256وتار

حیزب، مۆتەکەی پەروەردە

6/21/2023 1:40:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی

هەموومان ئەوە باش دەزانین حیزب بریتیە لەکۆکردنەوەی کۆمەڵێ خەڵک لەناوچوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەک لەپێناوی گەیشتن بەمەبەست وئامانجێکی دیاریکراو.

حیزبەکانی کوردستان لەکاتی خەباتی شاخ وبەرەنگاری دوژمنانی گەلەکەمان، دروشم وئامانجی ئازادی وبیروڕای ئازاد وڕێزگرتن لەبیروڕای جیاوازبووە،  بەڵام بەکردەوە هەموویان دژبەودروشمانە بوون، باشترین بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم وتەیەم شەڕی چەکداری ناوخۆی حیزبەکان بووە لەشاخ، کە دەیان وسەدان کەس لەوناکۆکیانە بوونەقوربانی.

دوای ڕاپەڕینتش چونکە بەهەمان نەفەسی عەقڵی تەسکی بەرژەوەندی حیزبی ویەکترقبوڵ نەکردن کەوتنەوە یەکترکوشتن وسڕینەوەی یەکتر، تاگەیشتە جیاکردنەوەی زۆن وناونانی ئەوناوچانە بەناوی ڕەنگی لۆگۆی حیزبەکانیان، وەک هەولێرودهۆک وئەوناوچانە بەناوچەی زەردوسلێمانی وڕاپەڕین وگەرمیان وهەڵەبجە بەناوچەی سەوز، ئەم دابەشکاریە هەتا ئێستاش برەوی پێدەدرێ، دەرخەری عەقڵی تەسک وبچووکی دامەزرێنەرودروستکەری ئەوچەمکانەن.

بەوهۆیەی ئەم دوو حیزبە هێزی چەکداروملیشیای تایبەت بەخۆیان هەیە، زۆرترگرێدراوی هێزەهەرێمیەکان بوون،ئەوەش بۆمەبەستی پاراستن ومانەوەیان لە ململانێکاندا، لەبەرامبەردا بوونە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەودەوڵەتە هەرێمیانە.
هەرکاتێک حیزب هەوڵی بەدامەزراوەیی خۆیداولەبۆتەی نیشتماندا ئامانجەکانی بەدیهێنا، هەوڵی ئەوەی دا کەنیشتمانی بێت دەستبەرداری بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبێت، ئەگەربەوردی وچاوی سەرنج وڕەخنە لەحیزبەکانی کوردستان بڕوانین ئەم حیزبانە نەنیشتمانین ونەدامەزراوەیین، بەڵکوهەمووئامانجە باڵاکان دەکەنە قوربانی خۆیان وبنەماڵەکانیان، ئەمەش وایکردوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لەم مەملەکەتە ڕوونەدات.

تەنانەت داگیرکاری وپاوانخوازی ودەستبەسەراگرتنی هەموو کەیەکان، کراوەتە ئامانجیان.
لێرەوە دەردەکەوێت دروشمی حیزبەکان تەنها هەربە گفتاربووە ونەبۆتە کردار، کاتێ پڕەنسیب نەبوو لەسیاسەتدا ئەمە ئاکامەکەیەتی.

سیاسەتمەدارو فەیلەسوف و شۆڕشگێڕ(مەهاتماگاندی ١٨٦٩-١٩٤٨)دەڵێت: (حەوت شت هەیە مرۆڤ لەناو دەبات: سیاسەت بەبێ پرەنسیپ، چێژ بێ ویژدان، سامان بەبێ کار، مەعریفە بێ بەها، بازرگانی بێ ئەخلاق، زانست بێ مرۆڤایەتی، پەرستش بێ قوربانی).
بزانە هەر یەکێک لەمانەی باسکراوە لای ئێمە چەند بەخراپی مامەڵەی لەگەڵکراوە؟

هیچ سێکتەروبەش وشوێنێک لەم ووڵاتەدا نیە حیزب وێرانی نەکردبێت ووەک مێرووی زیانبەخش گەرای تێدا دانەنابێت، ئەوەی من مەبەستمە لەسەری هەڵوێستە بکەم، کایەیەکی گرنگی ژیانە کە ئەویش پەروەردەیە، ئەم سێکتەرە بۆتە مەخسەرەی دەستی حیزبەکان بەدەستتێوەردان وبەکارهێنانی زۆربەخراپی تەنها لەبەر بەرژەوەندی تەسکی ئایدۆلۆژی، لەهەرشوێنێک سەیربکەی ولەهەرلایەک هەڵوێستە بکەی نەهیچ دەبیستی ونەدەنگت بەهیچ لایەک دەگات، هەربۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی(ئیمانوێل کانت) دەڵێت:( لە هەموو شوێنێکەوە دەنگێک دەبیستم کە بانگ دەکات، بیر مەکەرەوە).

لێرە لەم مەملەکەتە وێرانەیەی دەستی حیزبەکان هیج بڕیارێک لەپەروەردە دەرناچێت ئەگەربارەگای حیزب دەری نەکات وئاگادارنەبێت، چۆن وبەکام پێوەری زانستی وئاکاری ومرۆیی کەسێک حیزبی نەبێت لەم ووڵاتەدا جێی نەبێتەوە؟
چۆن دەکرێت حیزب لەبارەگاکانیەوە بەڕێوەبەروبەرپرسی بەشەکان بۆ پەروەردە دابنێت؟

کام حومڕانی وکام دەسەڵاتی دیمۆکراسی ئەم کارە قێزەوونە دەکات؟

حوکمڕانی باش خۆشترین خەونە بۆ گەلان، چونکە دادوەری ویەکسانی بۆخەڵک دێنێت، بۆیە شاعیری گەورەی کورد (پیرەمێرد ١٨٦٧-١٩٥٠) وتوێتی:(خۆزگە دەستورێک دەخرایە ناو، پیاو بۆ ئیش دەبوونەوەک ئیش بۆ پیاو).

چەندان ساڵە لەم هەرێمۆچکەیەی ئێمە حیزبەکان ئیش بۆ خەڵک دەدۆزنەوەوپیاوانی خۆیان دەکەنە خاوەن کار، (ڤۆڵتێر، نووسەری بەرهەمە فەلسەفیەکان، فەیلەسوف، شاعیر١٦٩٤ - ١٧٧٨)دەڵێت:( باشترین حکومەت ئەو حکومەتەیە کە کەمترین کەسی بێ کەڵکی تێیدا بێت).

ئەم وتەیەی ئەوفەیلەسوفە بێ چەندوچون حکومەتی هەرێممان پێدەناسێنێت، کە چەندە دوورە لەکایەی حوکمڕانی ڕەشید.

هەرکات بڕیارەکانی بەناوپەروەردەیی وڕاسپاردەکان کاریان لەسەرکراوچوونە بواری جێبەجێکردنەوە، کەی هەوڵدرا بەرپرسوبەڕێوەبەرلەناوبەشەکانی پەروەردە بۆحیزب قۆرخ نەکرێت وئاهێک بە گیانی پەروەردەدا هاتەوە، کەی لەبارەگای پڕجەهلی حیزب کەسە نەزانەکان نەکران بە بەرپرس، ئەوسا دەڵێین هەنگاوبەرەوچاکسازی دەنرێت، نەک وەک ئەم سی ودوو ساڵەی بەڕێکراوە کە حیزب بۆتە مۆتەکەی بڕیاردەربەسەرهەموو سێکتەرەکانەوە بەگشتی وپەروەردە بەتایبەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن