لە پێناو یەکخستنی توانا پەروەردەییەکان
5/15/2024 1:12:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی
کایە و بوار و سێکتەرەکانی
کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی هەمیشە بە بیر وبیرۆکەی جوان و پلان و نەخشەی زانستی و یەکخستنی
تواناکان و یەکتر قبوڵکردن، قۆناغەکانی بەدیهاتن و گەیشتن بە ئامانجی گەورە و پێشکەوتن
شاد بوون.
ئەگەر لە کایەی ڕامیاری
کوردان بڕوانین، دەبینین ئاکام و ئەنجامی
گەلی کورد چەند دوورکەوتۆتەوە، دیارە بەهۆی یەکنەگرتن و یەکنەخستنی توانا و ووزە و
پڕۆژەکان بووە، کە ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر قبوڵنەکردن و تا گەیشتۆتە لەناوبردن
و سڕینەوە و شڵەژان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شەڕی نەگریسی خۆخۆری کە بە شەڕی
براکوژی ناسراوە.
دیارە بەشێک لەمانە خودی بیرتەسکی کورد خۆی بووە و بەشەکەی تری پلان
و نەخشەی دوژمنانی ئەم گەلە بووە و کاریان لەسەر کردووە، لە ئاکامیشدا ئامانجە گەورەکەی
نیشتمان و نەتەوە دوورکەوتۆتەوە و بووە بە خەونێک و هیچی تر، کە ئەمەش بۆ هەموو
تاکێکی نیشتمانپەروەر خەمێکی هەمیشەییە.
مەبەستمە بچمە سەر
بابەتە سەرەکیەکە کە وەک هەمیشە لای زۆربەی شارەزایان و دڵسۆزان کە ئەویش پەروەردەیە،
بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی ووردی زانستی زۆر پڕۆژە نەگایشتونەتە هانگاوی ئاراستەکراو
ڕووە و ئامانجی خزمەتی پەروەردە.
ڕێزنەگرتنی یەکتر
و خۆبە پاڵەوان زانین و کەسانیتر بەکەم ناسین هۆکارێکی سەرەکی ئەو یەک دەنگ نەبوونەیە،
چونکە کاتێ مرۆڤەکان ناخرێنە چوارچێوەی سنووری ڕێزگرتنەوە، لە بەرامبەردا کینە و ڕق
و باسکردنی خراپە شوێنی کارە ئەرێنی و باشەکان
دەگرێتەوە، لەخۆڕا نیە پیرەمێردی مەزن وتوێتی:
قەدری یەکبگرن گەر
قەدرزانن
برا بن یاکتر بەسووک
مەزانن
ئەوەندەی من
بزانم و سەرنجم دابێت، لە ناو کوردستاندا ووزە و توانای زۆر هەن کە مەبەستیانە خزمەت
بەبوارو کایە گەورەکەی پەروەردە بکەن، بەڵام ئەم توانا و ووزانە نەخراونەتە بۆتەیەک
و یەکیان نەگرتووە، ئەوەش چەند هۆکارێک وایان کردووە، کە دەمەوێ بەشێکیان بخەمەڕوو
کە ئەمانەن:
١-خۆپەرستی و خۆخوازی هەندێک لەو کەسانە
کە دەیانەوێ هەموو شتێک هەر خۆیان بن و دان بەکەسانی تر کە لەخۆیان پڕئەزموونتر و
شارەزاترن بنێن
٢-دەست وەردانی کەس و لایەنی حیزبی، چونکە
حیزبەکانی کوردستان ئەوەندە عەقڵیان بچووک وتەسکبیرن، وادەبینن ئەوەی لەگەڵیان نەبێت
جێی نابێتەوە و ناکرێ هیجی هەبێت
٣-نەبوونی ئۆرگانێکی بێلایەن و فەرمی تا
ببێتە چەتری کۆکەرەوەی تواناکان، چونکە هەموو ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی شارستانی،
حیزبین و هەمووشیان بەسەرچوون، هەر لە یەکێتی مامۆستایان و یەکێتی نوسەران و سەندیکاکانی
تریش
بێگومان ئەو ئەرکە
بەکەسانی ڕۆشنبیر ئەکرێت، هەروەها ئەرکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا بە ڕوونی لە ڕێگەی
مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکەکان دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان دەزانن و ڕێز لە
پێوەر و بەهاکانی دەگرن و دەزانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن چونکە وا دەکات پەیامەکەی
بە خێرایی بگاتە زۆرترین ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر، بوونی کەسانی
شارەزا و خەمخۆر لەڕێگەی قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤار و شوێنی پەرستن(مزگەوت) لە کۆمەڵگادا
وەک کەناڵی بەهێز بۆ ئاراستە کردن وپەیوەندیکردن دیارە ئەمانەش بەهۆی یەکخستنی
توانا و ووزەی کەسە دڵسۆزەکان بەدیدێت.
یەکەم ئەرک کە ڕۆشنبیر و نوسەرانی ئەو بوارە ئاڕاستەی دەسەڵاتی
جێبەچیکردنی دەکەن، ئەوەیە کە تا چەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات
و هەڵوێستی تاکەکان بەرامبەری چییە (لە قبوڵکردن، پەسەندکردن، ڕەخنە، یان ڕەتکردنەوە)،
مانای ئەوەیە کە وەک چاودێرێکی هۆشیار بەرژەوەندی
گشتی مامەڵە دەکات و زیانی پێناگەیەنێت نەک خۆخوازی و خۆ پەرستی و خۆنمایشکردن.
خزمەتکردنی پەروەردە
بەگشتی، لە پرۆسەکە و ئەدەبی مناڵان، پێویستە نوسەران و خەمخۆران بیرو ڕاو پڕۆژەکانیان
یەکبخەن تا کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک
ئەوەی ئێستا هەیە هەرکەس بیرۆکەیەکی هەبێت، بڵێ من دەبمە خاوەنی پڕۆژەکە و کەسیتر
نابێ لەسەرووی منەوەبێت.
دەمەوێ بە فەرمودەیەکی
خودای مەزن نمونەیەکی بەرجەستەکراوی ژیانی کۆمەڵگە بخەمەڕووکە چۆن داوامان لێدەکات
لە هەموو کار و ئیشەکانماندا بۆ کاری باش هاوکار وپشتیوان بین بەڵام بۆ کاری خراپ
و نەخوازراو نەبینە هاوکار، بۆیە فەرموویەتی: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى
وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإثْمِ وَالْعُدْوَانِ..}
بەپێی ئەزموونی کارکردنم لە بواری نوسین و رێکخراوەیی
و پەروەردەدا، ئەمانەم بەرچاوکەوتوە، هیوادارم ئەو کەسانەی بەمکارانە هەڵدەستن ڕەچاوی
هەموو لایەنەکان بکەن و واز لە خۆپەرستی بێنن لەپێناو ئامانجە گەورەکە کە پەروەردەیە