چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە، باشکردنی ژیانە
12/7/2024 10:46:00 AM
رەووف محەمەد ئالانی
چارەسەرکردن یان بەڕێوەبردنی قەیران، بریتیە لە خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی ناڕێکی ڕوونەدات
و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی ڕوویداوە و دیاردەی قەیرانەکان یاوەری دامەزراوەکانە، لە هەموو قۆناغەکانی سەرهەڵدان و بەرزبوونەوە و
دابەزین و بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی ڕووداوەکان چ قەیرانێک بە هەموو جۆرە ڕۆڵێک کاریگەری لەسەر دامەزراوەکانی پەروەردە، چ لەسەر
ئاستی ڕوخاندن و چ لەسەر ئاستی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕۆڵی
قەیرانەکان بەگشتی وامان لێدەکات دەست بۆ ئەو تاڵە باریکە ببەین کە پەیڕەوکردنی هەڕەمی
سەرکردایەتی دامەزراوەکانی پەروەردەیە، بە تایبەت و ئەوانەی توانای مامەڵەکردن و ئیدارەدانی باشیان هەیە لەسەر ئەو گرفت و قەیرانانە، زیاتر کەسە
بە ئەزموونەکان و کارامە و لێهاتووەکان، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت پلان و ستراتیژێکی
گونجاو دابنرێت و لەڕێگەیەوە دەستنیشانی
خاڵە نەرێنیەکان بکرێت و هەنگاوی چارەسەریان
بخرێتە بەردەم وبکرێنە هەنگاوی کردەیی.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دا هەروا کارێکی
سانا و سادە و ئاسان نیە، قورس و تاقەتپڕوکێنە پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی هەیە، وەک لەوەوپێش لە ووڵاتان کاری لەسەر کراوە، کە شێوازێکیان گرتۆتەبەر کە بریتییە
لە چارەسەرکردن و مامەڵەکردنێکی پەروەردەیی و زانستی و سەردەمیانە کە گونجاوبێت لەگەڵ
ڕاییکردنی ململانێ و گرژییەکاندا، لە ئەنجامدا
بۆتە هۆی نەهێشتن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا.
دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوەی کارگێڕی و
پەروەردەیی و کۆمەلایەتین کە چەندین توێژی مرۆیی لەخۆ دەگرن وەک ئەندامانی دامودەزگا
کارگێڕییەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و کرێکاران، بەدڵنیایی هانی هەمووان ئەدەن کە بەردەوامبن لەسەر ئەرکەکانیان و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان
کە خەونیان نەمانی قەیرانەکانە.
لەسەرەتادا بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی قەیرانمان
ناساند، دەکرێ ئێستا قەیرانی پەروەردە پێناسە بکەین، تا لەڕێگەی ناسین و زانینی ئەو
قەیرانانەوە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
قەیرانی پەڕوەردە بریتییە لە کۆمەڵێک کێشه و
گرفتی قووڵ له سیستەمی پەروەردەدا ، کە بونیان هەیە و دەبنە لەمپەری گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا، کە لەمانەدا کۆ دەکرێنەوە:
- نزمی ئاستی خوێندن و زانستی قوتابیان
- نەبونی پلانی باش بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان
- کەمی بودجەی پەروەردە
- گرنگی نەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی
- تێکەڵکردنی پرۆسەی پەروەردە بەمەبەستی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی
- بوونی کێشە وگرفت لە بەشەکانی هەیکەلی
وەزارەتی پەروەردە
- نەبوونی پلانێکی داڕێژراوی تاقیکراوەی
پەروەردەیی لە پێناو کوالیتی بەرزی خوێندن و فێربوون
- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان و نەگونجاندنیان
لەگەڵ ژیان و ژیاریدا
- نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی
سەردەم وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانیتر.
وا دەساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بێپلانی
و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پێگەکان و
پایەکانی شێوازی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا، شیواوی و پاشاگەردانی و بەرەو
دوا گەڕانەوە و عەقڵی تەسک وبچوکی خێلگەرا و ئابوری بەناو سەربەخۆ، خەڵکی ئەم هەرێمەیان توشی داڕمان
و بێئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، کە لایەنەکانی( ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی،
زانستی، ....) گرتۆتەوە، کە جگە لە چەند بنەماڵەیەکی خاوەندەسەڵات و خۆسەپێنی بێمۆڕاڵ، کەس لێی بێبەش نەبووە.
سێکتەری پەروەردەش وەک هەموو بەش و سێکتەرەکانیتر
بێخزمەت و پەراوێزخراوە.
ئەتوانین بڵێین کرمی گەندەڵی لەو باخەی داوە و هەرچی داری سەوزە بە ڕوونی نایەتە
بەرچاو و بەرەو وشکبون دەچێت.
لە ڕوانگەی ڕاستی ژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان،
لەلای ئەوان تاکە ڕێگەی شادبون بە ژیاری تەنها پەروەردەبوە، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک
تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری گرفتەکانی خۆی، هیچکاتێک ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.
لەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٤بۆ ٢٠٢٥ لەسەرەتای مانگی
دوانزەداین موچەی مانگی دە نەدراوە، هەرچەند دەسەڵاتی کوردی خۆی لێبێبەری دەکات و
دەیخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، بەغداش داوای داهاتی ناوخۆ داکات، لەم نێوانەدا ئەوەی
زیانی بەرکەوتووە تەنیا خەڵکی ئەم هەرێمە بێخاوەنەیە.
لەسەر گرنگی و بایەخی پەروەردە بۆ گۆڕانکاری ژیان (نیلسۆن ماندێلا )
وتوێتی: (پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان و گەشەی مرۆڤایەتی).
بۆ دەرچوون لە قەیرانی فێربوون و پڕۆسەی پەروەردە،
دەتوانم چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ پێشنیاز بکەم:
- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی
دارایی و کۆمەڵایەتییەوە
- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک
پارێزبەندی
- ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی
بەهیزکردن بۆیان
- دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی هەڵسەنگاندن
بۆ مامۆستایان نەک وەک ئەوەی ئێستا
- پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی
- دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی چالاک و
بەشداری پێکەر
- گرنگیدان بە پەروەردەی زیرەکی هەستیار
- دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ بۆ پەروەردە
- کەڵک وەرگرتن لە یارمەتی نێودەوڵەتی و
ئەزمونە سەرکەوتووەکان
- بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی
پەروەردەدا
- گرنگیدان بە پەروەردە وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام
- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی قوتابی و بە
چەقکردنی لە پرۆسەکەدا
- پەروەردەی ئاکاری و نیشتمانی
- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان
- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە
و فێربوون
وتارەکەم بە وتەیەکی گرنگی (جۆن دیوی) فەیلەسوفی پەروەردەی ئەمریکی دێنم کە
دەڵێت:
(پەروەردە ژیانە، نەک ئامادەکردن بۆ ژیان،
پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە چۆنیەتی بیرکردنەوە).