جەنگیز چاندار: لە 10ـی نیسانەوە چووینە قۆناغێکی جیاوازترەوە
07:18 - 11/04/2025
دیمانه: عهدنان ئهحمهد كهناڵ 8
جەنگیز چاندار،
پەرلەمانتارى پارتى دەم و نووسەر و رۆژنامەوانى ناسراوى تورکیا، کە ساڵانێکى زۆر لە
پرسى کورد کارى کردووە و ئاگادارى وردەکاریى پرۆسەکانى پێشترە کە بە "چارەسەرى
کێشەى کورد لە تورکیا یاخود پرۆسەى چارەسەریى" ناوبراوە، بۆچوونى وایە کۆبوونەوەکەی
ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی گرنگترین وێستگەى ئەو پرۆسەیە کە لە دواى تشرینى یەکەمى
2024 لە تورکیا هاتووەتەوە ئاراوە.
جەنگیز چاندار، وتى "ئەمەى ئێستا هەیە پرۆسەی چارەسەر نییە. ئەگەر
بە ئەنجام بگات ئینجا دەکرێت ناوی لێبنرێت پرۆسەی چارەسەر". چاندار گوتیشى
"لە 10ـی نیسانی 2025ـەوە چووینەتە ناو قۆناغێکی جیاوازترەوە".
پرسیار: بەڕێز جەنگیز
چاندار بە گشتیی هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەو پرۆسە نوێیە چییە لە تورکیا دەستیپێکردووە؟
جەنگیز چاندار:
ئەوەی ئێستا هەیە پرۆسەیەکە کە جۆش و خرۆشی لای هەمووان دروستکردووە و چاوەڕوانن بە
ئەنجام بگات. ئەمڕۆ _پێنجشەممە_دوو پەرلەمانتاری پارتی دەم کە پێکهاتوون لە پەروین
بوڵدان، کە پێشتر هاوسەرۆک بووە و سڕی سوورەیا ئۆندەر، کە ئێستا هاوکات جێگری سەرۆکی
پەرلەمانی تورکیایە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوە بۆ
گەیشتنە ئەنجامى ئەم پرۆسەیە قۆناغێکی زۆر گەورەیە. ئێوە وەک شەمەندەفەرێک بیری لێبکەنەوە
کە بە ئاڕاستەی وێستگەیەک دەڕوات، بۆ ئەوەی شەمەندەفەرەکە بەو وێستەیە بگات، پێویستە
شەمەندەفەرەکە بە چەند وێستگەیەکدا تێبپەڕێت. کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی
گرنگترین وێستگەیە، چونکە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەردەوام گفتوگۆ لەبارەی
ئەوە دەکرا ئایا سەرۆککۆمار هەڵوێستی لەبارەی پرۆسەکە چییە؟، بەڵام لە رابردوودا ئەردۆغان
ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەربڕی، ئەوەش چاوەڕوانییەکانی زیاتر کرد.
رۆژی چوارشەممەش ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی باسی لەوەکرد لەگەڵ
پارتی دەم کۆدەبێتەوە. هەر بۆیە دەڵێم کۆبوونەوەکە یەکێکە لە گرنگترین وێستگەی رێگاکە
بۆ گەیشتنە دوایین وێستگە، چونکە سەرۆککۆمار بەو هەنگاوە بەڵی بۆ پرۆسەکە دەکات و
جێدەستی خۆی بەجێدەهێڵێت. خۆتان دەزانن عەبدوڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات ئەو بانگەوازەی
کرد کە لێی چاوەڕاندەکرا. بۆیە بۆچوونم وایە لەو رووەوە و ئەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین،
زۆر ئەرێنییە.
پرسیار:: جیاوازییەکانی
نێوان پرۆسەی 2013-2015 و ئەم پڕسە نوێیە چۆن دەبینن؟ بۆچوونتان وایە ئەگەرەکانی سەرکەوتنی
ئەم پرۆسەیە زیاتر بن؟
جەنگیز چاندار:
سەرەڕای هەندێک هاوشێوەیی لەنێوان هەردوو پرۆسەکەدا، لەڕووی بنیاد و پێکهاتەوە هیچ
پەیوەندیی و هاوشێوەییەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە و زۆر لە جیاوازن لە یەکتر. لەنێوان
پرۆسەی ئێستا و پرۆسەکەی ساڵانی 2013-2015 کە بەبێ ئەنجام کۆتاییهات، جیاوازییەکە
ئەوەیە؛ ئەوەی لە کۆتایی پرۆسەی یەکەمدا هەنگاوی بۆ نرا، لەم پرۆسەیەدا هەر لە سەرەتاوە
هەنگاوی بۆ نرا. لە پرۆسەی یەکەمدا دانوستان و گفتوگۆ هەبوو، ئەمڕۆ دانوستان و
گفتوگۆ لە ئاراد نییە. خەڵک تێکەڵییان دروستکردووە و بەم پرۆسەیە دەڵێن پرۆسەی چارەسەر،
ئەمە پرۆسەی چارەسەر نییە. ئەگەر بە ئەنجام بگات ئینجا دەکرێت ناوی لێبنرێت پرۆسەی
چارەسەر، ئەگەرنا ئێستا ناتوانیت ناوی لێبنێیت پرۆسەی چارەسەر، چونکە خۆشیان گوتیان
دانوستان و سەودا و مامەڵە لە ئارادا نییە. شتێک نییە بە ناوی ئەوەی چی دەبەخشیت و
چی وەردەگریت و گوتیشیان شتی وەها نابێت.
ئەوەی خوازراوە
ئەوەیە؛ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کە لە زیندانی ئیمراڵییە و سزای زیندانیی
هەمیشەیی هەیە، بانگەواز بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی بکات، هاوکات داوای بەستنی
کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەک بکات. ئەمە ئەو بابەتەیە کە لە پرۆسەی 2013-2015
ئەگەر سەریبگرتایە، لە کۆتا قۆناغ و خاڵدا پێی دەگەیشتن، بەڵام لەم پرۆسەیەدا ئەو
بابەتە کرا بە خاڵی سەرەتای پرۆسەکە. واتە دۆخەکە زۆر پێچەوانەیە. ئەگەر بەراوردی
هەردوو پرۆسەک بکەین، ئەم پرۆسەیە بە تەواویی پێچەوانەی پرۆسەی پێشووە، چونکە عەبدوڵا
ئۆجەلان لە 27ـی شوبات ئەو بانگەوازەی کرد کە داوای لێدەکرا و چاوەڕوان بوون لێی،
داوای بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی لە پەکەکە کرد و هەندێک رێنمایی
پێدان. دامەزرێنەرەکەی پەکەکە کە ئۆجەلانە لە 1984 دەستی بە سەرهەڵدانەکەی کرد و ئەو
دەستپێکەری ئەو سەرهەڵدانەیە. ئۆجەلان بە بانگەوازەکەی گوتی من ئەم رێکخراوەم دامەزراندووە
و ئەم سەرهەڵدانە من دەستمپێکرد. لە رابردوود و لە ژێر هەندێک هەلومەرجدا ئەو هەنگاوەم
ناوە، بەڵام ئەو سەردەمە گۆڕاوە و لە سەردەمێکی دیکەداین، هەر بۆیە پێویست ناکات خەباتی
کورد لە رێگەی خەباتی چەکداریی پەکەکە بەردەوامبێت لە رووی ریکخراوەییەوە. بۆیە کۆتایی
بەوە بهێنن و کۆنگرە ببەستن. لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە، باس لەوە دەکرێت کردنەوەی
رێگا بەرووی ئازادبوونی ئۆجەلان و کردنەوەی رێگای نوێ بەڕووی چارەسەری کێشەی کورد
لە تورکیا دەبێتە رۆژەڤ. ئێمە بە تەواویی لەو قۆناغەداین کە قۆناغی دوای بانگەوازەکەی
ئۆجەلانە. واتە پەکەکە کۆنگرە دەبەستێت. رایدەگەیەنێت کە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی
هێناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات پێویستە دەوڵەت چەند هەنگاوێک
بنێت، دۆخی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی چاکبکرێت. پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ جیهانیی
دەرەوە فەراهەمبکرێت. بێگومان بەبێ هاتنە ناوەوەی سەرۆککۆمار بۆ ناو پرۆسەکە، کە پێنجشەممە
روویدا، ئەو هەنگاوانە کاری نەکردە بوون. بۆیە پاش کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی
ئیمراڵی، دەکرێت ئەرێنیتر بن، دەکرێت لە رۆژانی کۆنگرەی پەکەکە نزیک ببینەوە، دۆخی
ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی و زیادکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە ببینین،
دۆخێک دروستببێت کە رێگا بۆ ئازادبوونی خۆشبکات و هیوامان بۆ هەنگاونان بەرەو دەستپێکردنی
قۆناغێکی نوێ بپارێزین و هەبێت. هەربۆیە دەڵێم جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەم
پرۆسەیە و پرۆسەی پێشوودا. واتە دۆخێکی تەواو جیاواز لە ئارادایە.
پرسیار: رێگریی و ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیەی
ئێستا چین؟
جەنگیز چاندار:
ئێستا دەتوانین بڵێین، من بۆچوونی تایبەتی خۆم هەیە. سولەیمان دەمیرەڵ، سەرۆککۆماری
پێشووتری تورکیا دەڵێت، لە مێژووی 102 ساڵەی کۆماری تورکیادا، 29 سەرهەڵدانی کوردی
هەبووە. قوڵترین و بەهێزترینیان کە زۆرتر ماوەتەوە و ماوەیەکی زۆر بەردەوامبووە،
ئەو بزووتنەوەیە بووە کە پەکەکە نوێنەرایەتیی کردووە. ئەگەر پرسیار لە من بکەیت 29
سەرهەڵدان نییە. چوار سەرهەڵدانی زۆر گەورە هەیە، کە ئەوەی ئێستا پەکەکە سەرکردایەتیی
دەکات دواهەمینیانە کە وەک گوتم بەهێزترینیانە کە زۆرترین کات ماوەتەوە. هەموو سەرهەڵدانەکانی
کورد تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان، بەشێوەیەکی توند لەلایەن دەوڵەتەوە سەرکوتکراون و سەرکردەکانیان
لەناوبراون. گرنگترین لایەنی ئەم قۆناغەی تێیداین ئەوەیە، (ئەگەر پەکەکە خۆی هەڵبوەسێنێتەوە)،
بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا، کورد کۆتایی بە سەرهەڵدانێکی خۆی دەهێنێت،
ئەمە دۆخێکی زۆر نوێیە و گرنگییەکی مێژوویی هەیە. بێگومان هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو
قۆناغە. هیوایەک هەیە ئەمە رووبدات. بێگومان کۆمەڵێک سەختی لەبەردەم ئەم رێگایەدان.
سەختییەکان لەو
بوارەوەن؛ ئەگەر ئەم پرۆسەیە چەندێک درێژە بکێشێت، ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی نایانەوێت
ئەم پرۆسەیە بە ئاکام بگات، ئەوانەی دەیانەوێت تورکیا بەم پرۆسەیەوە سەرقاڵ ببێت،
کە ئەوانە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیاش هەن، دەست دەخەنە ناو کارەکەوە، دەست بە دنەدان
و داونانەوە دەکەن، ئەو کاتە شەمەندەفەرەکە لە هێڵەکەی لادەدات و وەردەگەڕێت. هەربۆیە
درێژە کێشانی پرۆسەکە گەورەترین ئاڵنگاریی و هەڕەشەی بەردەمی دەبێت. کاتەکە چەند
درێژە بکێشێت، کات و توانایی بەو کەسانە دەدرێت کە دەیانەوێت شەمەندەفەرەکە لە هێڵەکەی
لابدەن. ئەو کاتە دۆخێکی گونجاو بۆ ئەوانە دەڕەخسێندرێت کە دەست بە دنەدان دەکەن،
داو دەنێنەوە و پیلانگێڕیی دەکەن. با بیرمان نەچێت ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین
کە پڕە لە نادڵنیایی و ناوچەیەکی سەختە، وەک ئەوەیە ئێستا بە دەشتێکی پڕ لە میندا
رێبکەین. دەکرێت بە دەشتەکەدا تێپەڕین و دەشکرێت پی بە مینێکدا بنێیین. واتە زەمینەکە
کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە خۆی مەترسیدارە. لە تورکیا، ناوچەکە و جیهانیشدا کۆمەڵێکی
زۆر سەرقاڵی یاریکردنن بۆ بەلاڕێدابردنی شەمەندەفەرەکە، ئەوەش بۆ ئەوانەی بە نیازی
داونانەوەن زۆر گونجاوە. واتە مەترسییەکە کات و زەمینەی کارەکەیە.
پرسیار: بۆچوونتان
چییە دەربارەی کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندی پارتی دەم کە لە سەرۆکایەتیی
کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، بۆچوونتان وایە ئەم کۆبوونەوەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاڕاستەی
پرۆسەکە دەبێت؟
جەنگیز چاندار:
دەمەوێت باس لەوە بکەم پێشوازیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوو ئەندامی
شاندی ئیمراڵی کە سێجار سەردانی ئیمراڵییان کردووە، وەک پارتی دەم سەردانی ئەردۆغانیان
کردووە و وەک ئەردۆغان خۆشی گوتی وەک شاندی پارتی دەم پێشوازییان لێدەکات، مانای ئەوەیە
کە هەوڵدەدرێت گرەنتی ئەوە بکرێت کە پرۆسەکە شکست نەهێنێت. واتە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ
ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە گرەنتی سەرخستنی پرۆسەکە بکرێت. ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان
لەگەڵ شاندەکە ئەوەیە. خۆشتان دەزانن ئەردۆغان لە هەمانکاتدا سەرۆکی گشتیی ئاکپارتییە.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەنجامدراوە نەک لە بارەگای ئاکپارتی. ئەمە
واتای ئەوەیە دەوڵەت بەردەوامیی و بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەکەی دەوێت. هەربۆیە کۆبوونەوەکە
لەڕووی سیمبۆلییەوە گرنگە. هەڵمەت و کاری دوای ئەمە تاوەکو رادەیەک بریتیی دەبێت یان
بە مانای ئەوەیە کۆنگرەی پەکەکە لەڕووی کات و شوێنەوە تاوەکو رادەیەک دیاریبکرێت،
هاوکات مانای ئەوەیە بەرەو ئەو رۆژانە دەچین کە تێیدا بەردەم عەبدوڵا ئۆجەلان و
سزادراوەکانی دیکەی پەکەکە و گیراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد زیاتر دەکرێتەوە.
من لەگەڵ ئەوەدام بە ئەرێنییەوە هەڵسەنگاندن بۆ کۆبوونەوەکە بکرێت و ئەرێنیی بیری
لێبکەینەوە.
پرسیار:: دەوڵەت
بەردەوام داوای جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و چەکدانان لە پەکەکە دەکات و
پارتی دەمیش داوا دەکات دۆخی ئۆجەلان بۆ بەستنی کۆنگرە چاکبکرێت، تاوەکو ئێستا هیچ
لایەک هەنگاویان نەناوە. بۆچوونت وایە ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەمجۆرە بەردەوام بێت پرۆسەکە
بوەستێت یان بێئەنجام بێت؟ چارەسەر چییە؟
جەنگیز چاندار:
ئەوەی ویستم بیڵیم ئەمە بوو کە پرۆسەکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوامنابێت. پرسیارەکەی
ئێوە تاوەکو رۆژی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی پارتی دەم دروستە. ئێوە دەتوانن وەڵامی
پریسارەکەتان لە کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی وەربگرن. هەربۆیە کۆبوونەوەکەی
ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار و شاندی پارتی دەم واتای ئەوەیە دەست بە جوڵە کراوە و قۆناغێکی
دیکە چووینەتە پێشەوە. هەربۆیە لە قۆناغی دوای کۆبوونەوەکە، دەکرێت باس لەو بابەتە
بکەین ئێوە پرسیارتان لەبارەوەکرد. واتە باشکردنی بارودۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاماژەی
ئەوەشمان لە جەژندا بینی کە خێزانی ئۆجەلان و سێ سزادراوی دیکە سەردانی ئیمراڵییان
کرد، ئەوەش یەکەم دیدارە لە دوای پێنج ساڵ، ئەوەش کەی روویدا؟ چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی
ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی روویدا. ئەمانە هەمووی بەشێکن لە رێگای پرۆسەکە. واتە ئەمە
مانای ئەوەیە بارودۆخی ئۆجەلان باشدەکرێت و بەرەو بەستنی کۆنگرەی پەکەکە دەڕۆین. بۆیە
سودبەخشە نیوە پڕەکەی پەرداخەکە ببینین. بۆیە دەتوانم بڵێم لە ئەمڕۆوە (10ـی نیسانی
2025) چووینەتە ناو قۆناغێکی جیاوازترەوە.