160 دیمانە

گوهدار زێباری : بەردەوام لەژێر چاودێریدا بووین بۆ ئەوەی دۆسیەیەکی دیکەمان بۆ دروست بکەن

08:25 - 18/02/2024

دیمانه‌: زه‌مه‌ن

رۆژنامەنوس گوهدار زێباری دوای ئازادبوونی لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت ئەم ئازادیە بۆ من زۆر تاڵە، چونکە هێشتا پارچەیەکی من و بەشێکی گەورەی من لە زینداندایە ئەویش شیروان شێروانیە.

گوهدار دوای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 1213 ڕۆژ بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەمڕۆ 17ی مانگی دوو، لە بەرامبەر فاملی مۆڵ لە هەولێر بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکان ئازادکرا.

گوهدار زێباری له‌كاتی ئازادبونیدا وتی" زۆر بەداخەوە کە نەمانتوانی لە تۆڕ و تەڵە و داوی نۆکەر و جاسووسەکان خۆمان دەرباز بکەین، ئەمڕۆ لە بری خۆشی هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە شیروان لەگەڵ من ئازاد نەبووە، ئەوەی لەگەڵ من و هاوڕێیانم کرا خیانەتێکی دیکە بوو بەرامبەر بە دیموکراسیەت و خیانەتێکی دیکەی دەسەڵاتبوو بەرامبەر بە قەڵەمە بوێر و ئازاکان و کپکردنی دەنگی ئازاد، لەکاتێکدا دەسەڵات بانگەشەی دیموکراسی دەکات، بەڵام لە ژێرەوە گاڵتەی بەدیموکراسی دیت."

گوهدار لە 22 ی مانگی دەی 2020 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ حوکمی 6 ساڵ زیندانی بەسەردا درا بە پێی یاسایەکی کۆنی عێراق. پاشان بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێم سزاکەی بۆ کەمکرایەوە، بەڵام دوو کەیسی دیکەی لە دژ تۆمارکرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی سێی 2023 تەواوببێت، جارێکی دیکە حوکمی زیندانی بە سەردا درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی".

گوهدار ئەوەشی وت،" هیوادارم ئەوانەی نە یاری ڕاستی و ڕاستبێژی و نە یاری ڕۆژنامەنوسان و قەڵەم بەدەستانن، بە خۆیاندا بچنەوە و ئەم کەیسە بێتە وانەیەک بۆیان و هاوڕێیانیشمان ئازاد بکرێن تا چیدیکە کەس نەوێرێت دەستیان بۆ بەرێت."

سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵی لە نێو زینداندا، گوهدار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ڕەوشیان لە نێو زیندان زۆر خراپبووە، چونکە بەردەوام لە ژێر چاودێریدا بوونە تا بچووکترین شتیان بۆ گەورە بکەنەوە و ڕایگەیاند، "مەترسی سەر ژیانمان لە نێو زینداندا تەنها تیرۆر نەبوو، بەڵکو چاودێریکردنمان گەورەترین گرفتی ئێمە و شیروان بوو، تا کەیسی دیکەمان بۆ دروست بکەن، چاودێری لە سەر هەڵسوکەوت و تەلەفون و هەموو شتمان هەبوو."

لە بارەی سزایەکی سەر شیروان شێروانی بە هۆی پەنجە مۆری گوهدارەوە، گوهدار وتی،" ئەو بابەتە ئەسڵ و ئەساسی نەبووە و ساختەیە و بەسەر شیرواندا ساغکرایەوە، لە کاتێکدا تەحەدا دەکەم لە چاکسازی خەڵکی لەبەری یەکتر پەنجە مۆر دەکات و هیچ کەس لە سەری ناکەوێت، بەڵام ئەمان تەنها بە دوای ئێمەوەبوون تا کێشەکانمان بۆ گەورە بکەنەوە."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن