حاڵەتی سووتانی منداڵ
04:30 - 30/04/2023
زەمەن _ تەندروستی
دکتۆر_ هەڤین کەمال شا محەمەد
سڵاو هاوڕێیان
ئەمڕۆ دەمەوێت باسی حاڵەتێک بکەم کە ڕۆژانە دێتە
بەرچاومان لە نەخۆشخانەی سووتاوی و ئازارێکی زۆر بە ڕۆح و دڵمان دەگەیەنێت، ئەو حاڵەتەش
حاڵەتی سووتانی منداڵە.
دایک و باوکانی ئازیز، ئایا دەزانن کەمتەرخەمیەکی
تۆ کاریگەرییەکی هەتا هەتایی هەیە بۆسەر جەستە و دەروونی منداڵەکەت.
منداڵ هیچ گوناحێکی نیە تا باجی کەمتەرخەمی تۆ
بدات و هەتا ماوە وەک کەسێکی لاشە شێواو بژی و کۆمەڵگا بە جۆرەها تانە و تەشەر هەراسانی
بکات و بێزاری بکات کە گەورە بوو، کۆمەڵگایەک گاڵتە بە مرۆڤی لاشەساغ دەکات چ جا
لاشە شێواو!
دایکە ئازیزەکان، ئەم قسانە بۆ ئێوەیە چونکە لەکۆمەڵگای
ئێمەدا دایک زیاتر کات بەسەردەبات لەگەڵ منداڵەکانی لە ماڵەوە:
-تکایە مەهێڵە
منداڵەکەت بەهیچ جۆرێک بێتە ناو چێشتخانەوە، کەشت سووردەکەیتەوە منداڵەکەت دووربخەرەوە، کەخواردن تێدەکەیت منداڵەکەت
دووربخەرەوە ، با منداڵەکەت بگری بە دواتدا ، هەمووی لەوانەیە چەند خولەکێک بگری ئەوە
باشترە لەوەی هەموو تەمەنی بگری بۆ کارەساتێک کە خۆی هیچ گوناحێکی نەبووە لەخولقاندنیدا.
-تکایە منداڵەکەت
لەلای زۆپا و هیتەردا مەخەوێنە، ئاخر چ مەعقولیەتیەکی تیادایە هیتەر بکەوێت بەسەر ڕووخساری منداڵێکی یازدە مانگدا و بۆ هەتا هەتایە
منداڵەکە لایەکی ڕووخساری لەدەست بدات و بەئازاری دەروونیەوە بتلێتەوە لەبەرئەوەی
دایکی نەیویستووە سەرمای بێت، باشە ئەو منداڵە سەرمای بوایە باشتر نەبوو؟!
-تکایە منداڵ
لای مۆبایڵ و سویچ پلاکەوە مەخەوێنن و دایان مەنێن با بە تەزووی کارەبا نەسوتێن.
-تکایە واز لەو
عادەتە ناشرینە بهێنن کە مەنجەڵ و کتلی بخەنە سەر زۆپا و بهێڵن منداڵەکانتان لەهەمان ژوور یاریبکەن،
تۆزێک زیاتر خۆتان بڕەنجێنن و واز لەو تەمەڵییە بهێنن و لە چێشتخانەکاندا خواردنەکانتان گەرم کەنەوە، هیچ
ماڵێک نیە چێشتخانەی تیا نەبێت، بۆ ژووری دانیشتنیش دەکەیت بە دۆزەخ بۆ منداڵەکانت.
-تکایە ئەگەر
منداڵی بچووک لە ماڵەکەتدا هەیە واز لە دانانی سەماوەر و بەزم و ڕەزمەکانی بهێنە،
هەموو کەس حەزی لە چای سەر سەماوەرە، بەڵام یەک چرکە سەلامەتی منداڵەکەت هەموو خۆشیەکانی دونیا دەهێنێت.
-تکایە زیاتر
ئاگاداری منداڵەکەت بکە کە لەکۆڵان یاریدەکات، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە بکەرەوە کە
ئاگرنەکەنەوە، دەتوانیت بۆ ئەوە وێنەی منداڵی سووتاوی پیشانبدەیت لە ئینتەرنێت، بۆ
ئەوەی هۆشداری بدەیتێ کە ئاگرکردنەوە دەرئەنجامی
خراپی هەیە.
-تکایە بۆ منداڵی
بچووک لە ئێستا جۆرەها کورسی تایبەت هەیە و جێگای داخراوی تایبەت هەیە کە دەتوانیت منداڵەکەتی تیا دابنێت و بیبەستیتەوە
لە کاتی ئیشکردندا ، تکایە مەیبەرە ئەو جێگایانەی کە دەزانیت بۆ ئەو مەترسیدارەو لەوانەیە
زیان بە جەستەی بگات تیایدا.
دایکان و باوکانی ئازیز پارێزگاریکردنی تەندرووستی
منداڵەکانتان ئەرکی سەرشانی ئێوەیە ، ئێوەن ئەتوانن بەو خاڵە بچووکانەو ئاگاداریتان
ڕێگری بکەن لەوەی منداڵەکانتان بەدوور بن لە ئازاری جەستەیی و دەروونی سوتاندن.
دواهەمین خاڵ بۆ دایکان و خوشکانی گەورەیە، تکایە
هەر کاتێک کێشەیەکتان دەبێت ئەمەندە لەبەرچاوی منداڵ و هەرزەکاردا مەڵێن خۆماندەسوتێنین
ئەگەر ئەو شتەم بۆ نەبێت، تکایە با نەچێتە نەستی منداڵەکانتان کەوا بزانن هەر کێشەیەکیان
هاتە بەردەم تەنها چارەسەر خۆسوتاندنە.
دڵنیابە زۆربەی ئەوانەی دەسوتێن یان خۆیان دەسوتێنن
گیان لە دەست نادەن، بەڵام تا ئەبەد بە لاشەیەکی شێواو و ئازارێکی قووڵی دەروونیەوە
ژیان بەسەردەبەن، کەهەموو چرکەیەک تیایدا ئاواتەخوازی مردنن!