68 کوردستان

پەیامێکی بەپەلە لە كۆڕی كوردانی فەرەنساوە بۆ پارتی‌و یەکێتیی

12:32 - 23/11/2026

زەمەن - هەواڵ
لەڕاگەیەندراوێکی بەپەلەو هۆشداریدەردا کۆڕی کوردانی دانیشتوی فەرەنسا ڕوو لەلایەنە سیاسییەکان‌و کۆمەڵگەی مەدەنیی باشوری کوردستان داوادەکات، "سەروەریی نەتەوەیی لەسەروی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە دابنرێت"، هاوکات هۆشداریدەدات، "قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتیی، دڵەڕاوکێیەکی گەورەی سەبارەت بەپارچەپارچەبونی هەرێمی کوردستان دروستکردوە".

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "ئەزمونی هەرێم وەرچەرخانێکی مێژویی‌و دەستکەوتێکی گەورەیە کە وەک نوێنەری سیاسیی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لەمانگەکانی ڕابردودا ململانێکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەرلەمانیان کردوەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی مەترسیدار کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر داهاتوی هەرێم".

کۆڕی کوردانی فەرەنسا تیشکیخستوەتەسەر دۆخی هەستیاری ناوچەکەو جەختیکردوەتەوە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جدیدایە؛ بەجۆرێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەڵدێری ڕوخاندایە، سوریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع هێشتا سەقامگیر نەبوەو تورکیاش نیگەرانی لاوازبونی پێگەی خۆیەتی، هەموو ئەم وڵاتانەش هەوڵدەدەن کورد بێهیوا بکەن تا مۆدێلی هەرێمی کوردستان لەبەشەکانی دیکە دوبارەنەبێتەوە".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆڕی کوردانی فەرەنسا سێ داواکاریی سەرەکیی ئاراستەی پارتی، یەکێتیی‌و لایەنەکان کردوە، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت، "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان لەسەروی بەرژەوەندییە تەسکەکانی هەر حزب‌و گروپێکەوە دابنرێت".



ڕاگەیاندنی کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەڕانسە
ڕوو لە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی باشووری کوردستان

با سەروەریی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی بێت

کوردستان وەک وڵاتێکی دابەشکراو و کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، لە دوای ڕووخانی میرنشینە کوردییەکانەوە تا ئەمڕۆ بە سەرهەڵدان و خەباتی بێوچان هەوڵی داوە سەروەری بەسەر خاکی خۆیدا بەدەست بهێنێت. جیا لە ئەزموونی باشووری کوردستان، ویست و داخوازی بۆ سەروەری تەنیا لە چەند ساتێکی کورتدا هاتووەتە دی؛ وەک کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات و خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دوای ماوەیەک بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە لەناوچووە. هەر لەبەر ئەمەش ئەزموونی باشووری کوردستان وەرچەرخانێکی گرنگ بووە لە مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا؛ چونکە خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی ئەم بەشە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی توانیان دەسەڵات لە وڵاتی عێراقدا دابەش بکەن، هەرێمێکی فیدراڵ بۆ خۆیان دابمەزرێنن، ئاکامی خەباتی نەتەوەیییان بکەنە دەسەڵاتێکی هاوشێوەی دەوڵەت و وەک ڕاستییەک بیسەلمێنن.

ئەزموونی دەسەڵاتداریی کورد لە باشووری کوردستان، سەرەڕای هەموو کەموکووڕییەکانی لە چۆنیەتیی حوکمڕانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیدا، ئەوەی سەلماندووە کە دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی کوردی — کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک نوێنەری سیاسیی کوردستانییانی باشوور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت — دەتوانێت لە هەر دەوڵەتێکی فارسی، تورکی و عەرەبی زیاتر نوێنەری سیاسی و پارێزەری مافەکانی کوردستانییان بێت. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە مێژووی خەباتی کورد و بیرەوەریی هاوبەشی ئەم نەتەوەیە شایەدی لەسەر دەدات.
بەڵام ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە بێ ئیرادەی نەتەوەیی، وشیاریی سیاسی و یەکگرتوویی، هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان بوونی نییە. بۆیە بەداخەوە مشتومڕەکان و ململانێکانی نێوان دوو حیزبە سەرەکی و دەسەڵاتدارەکەی باشوور، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەریکە مەترسییەکی گەورە بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە دروست بکەن. قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە لە مانگەکانی ڕابردوودا وایان کردووە پەرلەمان — وەک دامەزراوەیەکی گرنگ کە دەتوانێت نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەییی خەڵکی باشوور بکات و ڕۆڵی گرنگ لە سەقامگیریی دیموکراسیدا بگێڕێت — ببێت بە گۆڕەپانی ململانێیەکی مەترسیدار؛ بە جۆرێک ئەمە دڵەڕاوکێی گەورەی لای هەموو کوردستانییان سەبارەت بە پارچەپارچەبوونی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریی جددیدایە و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەندێری ڕووخاندان؛ یان سووریای ئەحمەد شەرع هێشتا نەیتوانیوە سەقامگیر بێت و تورکیاش نیگەرانی لاوازبوونی پێگەی خۆیەتی لە نەزمی داهاتووی ناوچەکەدا. هەروەها هەموویان لە هەمان کاتدا کورد بە دوژمنی خۆیان دەزانن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەکەمان و بێهیواکردنی خەڵکی کوردستان، تا لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا مۆدێلێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە بەشەکانی دیکە نەیەتە دی.
ئێمە وەک کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەڕانسە، کە هەموو کات هەوڵمان داوە بەرامبەر بە پێشهاتەکان، ڕووداوەکان و دۆخە تایبەتییەکانی کوردستان لە هەموو بەشەکان لە ئاست و ڕوانگەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانەکەمانەوە هەڵوێست وەربگرین، داوا لە گشت لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی باشووری کوردستان، بەتایبەت دوو حیزبی سەرەکی و بەرپرسیار لە دروستبوونی ئەم ناکۆکییانە واتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەکەین کە:

1. پاراستنی یەکپارچەیی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندییە تەسکەکانی هەر حیزب، گرووپ یان لایەنێکی سیاسییەوە دابنێن.
2. با هەولێر بۆ ئێوە ڕۆڵی ناوەند بگێڕێت نەک بەغدا، ئانکارا یان تاران؛ کێشەکانتان لە ناوەندی کوردستان و بە ڕێگەی وتووێژ، بە پشتبەستن بە عەقڵانییەتێکی مۆدێرن و لە چوارچێوەی ڕێکارە دیموکراتییەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا چارەسەر بکەن.
کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕووناکبیران و گشت میدیا حیزبی و ناحیزبییەکانی باشووری کوردستان، بە خوڵقاندنی کەشوهەوایەکی مەدەنی و ژیرانە بۆ دانوستانی ڕەخنەگرانە لەبارەی کێشەکانەوە، ئەرکی نەتەوەییی خۆیان بەجێ بگەیەنن و بەم شێوەیە ڕێگە بگرن لەوەی کە لەم دۆخە قەیراناوییەدا هیوا و متمانەی سیاسی لە فەزای گشتیدا کەم ببێتەوە. ئەوان دەشێ یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی کە هەست بە پێداویستیی گەلەکەمان لە پاراستنی کوردستاندا وەک جاران بەهێز بمێنێتەوە.

کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەڕانسە
٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ – پاریس

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن