78 تەندروستی

ئاگاداربن.. ئامێری هۆڵەکانی لەشجوانی مەترسیدارن

12:54 - 16/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 پلاتفۆڕمێکی بەریتانی، لە توێژینەوەیەکدا هۆشداری لە پیسیی و مەترسیداری هؤلەکانی لەشجوانی دەدات و بەپیستر لە توالێتەکان دەیچوێنێت.

 توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی هۆشداری لە پیسیی هۆڵەکانی وەرزش دەدات و ئاشکرای دەکات، ئامێرەکانی ڕاهێنان سەدان هێندەی تەوالێتەکان بەکتریای مەترسیداریان لەسەرە و سەرچاوەی چەندین نەخۆشین.

توێژینەوەیەکی پلاتفۆرمی (FitRated)ـی بەریتانی دەریخستووە کە ئەم شوێنانە مەترسیدارترن لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە؛ بەپێی بەدواداچوونەکان، ئامێرە وەرزشییەکان پڕن لە بەکتریای مەترسیدار و تەنانەت لە دەستشۆر و گۆماوەکانیش پیسترن.

لە توێژینەوەکەدا، ئاماژە بەوەدراوە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم بەکتریایانە هۆڵەکان نین، بەڵکوو خودی وەرزشوانەکان خۆیانن؛ بەتایبەت ئەو کەسانەی جانتای وەرزشەکەیان ناشۆن و جلوبەرگی پیس بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو جانتاکانیاندا دەهێڵنەوە، ئەمەش ژینگەیەکی زۆر گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریا دروست دەکات.

دەرەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە ڕێژەی بەکتریا لەسەر ئامێرەکانی هۆڵی وەرزش بە شێوەیەکی ترسناک بەرزە، بە جۆرێک تەنیا لەسەر دەمبڵەکان ٣٤٢ هێندەی کورسیی تەوالێتی ئاسایی بەکتریا بوونی هەیە، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە هەوکردنی پێست، نەخۆشییەکانی سییەکان و هەندێک جاریش ژەهراویبوونی خۆراک.

هاوکات، پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە پێش بەکارهێنانی هەر ئامێرێک، پاککەرەوەی کحولی بەکار بهێندرێت؛ هەروەها لە کاتی وەرزشکردندا نابێت دەست بدرێت لە چاو، لووت و دەم، و پێویستە خاولیی تایبەت بە دەموچاو جیاواز بێت لەو خاولییەی بۆ سڕینەوەی ئارەقی لەش، دەست و قاچ بەکار دەهێندرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن