوپەیمان و دۆستەكانیشی متمانەیان بە ترامپ و ئیدارەكەی نییە، ئەمە ئەركی ترامپ زۆر قوڕستر دەكات، لە كاتێكدا هەڵبژاردنیشی لەپێشە. بە دڵنیاییەوە ترامپ دوای ئەودۆش دامانەی بەرامبەر بە ڤایرۆسێك ، غروورییەكەی نامینێ و رووبەڕووی رەخنەی توندی ناوخۆی و دۆستەكانیشی دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن