١٢ هەزار مووچەخۆر دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە
02:02 - 23/11/2026
زەمەن_هەواڵ
بەهۆی تۆمارنەکردنی ناوەکانیان لە پڕۆژەی هەژماری من و وەرنەگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان، دوو مانگە مووچەی نزیکەی 12 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پڕۆژەی هەژماری من، داتا و ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی هەژماری منیان هەیە بلاوکردەوە و دەڵێت: لە کاتێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٥٠ هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە و یەک ملیۆن و ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە مووچەی مانگی ١٠ـیان وەرگرتووە، بەڵام بەشێک لە مووچەخۆران بەهۆی خۆتۆمارنەکردن یان وەرنەگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیانەوە مووچەکانیان ڕاگیراوە.
دەشڵێت: نزیکەی 12 هەزار مووچەخۆر دوو مانگە مووچەکانیان ڕاگیراوە و نزیکەی حەوت هەزار کەسیان خۆیان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە و ئەوانەی دیکەش نزیکەی چوار مانگە کارتەکانیان تەواو بووە و وەریان نەگرتووەتەوە.
هاوکات، تیمی هەژماری من هۆشداری دەداتە مووچەخۆران کە هەر کەسێک کارتە بانکییەکەی ئامادە بێت و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا وەری نەگرێتەوە، مووچەکەی ڕادەگیرێت.
هاوکات ڕوونی کردووەتەوە کە دوای ئەوەی ئەو مووچەخۆرانە خۆیان تۆمار کرد و کارتەکانیان وەرگرتەوە، سەرجەم مووچە کەڵەکەبووەکانی ئەو مانگانەشیان پێ دەدرێتەوە کە مووچەکانیان ڕاگیرابوو.