21وتار

بۆچی بەشێك لە خەڵک پێشوازی لە داواکاری و فشارەکانی بەغدا دەکەن

11/23/2026 12:38:00 PM
سەرتیپ قەشقەیى

ئەمڕۆ بەهۆی گەندەڵی و شکستی حکومڕانی، بەشێك لە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە داواکاری و فشارەکانی بەغدا دەکەن.

بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەین کە هەرێمی کوردستان موڵکی پارتی و یەکێتی نییە؛ بەڵکو دەستکەوتی خوێن و شۆڕش و قوربانیی چەندین نەوەیە.

پێویست ناکات لە ڕێگەی بەیاننامەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاستییەکان لە خەڵك بشاردرێنەوە. خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بزانن فالح فەیاز لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم، هەروەها زەیدی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نزار ئامێدی و خالد شوانی، چ پەیامێکیان هێناوە و بەغدا بەڕاستی چ داواکارییەکی هەیە.

ئەو هێزە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی، کە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخەن، چۆن لەم ٤٨ کاتژمێرەدا خەویان لێکەوتووە؟ چۆن دەتوانن لە بەرامبەر ئەم هەموو فشار و مەترسییەدا بێدەنگ بن و هەوڵ بدەن حەقیقەتەکان لە خەڵک بشارنەوە؟

پێویستە ڕوون بکرێتەوە ڕۆڵ و هەڵوێستی عەلی زەیدی، فایەق زەیدان و تۆم باراك لەو فشارانەدا چییە. نیگەرانییەکان لەسەر نیەت و ئامانجەکانیان نابێت بەبێ وەڵامێکی ڕوون بمێننەوە.
چۆن دەکرێت خەڵک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەك بێئاگا بهێڵرێنەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی هه‌رێمى کوردستانەوە هەیە؟
قەسەم بەخوا، ئەوەی ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و پەیامەکان بێت، ناتوانێت هیچ بکات، تەنها دەبێت بڵێت: خوایە، ئەو میللەتە و ئەو هەرێمە بپارێزیت!
پێتان وانەبێت ئەگەر بەغدا دەستی بەسەر هەرێمدا گرت و بەڕێوەی برد، لە پارتی و یەکێتی باشتر دەبێت.
ئەگەر کەسێک پێیوایە هاتنی بەغدا و سیستەمی مەركەزی چارەسەری کێشەکانە، با بچێت لە پارێزگای بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بپرسێت؛ با بزانێت خەڵک لەسەر خزمەتگوزاری، گەندەڵی، بێکاری و شێوازی حکومڕانیی ناوەندی چی دەڵێن.
بەڵێ، بەغدا مافی داواکردنی جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و رێگرى له‌ قاچاخچییه‌تى هەیە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە بیانوو بۆ سنووردارکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم  و مافى نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
مەترسیی گەورە ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە تووڕەیی لە حیزبەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێم لەدەست بدەین و سبەی نەتوانین بیانگەڕێنینەوە و دواتر پەنجەی پەشیمانی بگەزین.
حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە قوربانیی شکستی حکومڕانی و ملمڵانێی سیاسی دوو هێزى نا به‌رپرس.
تۆم باراکی جەردە هیچ جیاوازییەکی لە سایکس و بیکۆ نییە.
بەسە، واز لەو سەرسەرییە بهێنن! ئەوەندە نامەی لەگەڵ مەگۆڕنەوە و ئەوەندە خۆشباوەڕ مەبن بە پەیام و بەڵێنەکانی.
باراك پێش هەموو شتێك بازرگانه‌ و نوێنەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، نەك پارێزەری ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ساڵانێك خەبات و قوربانیدان و هەبوونی هێزێکی چەکداری گەورە و عەقائیدی، لە کۆتاییدا، لە چوارچێوەی شەڕێکی گەورە و دواتر له‌ ڕێککەوتنێکدا کە تۆم باراکی سەخیف پشتیوانیی لێ دەکرد، دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە مەزڵوم عەبدی پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریای وەرگرت، لەگەڵ دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ حەسەکە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن