هەڵوێست وەرگرتن دژی پاوانخوازی و نادادی کۆمەڵایەتی
8/4/2024 2:42:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی
لە سەرەتای دەستپێکی وتارەکەم، دەمەوێ ئاماژە بە هەڵوێست بکەم و بیناسێنم.
هەڵوێست: دەربڕینی کۆمەڵێک هەست و بیروباوەڕ و ڕەفتارە بەرامبەر بە ڕووداوێک یان بابەتێک یان بابەتگەلێکی وەک (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، پەروەردەیی، ئابووری.....)هتد.
هەڵوێست وەرگرتن زۆرجار بەرامبەر کردار وهەڵوێستی کەسێکیش سەرچاوە دەگرێت، واتە هەڵوێستی تاکە کەسی ئەویش لە کاتێکدایە کەسی بکەری رەفتارەکە لای ئەوی تر بە نامۆیی و پێچەوانە لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا هەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت، هەڵوێستەکە یان هەڵچوون دەبێت کە بە وتن و دەربڕین یان دەنگدابڕان و زویر بوون دەبێت.
ئەمەش لە بواری دەروونناسیدا وەک ئارەزوویەکی بەدەست هێنراو پێناسە دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان، لەسەر کێشە، شت، یان ڕووداوەکە بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەم هەڵسەنگاندنانە زۆرجار ئەرێنی دەبن کەسی بکەر سوودی لێدەبیننێت و ئەو ڕەفتارە باش دەکات و دووبارەی ناکاتەوە، یان نەرێنی دەبێت کەسەکە مامەڵە ناشیاوەکە بەردەوام بکات و بیکاتە ڕکەبەری و سورتربێت لەسەر ڕەفتارەکەی. یان لەوانەیە هەندێکجار نادیار و شاراوەبن و لای زۆر کەس نەگەنە ئامانج و مەبەستی ڕوون و دیار.
لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەڵوێست بەپێی سەردەم و کات وشوێن، شێوازەکانی و قۆناغەکانی ژیانی ژیاری کۆمەڵگەی کوردەواری گۆڕانی بەسەردا هاتوە و دیاریکراوە، چونکە کورد نەتەوەیەک بووە هەمیشە لە هەوڵ و خەباتدا بووە، بۆ ڕزگاری و خۆپاراستن و بەرگری لە خاکەکەی و خۆی وەک نەتەوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرزترین لوتکەی هەڵوێستە.
گەل و نەتەوەی زیندوو ئەوەیە، کە ڕێگە نەدات دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نیشتمانەکەی یان ئەو عکومەت و کەسانەی بەڕێوەی دەبەن، لە جیاتی ژیانی ئاسایی وەک مرۆڤ بژین وهاوسەنگ و یەکسان بن لەگەڵ هاونیشتمانیەکانیان. نەک ببنە چەوسێنەرو پاوانخواز ئەوەش بە دروستکردنی دەیان ڕیکخراوو کۆمەڵەی سەربەخۆ و فشار تا ببنە بەربەست لەبەردەم دروست بوونی خەونی بە دکتاتۆر بوونی دەسەڵات و ڕیبگرن لە هەستی پاوانخوازی و ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە.
ئەکرێ هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بکەینە چەند قۆناغێک پێش ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ خەڵکی کوردستان لە سەنگەری بەرگرییەکی سەختدا بووە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی ڕوخاو و گەورەترین قوربانیش هەر خەڵک داوێتی.
ئەو هەڵوێستە بە ئامانج و ئاکام گەیشت، بەهۆی وەدەرنانی ئەو ڕژێمە لە هەموو شار وشارۆچکەکانی کوردستان، لەبەرامبەردا ڕژێم دامودەزگاکانی کارگێڕی لە هەرێم کێشایەوە، هێزە کوردییەکانیش بەهۆی دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی، ساڵی ١٩٩٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ئەنجامدا و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، لێرەوە پەنجا بە پەنجا واتە دابەشکردنی دەسەڵات بۆ دوو هێز، پاش ئەوە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی ناکۆکی و ململانێی حیزبەکان و یەکتر قبوڵنەکردن شەڕی خۆبەخۆی کورد دروست بوو، لە ئاکامدا سەدان ڕۆڵەی کورد بوونە قوربانی و دوو زۆنی و دوو جوگرافیای سیاسی لەهەرێم هاتە کایەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی بۆتە جێی سەرنج و باس و تێبینی زۆر کەس، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان هەمیشە هەڵوێستیان هەبووە لەو کاتانەی پێویست بووبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران گوێیان بە خواستی خەڵک نەداوە و بە پێچەوانەوە، هەڵوێستیشیان لە ناو هزری تاکی کورددا کوشتووە.
تەنانەت ئەوەندە بێ پلان و بی بەرنامە کاریان کردووە، بە هۆی پابەند نەبوون بە یاسا و بوونی هێزی تایبەت و کەسی، کە بۆ مەبەستی پاوانخوازی بەکاریان پاوانخوازی بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا ستەم و نادادییەکی زۆر هاتۆتە ناو هەرێم و دەنگی ناڕازی زۆر بووە.
ئەو دەنگە ناڕازییانە پێویستیان بە هەڵوێستە بەڵام هەلومەرجی ڕامیاری وئاستی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و دەستوەردانی هەرێمایەتی، هەستی بەرپرسیارێتی لای هاوڵاتیان ناڕەزایەتیەکانی کردوە بە گوفتار نەک هەڵوێستی کرداری، ئەمەش بۆ نەبوونی دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.
هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر دەسەڵاتی پاوانخواز گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان و بەرقەرار کردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا.
ئەوەی نیگەرانی دروست کردوە لای خەڵک، داگیرکردنی موڵکی گشتیە لەلایەن بەرپرسان وکۆمپانیاکانی حیزبە باڵا دەستەکان، چونکە بەگشتی لەم هەرێمە لەجیاتی ئاوەدانی و کامەرانی، پاوانخوازی و وێرانکردن و داگیرکردن بۆتە پیشەی بەرپرسان و کۆمپانیاکانیان.
تەنانەت دەست درێژی کراوەتە سەر موڵکی پەروەردە و پاوانگە ولەوەرگە و موڵکی (مساطحة)واتە ئەو موڵکەی هی حکومەتە و بۆ ماوەیەکی دیریکراو بە پێی مەرج و گرێبەستی کاتی دیاریکراو دەدرێت بە کەسێک یان کۆمپانیایەک، لە ئێستادا ئەو زەویانە زۆربەیان داگیرکراون لەلایەن بەرپرسانەوە.
لەسەر لایەن و ئەو کەسانە پێویستە هەنگاوەکانی هەڵوێست وەربگرن، لە بەرامبەر ئەو پاوانخوازیانەی کراوە، کە هەڵوێستیش بەچەند ڕێگە وهەنگاوێک دەکرێن ئەوانیش بەشێکیان ئەمانەن:
١-دەرکردنی نوسراوی ناڕەزایەتی
٢-خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مەدەنیانە
٣-ڕەخنەگرتن لەرێگەی میدیاوە(نوسین وبەدواداچوون و چاوپێکەوتن و توێژینەوە)
٤- هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
٥-پشتیوانی کردنی ئۆپۆزیسیۆن(ئەگەر هەبێت)
٦-داواکردن لە داواکاری گشتی تا ڕێگربێت لە پاوانخوازی(لە کاتی دڵنیا بوون لە سەربەخۆیی دادگاکان).
ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ڕێگەکانی وەرگرتنی هەڵوێستن، کە لەم هەرێمەی ئێمە بەشێکیان ئەنجامدراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیە بۆ سەر لایەنی ئەنجامدانی کاری پاوانخوازی، هیچ وەڵام وبۆچونیان نەبوە لەسەر ئەم خواستە گرنگەی خەڵک کە هەڵوێستە.
ناڕەزایی دەربڕین پێویستیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لەمپەر وبەربەست بۆ کاری خراپ و قێزەوونی پاوانخوازی دابنرێت، (مارتن لۆسەر) لەسەر وەرگرتنی ناڕەزایی وتوێتی(هەر کەسێک گیانی مرۆڤدۆستی هەبێت، دەبێت بڕیار بدات کە چ جۆرە ناڕەزایەتییەک لەگەڵ بیروڕاکانیدا دەگونجێت، بەڵام دەبێت هەمووکەس ناڕەزایەتی دەرببڕێت).
لەم وتەیەی (لۆسەری) مەزن ئەوەی دەبێتە پێوەر و پێوانەی بوونی کایەی چاودێری و بەدواداچوون، هەڵوێست وەرگرتنە، لەسەر هەموو کایەکانی ژیان، لەو کاتەشدا ئەوەی قووڵدەبێتەوە وبەدی دێت، دوو ئامانجی گەورەن بۆ ژیان ئەوانیش، بوونی دیمۆکراسی ڕاستەقینە و یاسا ودادگایەکی سەربەخۆیە، کە هەموو مرۆڤەکان لەسایەیاندا بە کامەرانی شاد دەبن.