ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت.. چۆن گیرا و چۆن ئازاد كرا..زیانە مادی و گیانییەكانی چەندبو؟
05:55 - 10/06/2023
زەمەن-عێراقی
رۆژی شەشی حوزەیرانی ٢٠١٤ ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە میانی سێ رۆژدا و بەدیاریکراوی لە نۆی حوزەیران ھێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا کە بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت .
شاری مووسڵ لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا، بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرا.
داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە دوای ئەو ھات کە ھەزاران سەربازی سوپای عێراق بێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەک ھەڵاتن و چەک و جبەخانەی گەورەی سەربازییان بۆ رێکخراوەکە جێھێشت، ئەمەیش بووە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازیی داعش و لێرەوە جوڵەکانی خۆی دەست پێ کرد و پێگەی خۆی لە عێراق بەتایبەت لە شاری مووسڵ بەھێز کرد.
رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، گوتەبێژی داعش، ئەبو محەمەد عەدنانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا خەلافەتی ئیسلامی لە مووسڵ راگەیاند، ھاوکات ئەبوبەکر بەغدادی-یشی بە خەلیفە راگەیاند.
چەند رۆژێک دواتر و بەدیاریکراوی لە رۆژی چواری تەمووزی ھەمان ساڵ، ئەبوبەکر بەغدادی لە گوتاری نوێژی ھەینیی لە مزگەوتی نوری لە شاری مووسڵ بەدیار کەوت و رایگەیاند کە شوێنکەوتووانی خەلافەتیان راگەیاندووە و ئەویشیان وەک خەلیفە دیاری کردووە.
دواتر چەکدارانی داعش ھێرشی فراوانیان بۆ داگیرکردنی شارەکانی دیکەی عێراق و فراوانکردنی ھەژموونی خەلافەتەکەیان دەست پێکرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک-دا بگرن.
ــ ھۆکارەکانی کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتوانی شاری مووسڵ و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دژبە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەکانیان، ھەروەھا نەبوونی دەرفەتی کار و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی ھۆکار بوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون، بەبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی شاری مووسڵ و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون پێکھێنرا.
وێڕای کارەکانی لیژنەکە و کاری چەندین لیژنەی دیکە کە بۆ ھەمان مەبەست پێکھێنران، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ ھۆکارێک بۆ کەوتنی شارەکە بەدەستی داعش دیاری نەکراوە، تەنھا ئەوە نەبێت کە بەرپرسانی ئەو کاتی نەینەوا و ئەندامانی لیژنەکان لە راگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆکوزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی بەرپرسە لە کەوتنی شارەکە.
ــ زیانە گیانی و ماددییەکانی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە
لە یەکی مانگی تەمووزی ٢٠١٧ دا، رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی عێراق بڵاویکردبووە، ژمارەی ئەو مەدەنیانەی کە لە کەوتنی شاری مووسڵ تا کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە کوژراون، گەیشتووەتە ٤٠ ھەزار کەس.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە میانی داگیرکردنی شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھەزار و ٤٢٩ مەدەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، کوژراون.
ئاشکراشی کردبوو کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، ٣٠ ھەزار تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
بە گوتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش، بەرێژەی لە سەدا ٧٠ زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و رایانگەیاندووە کە زیانە ماددییەکانی شەڕی مووسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.
ــ بەھۆی پەلامارەکانی داعش بۆسەر پارێزگای نەینەوا ٣٥٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون
لە کاتێکدا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەھۆی ھێرشەکانی داعش بۆسەر شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٧، ٢٣٥ ھەزار کەس ئاوارە بوون، بەڵام پێشتر بەرپرسانی پارێزگاکە ئاشکرایان کردبوو کە ٣٥٠ ھەزار کەس ئاواربوون.
ژمارەیەک زۆر لە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا، روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە کەمپەکاندا نێشتەجێ کران.
حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی شەڕی داعش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی دیکەیان بەهۆی رووخانی خانووەکانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکاندا دەژین.
ــ داگیرکردنی شاری مووسڵ و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی عیراق ھەموو جیھانی تووشی شۆک کرد
داگیرکردنی شاری مووسڵ و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی عێراق لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، وڵاتانی جیھانی تووشی شۆک کرد، ئەوە بوو لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتیی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا، پێکھێنرا.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە ٨٥ وڵات تیایدا ئەندامن لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ساڵی ٢٠١٧ رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریی ھەبوو لە تێکشکاندن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.
ھەروەھا ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ساڵی ٢٠١٧ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، چەندین ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێکخراوی داعش لە عێراق ئەنجامدا کە لە میانیدا گورزی گوشندەیان لە تیرۆریستانی رێکخراوەکە وەشاند.
ــ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ
رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەستی پێکرد و رۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.
سەرۆکوەزیران ئەوکات و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش راگەیاند.
بەڵام وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانییەوە، ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار
سەرچاوە: ئەنادۆڵ