كامالا هاریس...ژنێكی رهشپێست له باڵاترین دهسهڵاتی سیاسی جیهاندا
02:16 - 08/11/2020
"زەمەن"
لەگەڵ سەرکەوتنی جێگری سەرۆکی پێشووی
ئەمریکا، جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سێی تشرینی یەکەمدا و هەڵبژاردنی وەک
٤٦هەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە، چاوەکان خراونەتە سەر جێگرەکەی سیناتۆر کامالا هاریس.
هاریس-ی تەمەن ٥٦ ساڵان وەک یەکەم ژنی رەش پێستی بەرەگەز
هیند و کاریبی ناوی چووە مێژووەوە کە لە مێژووی ئەمریکادا بۆ ئەو پۆستە
هەڵبژێردراوە.
هاریس ساڵی ١٩٦٤ لە شاری ئۆکلاند له دایكبووه لە دایکێک
کە لە هیندستانەوە چووەتە ئەمریکا بەمەبەستی خوێندنی بایۆلۆجی و باوکێکی رەش پێست
کە پرۆفیسۆری ئابوورییە و لە جامایکاوە چووەتە ئەمریکا بۆ خوێندن، هاریس یاسای
خوێندووە و ساڵانێکە زۆر لە سان فرانسیسکۆ داواکاری گشتیی بووە.
هاریس لە ساڵی ٢٠١٠دا یەکەم هەنگاوی بۆ سیاسەت هەڵنا، بووە
کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کالیفۆڕنیا، بەوەش بووە یەکەم رەش پێست
و یەکەم ئافرەت لە مێژووی ئەو ویلایەتەدا ئەو پۆستە وەرگرێت. هاریس لە ساڵی ٢٠١٤دا
و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ویلایەتەکەدا دووبارە هەڵبژێردرایەوە،
دوای چوار ساڵ لە ساڵی ٢٠١٦دا لە میانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لەسەر بازنەی
کالیفۆڕنیا چووە کۆنگرێس و بووە یەکەم سیناتۆری بەرەگەز ئاسیای باشوور و دووەم
سیناتۆری رەش پێست.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠دا، هاریس بووە پاڵێوراوی
کاندید پارتی دیموکراتەکان و لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا شکستیهێنا، بەلام دوای
ئەوەی جۆ بایدن بووە کاندیدی پارتی دیموکراتەکان لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا هاریس-ی وەک
جێگری سەرۆک دیاری کرد.
دوای چوونی بۆ کۆنگرێس، هاریس یەکەم جار ناوی بەو
کاردانەوەیە بیسترا کە نیشانیدا بەرامبەر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەو
بڕیارەی لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵات لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا واژووی کرد، کە
گەشتی لە حەوت وڵاتی موسوڵمانەوە بۆ ئەمریکا قەدەغەکرد.
هاریس لە ٢٠١٧دا درێژەی دا بە هەڵوێستی لێکۆڵینەوە لەبارەی
کابینە و دامەزراندنە باڵاکانی ترەمپ و، لە ٢٠١٨دا وەک ئەندامی لیژنەی دادوەری
ئەنجوومەنی پیران هەڵبژێردرا و، رۆڵی چالاکی هەبوو لە لێکۆڵینەوەی ئەنجوومەنی
پیراندا سەبارەت بە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ٢٠١٦دا.
هەروەها هاریس لە پاڵ ئەندامێتی لە لیژنەی دادوەری، لە
هەریەک لە لیژنەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجوومەنی پیران و کاروباری دەوڵەت، لیژنەی
هەواڵگریی و لیژنەی بوودجەدا کاری دەکرد.
هاریس کە باوەژنی دوو منداڵە، دوای ئەوەی پۆستی جێگری
سەرۆکی ئەمریکای وەرگرت، چاوەڕوان دەکرێت کاری کاریگەر بکات لەسەر مافەکانی مەدەنی
و نادادپەروەری رەگەزپەرستیی.
لە لایەکی دیکەوە، لە کاتێکدا مشتومڕی زۆر هەیە لەبارەی
هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ٢٠٢٠، جۆ بایدن-ی تەمەن ٧٨ ساڵان کە بەتەمەنترین سەرۆکی
مێژووی ئەمریکایە، ئەگەر بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید نەکرێتەوە، ئەوا لە
ئێستاوە ناوی هاریس بەهێزترین کاندیدە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ٢٠٢٤ی ئەمریکا.
هاریس، وەک جێگری ٤٦ ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ
بایدن لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا لە رێوڕەسمی وەرگرتنی دەسەڵاتدا سوێندی یاسایی
دەخوات، دەست بەکار دەبێت.