وتەبێژی جڤاتی نیشتمانی «هەڵبژێردراو»ی گۆڕان: هەر لایەنێک نوێنەرەکانی بنێرێتە پەرلەمان واتە بەساختەکاری رازییە
08:38 - 27/10/2024
سازدانی: زەمەن
سەبارە بە پرس و مشتومڕی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، زەمەن ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ نزار مەحمود وتەبێژی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامداوە
زەمەن: لە دوا کۆبونەوەتاندا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانتان رەتکردەوە، بۆچی ئەم بڕیارەتاندا؟
نزار مەحمود: چونکە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبۆچوونی ئێمە و زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان و چاودێران و خەڵکی کوردستان بەفرت و فێڵ و تەزویرێکی مونەزەم بەڕێوە چوەو هیچ بەهایەک بۆ دیمووکراتی و دەنگی دەنگدەر نەهێشتوەتەوە، بۆیە پێویستە ڕێگری لەلەباربردنی سیستەمی دیموکراتی بکرێت.
زەمەن: ئەم رەتکردنەوەیە بەمانای ئەوەیە ئەگەر بزوتنەوەکەشتان کورسی بهێنێت ناچنە پەرلەمان؟
نزار مەحمود: پەرلەمانێک ببێتە شوێنی نوێنەری ساختەی لایەنەکان و ناتوانێت نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بێت، خۆیان بەدەنگی تەزویرکراوی خەڵک بچنە پەرلەمان چۆن ئەتوانن داکۆکیکاری مافەکانی خەڵک و دەرکردنی یاسای دروست بۆ هەرێمی کوردستان بن، بەڵێ بەدڵنیاییەوە ڕەتی ئەکەینەوە نوێنەری ئەم بزوتنەوەیە لەو پەرلەمانە ساختە بەشداربێت، پێمان وایە هەر لایەنێکیش ئەم هەڵبژاردنە بەساختە بزانێت ئەگەر نووێنەرەکانی بنێرێتە پەرلەمان کەواتە بەوساختەکاریە ڕازیە یان ئاگاداربوە پێشوەخت .
زەمەن: لە راگەیەنراوەکەی دوێنێ باسی ئەوەتان کردووە کە (ڕێکاری یاسایی و مەدەنی دەگیرێتە بەر بۆ پارێزگاریکردن لەدەنگی ڕاستەقینەی هاونیشتمانیان)، مەبەستان لەم قسەیە چیە؟
نزار مەحمود: لەگەڵ لایەنەکانی تر هەوڵ ئەدەین هەماهەنگ بین و هەوڵی بەدەستهێنانی بەڵگە زیاتر بدەین، بۆ ئەوەی لەڕێگەی یاسایەوە ئەنجامەکانی هەڵوەشێنەوە، ئەگەر یاسا پشتگیر نەبوو هەوڵ ئەدەین هەموو ئەولایەنانەی هەمان بۆچونیان هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکە وابکەین لەڕێگەی جوڵاندنی شەقام و چالاکی مەدەنی ڕووبەڕوی ئەوساختەکاریە بینەوە.
زەمەن: پێتان وایە ئەو ساختەکاریەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەم کراوە تەنها بەدەستی ناوخۆیی کراوە یان وڵاتانی ئیقلیمیش هاوکاربوون؟
نزار مەحمود: ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێمان وایە بەهاوکاری و هەماهەنگی چەند لایەنێکی هەرێم و بەغدادو ووڵاتانی ناوچەکە کراوە .