24وتار

سوود وزیانەکانی بایکۆت

1/29/2025 1:12:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی

بایکۆتکردن بریتیە لە هەڵوێستێکی کرداری یان دەکرێ بڵێین شێوازێکی مەدەنیانە و ناتوندوتیژیە بۆ فشار خستنە سەر لایەنێک یان دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی ماف و داواکارییەکان. 

ئەم هەڵوێستە کاتێک ئەنجام ئەدرێت لایەنی خاوەن دەسەڵات، دەست بگرێت بەسەر مافی ئەوانەی ئەرکەکانیان ئەنجامداوە، واتە مافەکانیان زەوت کراوە و دوور لەیاسا مامەڵەیەیان لەگەڵ کراوە، ئەوانیش بۆ سەندنەوەی مافەکانیان، هەڵوێست وەرئەگرن، بایکۆتیش یەکێکە لەو هەڵوێستانەی کە بە هێمنی و دوور لە توندوتیژی ئەنجام دەدرێت.  

لە کۆمەڵگە شارستانیەکان بایکۆت هێمایە بۆ گەشەی کۆمەڵگە و خەباتی مەدەنی، پێشکەوتنی گەل، هەر بۆیە (ماهاتماگاندی)وتوێتی: (بایکۆت بەهێزترین چەکی ناتوندوتیژییە کە گەل دەتوانێت بەکاری بهێنێت).

هیچ گومان هەڵناگرێ کە بایکۆت ڕەنگدانەوە و کاریگەری زۆری هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکان و هەڵوێستەکردن لەسەر ستەم و پێشێلکاری وڕێگرتن لێی،  وەک نیلسۆن ماندێلا وتوێتی:(بایکۆت یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ گۆڕانکاری بەبێ توندوتیژی). بایکۆت چەند جۆرێکی سەرەکی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، بەشێکیان ئەمانە دەگرێتەوە:

 ١-بایکۆتی ئابوری:
بایکۆتی ئابوری دەکرێ لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
‌أ- نەکڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی لایەنی بەرامبەر
ب- پاشەکشەکردن لە هەموو مامەڵە بازرگانییەکان
ج- هاندانی خەڵکانی تر بۆ بەشداری لە بایکۆت کردن

٢. بایکۆتی کۆمەڵایەتی:
دەکرێ بایکۆتی کۆمەڵایەتی لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە:
أ- بەشداری نەکردن لە چالاکی و بۆنەکان
ب- خۆبواردن و دوورەپەرێزی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکان
ج- ڕەتکردنەوەی هاوکاری نەکردنی ئەوانی تر و دوورەپەرێزی

٣. بایکۆتی دامەزراوەیی:
ئەم جۆرەش لەمانەدا، دەبینرێتەوە:
أ-ئەنجام نەدانی کارە خزمەتگوزارییە فەرمییەکان
ب- بەشداری نەکردن لە پڕۆسە حکومییەکان و کارگێڕییەکان و دامودەزگا فەرمییەکان

٤. بایکۆتی میدیایی و ڕاگەیاندن:
ئەم بایکۆتە دوو لایەنی هەیە:
١-میدیا ولایەنی کەسی 
أ-بایکۆت کردنی کەس و لایەنەکان بۆ میدیایەک
ب-بایکۆت کردنی میدیا بۆ کەس و لایەنەکان 

واتە میدیا چەند کەس و لایەنێک ئەخاتە لیستی ڕەش و بایکۆتی لێدوان ودەرکەوتنیان ئەکات

٢-میدیا ڕۆڵی لە بایکۆت کردندا
أ- بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی بایکۆتەکە
ب- هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە هۆکارەکانی بایکۆت کردنەکە
ج-دروستکردنی ڕای گشتی و پشتیوانیکردن

لەهەرێمی کوردستاندا لەماوەی دە ساڵدا زیاد لە حە فتا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کراوە، بەهۆی هەڵەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، بەبیانوی ئابوری سەربەخۆ، ئابوریان داڕمان و هەموو  سێکتەرەکانی  کۆمەڵگەیان  بەرەو ئاقارێکی خراپ و وێرانە ئاراستەکرد، بەتایبەت موچەخۆران، بەهۆکاری  نەدانی موچەکانیان و پاشەکەوت و لێبڕین، بە هەموو ئەمانە زیاد لە(٥١) موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە،نەدراوە یان کراوە بەنیوە موچە یان پاشەکەوت کراوە. ئەمەش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بەتایبەت مامۆستایان خۆپیشاندان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد،  ئەم خەباتە هەموو شارەکانی هەرێمی نەگرتەوە، بەڵکو بەهۆکاری دابەشبوونی جوگرافی سیاسی و حیزبی و زۆنەکان، زیاتر زۆنی سەوزی قەڵەمڕەوی یەکێتی گرتەوە، بەمەبەستی  ئیدارەدان و بەکارهێنانی  ناڕەزایەتیەکان و قۆستنەوەی بۆ ئامانجی   سیاسی و ململانێ و فشار بۆ سەر لایەنی  بەرامبەر، بۆیە دەنگی داواکاریەکان کزبوون و نەگەیشتنە هەموو هەرێم، سەرەڕای جیاوازی  بەرقەرار بوونی  دیدگای خەڵکی شارەکان  بۆ ئازادی و چۆنێتی  مامەڵەی دەسەڵاتی زۆنەکان  بۆ ماف و ئازادییەکان، وایکردووە جۆری ناڕەزایەتیەکان جیاواز بێت. هۆکارەکان  زۆرن  بەشێک لەوانە:

١-جیاوازی ئاستی مامەڵەی سیاسی و کارگێڕی زۆنەکان و گەشەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی 

٢- ململانێی دەسڵاتدارانی ناوحکومەت و زۆنەکان و بەکارهێنانی ناڕەزایەتیەکان دژ بەیەکتر زۆرجار لایەنێک پشتگیری ناڕەزایەتی کردووە وەک فشار بۆ لایەنەکەی تر، کەی ویستبێتی یان بە فشار یان بەفرمانی حیزبی کۆتایی بەو ناڕەزایەتیانە هێناوە. لە پرۆسەی بایکۆتی پەروەردەدا، چەندین لایەن زەرەرمەند دەبن و هەندێک لایەنیش سوودمەندن.

 زەرەرمەندەکانی بایکۆت:

 ١. قوتابیان وخوێندکاران: لەم ڕووانەوە زەرەرمەند دەبن:
١- دواکەوتن لە خوێندن و بابەتی وانەکان

٢-کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی زانستییان جێدە‌ێڵێت

٣-دروستبوونی بۆشایی لە زانیارییەکانیاندا

٤-کاریگەری و نیگەرانی دەروونی لیدەکەوێتەوە

٢. دایک و باوکان، لەم ڕووانەوە زەرەرمەند دەبن:
١-زۆر بوونی  ئەرکی ماڵەوە

٢- زیانی ئابوری بەهۆی تێچووی زیاتر بۆ وانەی تایبەت

3-نیگەران و بیری ئاڵۆز لەسەر داهاتووی منداڵەکانیان دروست دەکات

٤- کێشە بۆ ڕێکخستنی کاتی منداڵەکانیان دروست دەکات

٣. کۆمەڵگە:
١-دواکەوتنی کۆمەڵگە لە پێشکەوتنی زانستیدا
٢-کاریگەری لەسەر داهاتووی وڵات جێدەهێڵێت
٣- زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان

سوودمەندەکانی بایکۆت: ئەوەی لە بایکۆت سود دەبینێت:

 ١. خوێندنگە ئەهلی و تایبەتیەکان
١-زیادبوونی داواکاری خواست  لەسەر وانەی تایبەت و خوێندنی ئەهلی

٢-بەرزبوونەوەی نرخی وانەکانی خوێندن 
٣-زیادبوونی داهاتی ئەو خوێندنگە ئەهلییانە لەسەر گیرفانی خەڵک بەناچاری

بەڵام گرنگە بزانین کە لەم زیان گەیاندنەدا، ئەمانە پێویستە ڕەچاو  بکرێن:
١- زیانەکانی درێژخایەنن و قەرەبووکردنەوەیان ئاسان نییە
٢-کاریگەری لەسەر چەندین نەوە دەبێت
٣- دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی پەروەردە
٤-دواکەوتنی گەشەی ئاسایی کۆمەڵگا
هەربۆیە پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:
١- دۆزینەوەی ڕێگاچارەی خێرا
٢- گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان لایەنەکان
٣-پاراستنی بەرژەوەندی قوتابیان وخووخوێندکاران
٤- دانانی پلانی جێگرەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتە لەدەستچووەکان
گرنگە بایکۆت کردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت، هەروەها پێویستە ئامانجەکان ڕوون بن و داواکارییەکان دیاریکراو بن.
لە مێژووی خەباتی مەدەنیدا چەند نموونەیەکی نزیک لەو ووڵاتانەی بایکۆتیان کردووە و ئەو شێوازە ناڕەزایەتیە ئەنجامی هەبووە، دەخەمەڕوو :
ا- مەغریب: ساڵی ٢٠١٩ مامۆستایانی گرێبەست بایکۆتی فەرمانگەکانیان کرد
 ب- لوبنان: ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ کارمەندانی کەرتی گشتی بایکۆتیان کرد، بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی بەهای دراو
ج- یۆنان: لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ بایکۆتی فراوانی فەرمانگەکان کرا بەهۆی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران
بەڵام هیچ لەم وڵاتانە هێندەی هەرێمی کوردستانا، دەسەڵاتەکەی خەمسارد و بێباک و بێمنەت نەبووە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر دڵسۆزی و خەمی گشتی لای دەسەڵاتداران بۆ نیشتمان و گەل.
پێموایە بایکۆت ئەگەر بە پلان و بەرنامەی زانستی بێت کاریگەر و پڕبایەخە، هۆکارێکی گرنگە بۆ زیندوویی گەل، بۆیە(مارتن لوثەر) وتوێتی:
(بایکۆت تەنها ئامرازێک نییە، بەڵکو دەربڕینی ئیرادەی گەلە بۆ دادپەروەری).
ئەم شێوازە خەباتە سەلماندوویەتی کە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکانی فشار خستنە سەر دەسەڵات بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک. 
سەرکەوتنی بایکۆت پەیوەستە بە:
 ١- یەکڕیزی و بەردەوامی کە ئەمەمان لە بایکۆتی هەرێمی کوردستان نەبینی
٢-ڕوونی ئامانجەکان، زیاتر خۆی لە داواکاری موچەدا دەبینیەوە کە داوایەکی ڕەوایە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن و فشارەکان کاریگەر نەبوون، بەهۆی دەستوەردانی حیزبەکان لە ناڕەزایەتیەکان
٣- پشتیوانی جەماوەری و توێژەکانی تر وەک پێویست هاوکارنەبوو لە بایکۆت و نارەزایەتیەکاندا
٤-ڕێکخستنی باش، زۆر بەشێوازی پەرش و بڵاوی و ناڕێکی ئاراستە دەکرا، بەهۆی بێپلانی و دوور لە گوتاری ڕێکخرو و هەندێ دروشمی توندی ناپەروەردەیی کە من پێموایە وەک پەرچەکرداری بێدەنگی و ووڵام نەدانەوەی دەسەڵاتداران بەکاردەهێنران، شێوازە مەدەنیەکەی گۆڕی بۆ ناوزڕاندن.
سەرەکی ترین فاکتەری ناڕەزایی و بایکۆت، پێنەدان و بڕین و پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران  بوو، لە دەساڵی رابردوودا بەم شێوەیە موچە دابەشکرا:
 لە 2015 چوار موچە نەدرا
 لە 2016 موچە بە پاشەکەوتەوە درا
لە 2017 موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا
له 2018 به هەمان شێوە موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا
لە 2020 حەوت موچە نەدراو 4موچە ش بە لێبڕینەوە
لە 2021 هەشت موچە بە لێبڕینەوە
لە 2023سێ موچە نەدراوە
لەساڵی ٢٠٢٤ موچەی مانگی دوانزە نەدراوە، زۆربەی مانگەکانیش موچە دواکەوتوە
مافی مامۆستایان بۆ داواکردنی موچەی شایستە و دادپەروەرانە مافێکی سروشتییە. بەڵام دەبێت چەند لایەنێکی ئەرێنی و نەرێنی  لەبەرچاو بگرین سەبارەت بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن:
١-کاریگەرییە نەرێنییەکان، ئەمانە دەگرێتەوە:
١-زیان گەیاندن بە پرۆسەی خوێندنی قوتابیان و کاریگەری لەسەر داهاتوویان
٢-دواکەوتنی پرۆگرامی خوێندن و پلانی وانە وتنەوە
٣-کاریگەری دەروونی لەسەر قوتابیان و خێزانەکانیان جێدەهێڵێت
٢-کاریگەرییە ئەرێنییەکان، لەم خاڵانەدا کورت دەکەمەوە:
١- فشار خستنە سەر بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە
٢-دەرخستنی گرنگی و پێگەی مامۆستایان لە کۆمەڵگادا
٣-هاندانی کۆمەڵگا بۆ پشتیوانی کردن لە مافەکانی مامۆستایان
چەند ڕێگەچارەیەکی پێشنیارکراو دەخەمە ڕوو:
١- گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەنیدارەکان
٢- بەکارهێنانی ڕێگای یاسایی و مەدەنی، دوور لە توندوتیژی
٣-داواکردنی پشتیوانی لە ڕێکخراوە پیشەیی و دیموکراتی و جەماوەریەکان
٤- بەکارهێنانی میدیا بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی 
٥- داواکاری و سکاڵا بگەیەنرێتە لایەنە جیهانیەکانی یونسێف و یونسکۆ
بایکۆت دەکرێت وەک دوا ڕێگەچارە بەکاربهێنرێت، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت، بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە پرۆسەی پەروەردە بگەیەنێت.
چەندین ڕێگەی تر هەن کە دەکرێت پێش بایکۆت کردن تاقی بکرێنەوە:
١. ڕێکخراوەیی و نوێنەرایەتی:
أ-دروستکردنی لیژنەی نوێنەرایەتی مامۆستایان
ب-هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکاوڕێکخراوی مامۆستایان
ج- کۆکردنەوەی واژۆی مامۆستایان بۆ پشتگیری داواکارییەکان
٢. ڕێگای دیپلۆماسی:
أ- داوای دیدار لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار
ب-نووسینی نامەی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردە
ج- پێشکەشکردنی پلانی چارەسەری واقیعی 
٣. بەکارهێنانی میدیا:
أ-بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت وبەدواداچوون وبەرنامە لە سەر بایکۆت لە میدیاکان
ب- بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ج- ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە ڕەوشی مامۆستایان و فەرمانبەران
٤. هەنگاوی یاسایی:
أ-پێشکەشکردنی سکاڵای یاسایی
ب- وەرگرتنی ڕاوێژی یاسایی
ج-بەدواداچوون لە ڕێگای دادگاوە
٥. هاوکاری و پشتیوانی:
ا-داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
ب-هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانتاران
ج- وەرگرتنی پشتیوانی خێزانی قوتابیان
ئەمانە هەموو ڕێگەی ئاشتیانە و یاسایین کە دەکرێت پێش بایکۆت کردن تاقی بکرێنەوە. گرنگە هەنگاوەکان بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو و بەدواداچوونی بەردەوام بن.
 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن