871 ناوچەی

بۆمبەكانی بەردەم كازمی
گەندەڵی ‌و نرخی نەوت بۆ عێراق لە داعش ‌و كۆرۆنا مەترسیدارترە

12:57 - 13/05/2020

"زەمەن"
خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان لە پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا یەكێك بوو لە هۆكارە سەرەكییەكانی هەڵگیرسانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی لە عێراقدا، حاڵی حازر نرخی نەوت مەترسیەكانی سەر ژیانی خەڵكییان لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە.

بەختێكی خراپ بۆ عێراق

لە وتارێكدا پاتریك كوكبیرن كە لەرۆژنامەی ئیندپندنتی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە پێشبینی كردووە ئەو زیانەی عێراق بەهۆی دابەزینی نەوتەوە بەری دەكەوێت زیاترە لە زیانەكانی داعش ‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئاماژەی بەوەكردوە، پێشتر داعش ‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا بە مەترسیە سەرەكییەكانی سەر عێراق هەژماردەكران، بەڵام ئێستا دابەزینی نرخی نەوت بە مەترسی بۆ سەر عێراق ‌و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت بەتایبەت ئەوانەی پشت بە نەوت دەبەستن، بەڵام پێشبینی كردووە مەترسیەكان لەسەر عێراق زیاتر بن كە ئێستا دانیشتوانەكەی 38 ملیۆن كەسە‌و بەوتەی پاتریكیش 40 ساڵە لە ناو قەیران‌و جەنگدا دەژین.
عێراقییەكان تووشووی دابەشبونێكی قوڵ ‌و بەختێكی خراپ ‌و رەشبوون، چونكە ئەوان لە وڵاتێكدا دەژین كە بووەتە گۆڕەپانی ململانێكانی نێوان ئەمریكا ‌و ئێران.
ئەو باسیلەوەكردووە، "كێشەی عێراق ئاسانە بەڵام چارەسەركردنی قورسە"، عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت ‌و بە قازانجی نەوت دەژی، بەڵام ئێستا نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەهۆی كۆرۆناوە دابەزیوە، لەسەدا 90 داهاتی وڵات لە هەناردەی نەوتەوە بەدەستدێت، بەڵام لە مانگی چواردا تەنیا یەك ملیار‌و 400 ملیۆن دۆلاری لە نەوت دەستكەوتووە، لەكاتێكدا حكومەت پێویستی بە پێنج ملیار دۆلارە بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان، لە دۆخێكی لەمشێوەیەدا حكومەت ناتوانێت موچەی چوار ملیۆن‌و 500 هەزار كەس بدات كە لە فەرمانگە حكومییەكاندا كار دەكەن.
بەبڕوای پاتریك ئەم پرسە هاوشێوەی داعش ‌و كۆرۆنا كاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا دەبێت. 

ئایا كازمی دەتوانێت جەنگی گەندەڵی بكات؟
چاودێرانی دۆخی عێراق باسیان لە هەندێك ئاڵنگاری ناوخۆیی‌و دەرەكی كردووە كە رووبەڕووی حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەبنەوە.
بەشێك لەو چاودێرانە پێیانوایە "گەندەڵی" مەترسیدارترین مەلەف دەبێت كە رووبەڕووی كازمی دەبێتەوە، لەگەڵ پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران ‌و ئەمریكا بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
ئیبراهیم زوبێدی لە رۆژنامەی "عەرەبی" لەندەنی وایدەبینێت چەند پرسێك هەن ناكرێت یەكلاكردنەوەیان دوابخرێت یاخود بە پاساوی جۆراوجۆر جەماوەریان لەسەر چەواشە بكرێت، ئەوانیش "هەڵبژاردنی پێشوەختە، دادگاییكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران، دوورخستنەوە گەورە گەندەڵكاران" كە لەلایەن كازمی ناسراون بە حكومی پێگەكەی پێشوو كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە.
یەكێكی تر لە ئاڵنگارییەكان چەككردنی حەشدی شەعبیە‌و ئازادكردنی دەسەڵاتی دادوەرییە لە دەستی حزب ‌و میلیشیاكان.
بەبۆچونی غەسان شربل، سەرنوسەری رۆژنامەی "شەرقلئەوست" چاپی لەندەن گەورەترین مەلەفی مەترسیدار لە بەردەم سەرۆك وەزیرانی نوێدا، "مەلەفی شكستی عێراقە لە دوای حوكمی سەدام حسێن" ئەوەش بەهۆی شكستی لە بونیادنانی دامەزراوە دەستوورییەكان‌و پاراستنی مافی هاوڵاتیان‌و هەیبەتی دەوڵەت.
بەتێڕوانینی غەسان هەنگاوی لایەنە سیاسیەكان بە ئاڕاستەی بونیادنانی دەوڵەتدا نەبوون بەڵكو هەموویان شەڕی ئەوەیان كردووە بەشی خۆیان لە داهاتی وڵات بەدەستبهێنن.
ئەم نوسەرە زیاتر دەڕوات ‌و دەڵێت عێراق رووبەڕووی تاڵانی‌و بڕۆییەكی بێ‌ پێشینە بووەتەوە‌و لە كاتێكدا لەسەر نەوت دەخەوێت بەڵام موچەی خانەنشینانی پێنادرێت.."حزبی گەندەڵ، گەورەترین حزبی عێراقین لە دوای رووخانی سەدامەوە كە حزبی پێكهاتە‌و مەزهەب‌و نەتەوەكان" غەسان وای نوسیوە.
چاودێرێكی تریش لە رۆژنامەی "عەرەب"ی چاپی لەندەنی باسیلەوەكردووە لەلای مستەفا كازمی چەند خواستێك هەن، كە یەك ناگرنەوە لەگەڵ خواستەكانی ئێران ‌و پەیوەندیان بە داهاتووی عێراقەوە هەیە كە حاڵی حازر بە دەست گەندەڵی ‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە دەناڵێنێت‌و عێراق ئێستا مایەپووچە، ئەو چاودێرە پێیوایە هیچ بژاردەیەك لە دەستی سەرۆك وەزیراندا نیە كە دەیەوێت پارێزگاری لە ئاشتی كۆمەڵایەتی بكات، جگە لەوەی بەدەم داواكاری جەماوەرەوە بچێت ‌و دامەزراوەكانی دەوڵەت بونیاد بنێتەوە‌و چەك بە تەنیا لەدەستی سوپادا بهێڵێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن