ئەو سێ پۆستەی لە ئیدارەی بایدن بۆ کورد گرنگن
10:27 - 09/11/2020
"زەمەن"
جۆ بایدن كە دەبێتە
46هەمین سەرۆكی ئەمریكا، پێدەچێت لە دەستنیشانكردنی ئەندامانی كابینەكەیدا زەحمەتی
و ئاڵنگاریی زۆری بێتەرێ، بەشێك لە پۆستە باڵاكانیش بەشێوەی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ
كاریگەریان لەسەر كورد دەبێت.
د.سەردار عەزیز
توێژەرو لێکۆڵەری سیاسی بە «زەمەن»ی وت "بۆ کورد چەند پۆستێک گرنگن، لەوانە؛
وەزارەتی بەرگری _پەنتاگۆن_، وەزارەتی دەرەوە، ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ نێردەی
سەرۆک بۆ کاروباری تیرۆر.
د. سەردار عەزیز،
پێیوایە جۆ بایدن بە ئاسانی کابینەکەی بۆ دەستنیشان ناکرێت، هەرچەندە قسەی زۆر هەیە
لە سەر زۆر کەس، بەڵام چەندین ئاڵنگاریی لە ڕێگەدایە.
"کاتێک بایدن پەیمانی ئەوە دەدات کە سەرۆکی
ئەمریکا بێت، نەک تەنها دیموکراتەکان، ئەوا دەبێت کابینەکەی ڕەنگدانەوەی ئەم پەیمانە
بێت. بۆیە دەبێت ئافرەت و ڕەش پێست و خەڵكی پاشخانی جیاواز و تەنانەت کۆمارییەکانیشی
تیادا بێت". د. سەردار عەزیز وای وت.
ئەو رونیكردەوە،
بایدن ڕێگرێکی سەرسەختی هەیە، کە پیرەمێردێکە لە کەنتاکی ناوی میچ مەکۆنەڵە. ئەم پیرەمێردە
کەسایەتیەکی تایبەتی هەیە لە دونیای سیاسەتدا.
د. سەردار عەزیز،
وتی كە لە کاتێکدا زۆربەی کەسانی سیاسی هەتا ئاستی نەخۆشی حەز بە ئەوە دەکەن کە خەڵك
خۆشی بوێن، ئەو بە پێچەوانەوەیە. بایدن ئەگەر نەتوانێت ئەم ڕازی بکات کاری بە
ئاسان بۆ ناکرێت، بۆیە دەبێت چەند کۆمارییەک بخاتە کابینەکەیەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی
ناڕەزایی لە لایەن باڵی چەپی دیموکراتەکانەوە.
ئاڵنگارییەكی دیكە
لەبەردەم بایدندا، ئەوەیە بۆ ڕازیکردنی باڵی چەپ دەبێت هەندێک لە ئەوانیش بهێنێت.
ئەمە وەها دەکات کە کابینەکە پەرت بێت، هەرچەندە بایدن حەزی بە دیدی جیاوازە بەڵام
پێویستی بە کەسێکی باشە بۆ چیف ئۆف ستاف، بە دید و خوێندنەوەی د. سەردار عەزیز.
جۆ بایدن، كاندیدی
سەركەوتووی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، ئەو كاتانەی جێگری
باراك ئۆباما بوو، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی كورد هەبوو، هەندێك
چاودێری سیاسی پێیانوایە تێگەیشتنی زیاتر بۆ پرسی كورد هەیە، لەبەرامبەردا دیدێكی
دیكە هەیە جەختلەوەدەكاتەوە لە ئەمریكا دەزگا و دامەزراوەكان كاریگەریان دەبێت لەسەر
بڕیاری سیاسی نەك شەخسێكی دیاریكراو.
جۆ بایدن ساڵی 1942 لە دایكبووە و نزیكەی 50 ساڵە سەرقاڵی كاروباری سیاسیە،
رۆژی شەممەی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە دۆناڵد ترەمپ بردەوە و بە 46هەمین سەرۆكی
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبژێردرا.