پاش گۆڕانی باڵەنسی هێزو بەهێزتربوونەوەی بەغدا، نۆرەی هەرێمی کوردستانیش دێت
11/23/2026 1:01:00 PM
د. هەورامان عەلی
سەردەمانێک هەبوو کە بابانەکان هێندە دەسەڵاتیان هەبوو کە دەبوایە ئەوان ڕازیبوونایە کە کێ دەبوو بە والی ویلایەتی بەغدادی عوسمانی (وەک ئەو ساڵانەی پێشوو و هەرێمی کوردستان و بەغداد). میرنشینی سۆران چەند جارێک لەگەڵ سوپای عوسمانی جەنگاو سوپای عوسمانی شکاند. بەڵام ئەم دوانەش هەر وەک میرنشینەکانی ئیستا نەیانتوانی یەکبگرن و تواناو هێزی خۆیان یەک بخەن دژ بە دەوڵەتانی فارس و تورک. تا وای لێ هات باڵەنسی هێز گۆڕاو دەوڵەتی عوسمانی هەردوکیانی لەنێوبردن و ئێستا ئەوان تەنها ناویان ماوە..
کە باڵەنسی هێز گۆڕاو سەرەی هەرێمی کوردستانی ئێستاش هات، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەغداد دیسان دوو بیانوو دەدۆزێتەوەو هێز دەنێرێتە سەر کورد. کەسیش ئەو کاتە لەسەر ئەسپە شەلەکە گرەو ناکات و دەوڵەتان هەموو لایەنی بەغداد دەگرن.
ئەگەر کەسێک بڵێت ئەوەی سەرەوەش ڕوو نادات، دەتوانین بڵێین ئەی ئەگەر ڕوویدا ئەو کاتە چی؟ گریمان ڕوویدا. ئەوکاتە، پەشیمانی چەند دادی سۆران و بابان و ئەوانی تریدا، هەر ئەوەندەش دادی ئەوانەی ئێستا دەدات..
ڕاستییەک هەیە بەم جۆرەیە: کورد هێشتا لە سەردەمی دیوەخان و خێڵ و دەسەڵاتی ناوچەیی دەژیت و توانای بیرکردنەوەی هێشتا نەگەشتووەتە بیرکردنەوەی ئاستی نێودەوڵتیی یان نیشتیمانی. ئەمەش واتە تێگەیشتنی بە گشتی زۆر لاوازە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی (ئەمە خەڵکە گشتییەکەش دەگرێتەوە - دەبینی هەیە هەرگیز کتێبێکی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی نەخوێندوەتەوە بەڵام کاتێک کە دیتە سەر ئەم باسە - ئەو گاڵتە بە پرۆڤیسۆرش دەکات!)؛ کورد کەسانێکی مەغرور بەڕێوەی دەبەن و پێیان وایە کە هەموو دونیا قەرزداری کوردەو بەم عەقڵیەتە دەیانەوێت شتێک بۆ کورد بکەن بەڵام خۆیان هیچ زۆرێک لە خۆیان نەکەن! دووبارە، ئەمەش بەشێکی باشی خەڵکە گشتییەکەش دەگرێتەوەو هەر کەس و پێنج کەس و دەسەڵاتدار نیە.
هەر لەبەر ئەو عەقڵیەتە کۆنەی سەرەوەشە کە کورد و دەسەڵاتدارانی هەرگیز بیر لە خۆ بەهێزکردن و پێشخستنی و تواناو یەکگرتووی و هتد ناکەوە؛ هەمیشە گرەوەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەوە ڕوونادات و ئەمە ڕوونادات و ئەمریکا و ئەم و ئەو دەمانپارێزێت. بەوجۆرەش، بەپێی هەلومەرجی ناوچەیی، دەبینی لە مێژوودا کە بەردەوام دەسەڵاتێکی کوردیی بنەماڵەیی لێرەو لەوێ درستبووەو یان دەبێت و پاشانیش کە ئەو هەلومەرجە ناوچەییە نەما، ئەم دەسەڵاتە زۆر خۆیی بۆ ناگیرێت و خێرا دەتەپێت و دەبێتە مێژوو. ئیتر ئەمە شێوازی بیرکردنەوەیەو کەسێک یان میلەتێک کە نەگەشتبێتە ئاستی بیرکردنەوەی نێودەوڵتی یان نیشتیمانی، هیچ کەسێکی ناتوانیت بەزۆر وای لێ بکات کە بە دەوڵتەییانە بیر بکاتەوە یان ئەو فیکرەیەی بۆ زیاد بکات کە پەرە بە تواناکانی خۆی بدات و واز لە لۆکاڵیبوون بهێنێت – ئەو هەموو ئەوەی دەیەویت یان ویستوویەتی و خەونی پێوە بینیەوە ئەوەیە کە وازی لێ بهێنن ببێتە ئاغای گەورەی ناوچەکەی خۆیی و تەواو!
ووێنە: نەخشەی هەندێک لە دەسەڵاتە کوردییەکان لە مێژوودا.