997 جیهان

دەیلی مەیل: مێلانیا لە ترەمپ جیادەبێتەوە

04:01 - 08/11/2020

"زەمەن"

وادیارە ترەمپ بە تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای نەدۆڕانەوە و خەریکە مێلانیای هاوسەریشی لەدەستدەدات، دوای ئەوەی رۆژنامەی دەیلی مەیل ئاشکرایکرد، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، داوای جیابوونەوە لە ترەمپ دەکات.


لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت، مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و جێهێشتنی کۆشکی سپی، بە یەکجارەکی لە ترەمپ جیادەبێتەوە و دەشڵێت، پێش هەڵبژاردنی ٢٠١٦، مێلانیا بەنیازی جیابوونەوە بووە بەڵام بەهۆی بردنەوەی ترەمپەوە نەیتوانیووە ئەو کارە بکات.

هاوکات، یەکێک لە هاوڕێکانی مێلانیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەو شەوی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ راگەیەنراوە و تیایدا ترەمپ بە سەر هیلاریدا سەرکەوت و بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، مێلانیا زۆر بە توندی گریاوە و هەرگیز باوەڕی بەوە نەکردووە کە مێردەکەی هەڵبژاردن دەباتەوە و بەو هۆیەوە نەیتوانیووە جیاببێتەوە.

هەر لەبارەی نیازی مێلانیا بۆ جیابوونەوە لە ترەمپ، ئەو رۆژنامە بەریتانییە، درەنگ چوونی مێلانیا بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠١٦ بە بیانووی تەواونەبوونی خوێندنی بارۆنی کوڕیەوە باس کردووە و دەڵێت، مێلانیا بیانووی گرتووە بۆ ئەوەی نەچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ ترەمپ نەبێت.

هاوکات، ئۆمارۆسا مانیگۆلت، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، دەڵێت، "دوای ١٥ ساڵ لە هاوسەرگیریی، مێلانیا  بۆ جیابوونەوە لە ترەمپ خولەک بە خولەک دەژمێرێت".

لەلایەکی دیکەوە، ستیڤانی ولکۆڤ راوێژکاری پێشووی مێلانیا ئاشکرایکردووە، ترەمپ و مێلانیا پێکەوە ناخەون و دوو ژووری نووستنی جیایان لە ناو کۆشکی سپیدا هەیە.

مێلانیا سێیەم ژنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە و ماوەی ١٥ ساڵە ژن و مێردن.

رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، پەنجاونۆیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەرێوەچوو، دوای جیاکردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان، جۆ بایدن، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە دۆناڵد ترەمپ بردەوە و بوون بە ٤٦هەمین سەرۆکی ئەمریکا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن