چین دوای كۆڕۆنا
4/23/2020 1:27:00 PM
فواد سدیق
ئێستا وڵاتانی جیهان لە قۆناخێكدان، بیر لە دوای كۆڕۆنا دەكەنەوە، كە چۆن خۆیان رێكبخەنەوە،وەك چۆن لە دوای دووەمین شەڕی جیهانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و شێوازی بەرهەمهێنان و ...هتد داڕێژرانەوە، ئاوەهاش دوای پەتای كۆڕۆنا، سەرلەنوێ جیهان خۆی بەجۆرێكی ترو لە بەرگێكی تردا نیشاندەداتەوە، چونكە ئەم قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە شوێنەواری خۆی لە گۆڕینی بونیادی سیستەمی سیاسی و پێناسەكردنەوەی زۆرێك لە چەمك و یاسای نێودەوڵەتی و رەفتارەكانیان دەكات بەتایبەت لە رێساكانی هاریكردنی وڵاتان ، لەم نێوەدا چین بەرەو كوێ ملدەنێ؟. چین چاوی لەوەیە سەركردایەتی جیهان بكات، بەڵام ناتوانێ بەرێگای سەربازی بیكات، بەڵكو ئارەزووی چین لەوەدایە بە رێگای ئابووری ببێتە دەوڵەمەندترینی جیهان و هەموو وڵاتانیش بۆ سوودی خۆی بدۆشێ .بەتایبەت ئەمریكا ئەمجارە دەكەوێتە نێو قەیرانێكی قووڵ، بەبێ هاوپەیمانییەكی بەرفراوان ناتوانێ ببێتە هەڕەشەی جدی بۆسەر چین.پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییەش زۆر ئەستەمە، بەتایبەتئەم قەیرانە زۆر شتی دەرخست كە پێشتر وڵاتانی دیكە نەیاندەزانی ئەمریكا بەمجۆرەیە، نەشیاندەزانی توانای چین لە پێداویستی تەندروستی لە ئەمریكا بەتواناترە، ئەوەتا چین ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ كەل و پەلی تەندروستی هاوكاری ئەمریكاش بكات!. ئەو رۆژەی نیكسۆن كە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا بوو سەردانی چین ی كرد و لەگەڵ ماوتسی تۆنگ كۆبووەوە، كیسنجەر ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا یاوەری نیكسۆن بوو، كیسنجەر داوای لە چین كرد ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرووی جیهاندا بكاتەوە، چین رێك وای كرد و تا ئێستا زۆرترین كرانەوەی ئابووری هەیە.هەر ئەمەش بوو وایكرد پێوەندی نێوان سۆڤێت و چین گرژی تێبكەوێت، بەڵام پۆتین هەموو گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان روسیاو چین ی لابردو ئێستا لە باشترین پێوەندیدان،بە بەتایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریكا لە بواری سەربازیدا. ماوەی(30)ساڵێك دەبێت جۆرێك لە بۆشایی سیاسی كەوتۆتە نێوان چین و ئەمریكا،لە دەستتێوەردانی ئەمریكا بۆ تایوان و هۆنگكۆنگ و دەیان رووداوی دیكە وەك لەم دوا دواییەدا كۆمەڵێك كۆمپانیای لە چینەوە دەگوازتەوە بۆ هیند ، ئیتر ئەم بۆشاییە سیاسییە رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبوو، تا كۆڕۆنای بەسەردا هات.
لە 11/1/2020 چین رایگەیاند كە پیاوێكی تەمەن 61 ساڵە لە شاری وهان بەهۆی نەخۆشی كۆڕۆنا(COVID-19)مردووە.بەڵام ئەوەی جێگای رەخنەی توندە، حكومەتی چین هەموو ئەو پزیشكانەی سەركوت كرد كە راستییەكانیان ئاشكرا دەكرد،كەرتی تەندروستی لەژێر هەڕەشەی حكومەتی چین دا بوو،بۆچی چین وای كرد؟ جیهانێك گومانی لە بێ متمانەیی دروستكردووە. ئێستا ئەمریكا دەیەوێ سۆزی وڵاتان بەلای خۆیدا رابكێشێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین، بەڵام دەتوانێ ئەمە بكات ؟ لە 24/3/2020 ترامپ و شی جینگ بینگ سەرۆكی چین قسەیان كرد كە گرژییەكانی نێوان چین و ئەمریكا كەم بكەنەوە ، بەڵام بە پراكتیك تا دێ گرژییەكان زیاتر دەبن.شەڕێكی راگەیاندن لەپشت هەردوو لاوە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ ئەمریكا لە هەموو وڵاتاندی جیهان زیاتر لە نیگەرانی قووڵدایە، ئاخر نەیتوانی هاوكاری وڵاتانی دۆست بكات، ئەمریكا خۆی لە رمانی ئابووریدایە، لەولایشەوە بە هەڵسانەوەی چین لە رووی ئابووری و تا رادەیەك سەربازیش زیاتر نیگەرانی كردووە. چونكە چین دەیەوێ نەخشەی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیهان بگۆڕێ كە هەمووی بە زیانی ئەمریكایە. بۆیە ترامپ داوای لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمریكا كرد، رووی ئاڵوگۆڕی ئابووریتان لە چین وەربگێڕن و لە جیاتی چین روو لە ڤێتنام و ئەندەنوسیاو ...هتد بكەن، بەڵام ئەمەش هەر ئاوا بە سانایی نابێت و پارەیەكی زۆری پێویستە كە لەم قۆناخەدا بە ئەمریكا ناكرێت. لەم ڤایرۆسی كۆڕۆنایە، چین لە رێگای كۆمپانیای (Multicopter ) رۆبۆتی لە نەخۆشخانەكان خستبووە كار بۆ پشكنینی خوێنی تووشبووەكەو رۆبۆت رۆڵێكی كارای دەبینی لە گوازتنەوەی خوێنی تووشبوو بۆ ناو تاقیگەكان و هەروەها گوازتنەوەی خواردن بۆ تووشبووەكە. لە رێگای هەندێك كۆمپانیای زیرەكەوە وەك(SenseTime ) و (Hanwang Technology) داهێنانیان كرد بۆ هاوكاریكردنی تووشبوو بۆ دۆزینەوەی كێشەكانیان ، كۆمەڵێك ئامێریشیان جێگیركرد كە دەیتوانی پلەی گەرمی تووشبوو دەستنیشانبكات و...هتد. ئەمە لە سەرتاسەری جیهان داهێنانێكی تازە بوو ، ئەمریكا هێشتا بەو ئاستە نەگەیشتووە. تانووسینی ئەم وتارەش چین براوەی یەكەم بووە ئەمریكاش دۆڕاوترینیان بووە ،چین بە هێزی نەرم رەفتار دەكات و پەنا بۆ هێزی سەربازی نابات، پێچەوانەی ئەمریكا كە بە هێزی رەق رەفتار دەكات و هەمیشە پەنا دەباتە بەر هێزی چەك و گەمارۆو سزادانی ئابووری.. چین تا ئێستا لە زۆر بواردا كەوتۆتە پێش ئەمریكا، بەڵام لە رووی سەربازییەوە ئەمریكا زۆر لەپێشترە، چین چەند ساڵێكە وردە وردە گرنگی بە لایەنی سەربازیش دەدات، ساڵی 2017 نزیكەی 228 ملیارو 200 ملیۆن$ ی بۆ بواری سەربازی تەرخان كردو ئێستا نزیكەی (500) بنكەی سەربازی لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوە پێكردووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەمریكا بەراورد ناكرێ. كۆڕۆنا سەردەمی تایبەتمەندی تێكشاند، بەڵام نازانین كاریگەری كۆڕۆنا بۆسەر تەكنۆلۆژیا چۆن و بە چ شێوەیەك دەبێت.
(The New York Times ) لە 14 ی ئەم مانگە راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە، كە پشتی بە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆكانی بەریتانیا بەستووە، بۆماوەی 40 رۆژ، سەرۆكی چین زانیارییە دروستەكانی بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا شاردۆتەوەو، بە لا رێدا بردووە.لە 22ی كانونی یەكەمی 2019( د.ئای ڤین ) زانیاری دروستی بۆ كۆمەڵێك پزیشكی دیكە نارد، ئیتر چین (د. ئای ڤین)ی سەرنگوم كردو (8) پزیشكی تریش كە زانیارییەكانیان پێگەیشتبوو، دەستبەسەر كران، ئەم دۆخە لەسەروبەندی جەژنی سەری ساڵ بوو،ئیتر بەهۆی جەژنی سەری ساڵەوە، ملیۆنان كەس لە خەڵكی وهان و چین گەشتی ئەوروپاو ئەمریكایان كرد كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون، تەنیا لە ماوەی 14/12/2019 تا 30/12/2019 زیاتر لە 430 هەزار كەس روویان لە ئەمریكا كردبوو،كاتێك ئەمریكا گەشتی ئاسمانی بەرووی چین داخست، كار لە كار ترازابوو. چونكە ترامپ 12/3/2020 گەشتی ئاسمانی بەرووی چین داخست، تا ئەو رۆژە زیاتر لە 300 هەزار كەسی چین گەشتی نیوركیان كردبوو. دوای شاردنەوەی زانیارییەكان وەك (بۆستن بۆست)نووسیبووی تا ئێستا هیچ وڵاتێك نازانێت ئەم ڤایرۆسە چۆن هاتۆتە دنیاوەو ... هێشتا ڤایرۆسەكە بەردەوامەو دەیان وڵات پەكیان كەوتووە هەر وڵاتێك دەرگای لەسەر خۆی داخست .
لیژنەی تەندروستی شاری ووهان رێكخراوی who بەلاڕێدا برد بەوەی كە هیچ بەڵگەیەك نییە ئەم ڤایرۆسە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە بگوازرێتەوە، ئەمە ئەمریكای زیاتر خستە ناو ئەم ڤایرۆسەوە، كە دوور نییە چەندین وڵات مایە پووچ بمێننەوە . ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر ڤایرۆسەكە لە ئەمریكاو ئەوروپا كاری خۆی دەكات ، كەچی چین رۆڵی تەماشاكار دەبینیێت بەڵكو دەمامك دروستدەكات و دەیفرۆشێتە وڵاتان . تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن ئەمریكاو بەریتانیاو ئوسترالیاو هیندستان دەستیپێكردووە ، داوای قەرەبووشی لێدەكرێ، هەرێمی تكساس سكاڵایان تۆمار كردووەو داوای 20 هەزار ملیار$ لە چین دەكەن. بەریتانیاش داوای 430 ملیار$ لە چین دەكات!!.
ئەنتۆنی فاوتشی تەمەن 79 ساڵە یەكێك لە گرنگترین ئەو بەرپرسانەیە كە سەرقاڵی نەهێشتنی ئەو ڤایرۆسەیە لە ئەمریكا، بەڵام ترامپ داوای دەستلەكاركێشانەوەی كرد ، كەبەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ هەستیار(حساسیە) و نەخۆشییەكانی گەدەیە لە ئەمریكا ،ترامپ بە پێشنیارەكانی ئەنتۆنی بۆ درێژكردنەوەی دۆخی ناكاوو لەماڵەوە مانەوەی خەڵكەكەی بەدڵ نەبوو، ترامپ ئێستا لە هەموو لایەكەوە هەڕەشە دەكات، بەڵام چین پاروویەك نییە بتوانێ قوتی بدات، بۆیە چین خەوی لە ترامپ هەڵگرتووە. لەماوەی (2)ساڵی رابردوودا، نێوانی ئەمریكا و چین بۆ رووبەڕووی رەخنەی توندی یەكتری ببوونەوە، بەڵام نەشیاندەتوانی لەئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دەستبەرداری یەكتری ببن، چونكە بە زۆر رێگای پێچاوپێچی ئابووری تێكدەكەنەوە.
ئابووری چین تا ئێستا زیاتر لە %29ی ئابووری كەرتی پیشەسازی جیهان پێكدەهێنێت، لەكاتێكدا ئابووری ئەمریكا لە كەرتی پیشەسازی جیهان %17 یەو ئینجا ژاپۆن %7.2 پلەی سێیەمەو ئەڵمانیا %5.8 بە پلەی چوارەم دێت.كەواتە چین بە تەنیا نزیكەی بەقەد هەر سێ وڵات ئەمریكا ژاپۆن ئەڵمانیا پیشەسازییەكەی كارایە. ئێستا چین لە 50 وڵات هاوكاری تەندروستی پێشكەش دەكات كە 18 وڵات لە ئەقریقایە. ئێستا خەریكە سیمای هاتنەخوارەوەی ئەمریكا دەبینین، بەتایبەت دەركەوت ئەمریكا تەندروستی مرۆڤ و دادپەروەری و ئاسایشی خۆراكی كردووە بە قوربانی چەكی وێرانكەر.بەڵام ئەمریكا بە ئاسانی خۆی نادات بە دەستەوە، بەڵكو گۆڕانكارییەكە لەوەدایە ئیتر ترامپ ناتوانێ بڵێت ئەمریكا یەكەمە، چونكە چینیش ئەژدیهایەكی دیكەیەو تا دێت زەبەلاحتر دەبێت، روسیاش لەم نێوانەدا، چەند هەنگاوێكی دیكە پێشدەكەوێت، لەبەرئەوەیە تۆژەران دەڵێن دوای كۆڕۆنا جیهان دەبێتە فرە جەمسەری. هێشتا سیمای جیهانی دوای كۆڕۆنا دەستنیشان نەكراوە، بەڵام بێگومان لە رووی ئابووری و سیاسی و فەلسەفییەوە وەرچەرخانێك بەخۆیەوە دەبینێ، بەڵام تا تای كۆڕۆنا كۆتایی دێت ئەوكات ئەو سیما نوێیە خۆی باشتر دەردەخا.