لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ بەدەستھێنانی 245 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کێبڕکێ دەکەن
11:53 - 31/07/2023
زەمەن-عێراقی
بڕیارە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی
ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە
ئەنجام بدرێت. لایەنە سیاسییەکانیش بۆ بەدەستھێنانی ٢٤٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کێبڕکێ دەکەن.
داوی ئەوەی رۆژی ٢٠ی مانگی حوزەیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی
عێراق رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
پارێزگاکان دیاریی کرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ئامادەکارییەکانی
بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەست پێ کرد.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانیدا
رۆژی یەکی تەمووز دەستی کرد بە تۆمارکردنی ناوی ئەو پارت و ھاوپەیمانانەی کە دەیانەوێت
بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ھەیمان تەحسین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا
لە ٢٨ی تەمووز رایگەیاند کە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانییەکان لە ٣٠ی
تەمووزدا کۆتایی دێت.
ھەیمان تەحسین ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا (٢٨ی تەمووز)،
٢٧٠ حزب ناویان تۆمار کراوە.
ناوبراو باسی لەوەیش کرد کە ١٥ حزبی دیکەیش داواکارییان
پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
لای خۆیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان،
جومانە غەللای رایگەیاند کە ١٤ ھاوپەیمانیی نوێ و شەش ھاوپەیمانیی پێشوو داواکارییان
پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، بێ ئەوەی ئاماژە بە
ناوەکانیان بکات.
جومانە غەللای ئاماژەی بەوەیشداوە کە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان،
وادەی تۆمارکردنی ئەو حزب و ھاوپەیمانێتییانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا
بکەن، تا شەشی ئاب درێژ کردووەتەوە.
بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
پارێزگاکان، یاساکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان
کراون بە یەک یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر
ئەنجامەکان جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە و رێگا بە
ھیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حزب و فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت
بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیکە تا ئەو کاتەی حکوومەت پێکدەھێندرێت.
ھەروەھا لە ١٥ی ئەم مانگەوە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان،
پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەست
پێ کرد کە تا ١٣ی ئاب بەردەوام دەبێت، بەڵام ھێشتا کۆمیسیۆن ئەوەی رانەگەیاندووە کە
تا ئێستا ناوی چەند بەربژێری تۆمارکردووە.
بەپێی ئەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو، ٢٣
ملیۆن و ٣٦٧ ھەزار و ٨١ کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان
ھەیە و لەو ژمارەیە ١٨ ملیۆنیان داتاکانیان نوێ کردووەتەوە.
بڕیاردراوە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی
ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام پرۆسەکە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ماوەی ١٠
ساڵە ئەنجام نەدراوە.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە
ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی
پارێزگاکان سڕ کرا.
- دابەشکردنی
کورسییەکان بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەموار
کراو
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەپێی ھەمواری
سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەموار کراو بەپشت بەستن بە
دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەم شێوەیە دابەش کراوە؛
"١٤ کورسی بۆ پارێزگای ئەنبار ١٠یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەت، ٢١ کورسی بۆ
پارێزگای بەسرە ١٥یان بۆ پیاو و پێنج بۆ ئافرەت لەگەڵ یەک کورسی کۆتا بۆ مەسیحییەکان،
١٢ کورسی بۆ پارێزگای قادسییە نۆیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت، ١٠ کورسی بۆ پارێزگای
موسەننا حەوتیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت، ١٣ کورسی بۆ پارێزگای نەجەف ١٠یان بۆ
پیاو و سێیان بۆ ئافرەت، ١٦ کورسی بۆ پارێزگای بابل ١٢یان بۆ پیاو و چواریان بۆ
ئافرەت، ٥٠ کورسی بۆ پارێزگای بەغدا ٣٥یان بۆ پیاو و ١٢یان بۆ ئافرەت لەگەڵ سێ
کورسی بۆ پێکھاتەکانی مەسیحیی، سابیئەی مەندائی و کوردی فەیلی، ١٣ کورسی بۆ پارێزگای
دیالە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت، ١٦ کورسی بۆ پارێزگای زیقار ١٢یان بۆ پیاو
و چواریان بۆ ئافرەت، ١٣ کورسی بۆ پارێزگای سەڵاحەددین ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ
ئافرەت، ١١ کورسی بۆ پارێزگای کەربەلا ھەشتیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت، ١٤ کورسی
بۆ پارێزگای کەرکووک کە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت لەگەڵ یەک کورسی بۆ کۆتای
مەسیحییەکان، ١٢ کورسی بۆ پارێزگای میسان کە ھەشتیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت لەگەڵ
یەک کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی، ٢٧ کورسی بۆ پارێزگای نەینەوا کە ١٨یان
بۆ پیاو و شەشیان بۆ ئافرەت لەگەڵ سێ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی مەسیحی، ئێزدی و شەبەک،
١٣ کورسی بۆ پارێزگای واست کە نۆیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەت لەگەڵ یەک کورسی کۆتا
بۆ کوردی فەیلی".
- ئامادەکاریی
لایەنە شیعەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا
لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستیان کردووە بە ئامادەکاری
بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بەدەست بھێنن.
لەو چوارچێوەیەدا، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی بەفەرمی رایگەیاندووە کە بەنیازە، بە لیستێک
دوور لە پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیی بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا
بکات.
مامۆستا لە بەشی راگەیاندن لە زانکۆی بەغدا، فازڵ بەدرانی
لەبارەی سروشتی ھاوپەیمانێتییەکانی لایەنە شیعەکان بە تایبەتی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
کە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تووشی شکستی گەورە بوو، پێی وایە
ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا خۆی خستە سەر رێگایەکی تایبەت لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیەی
کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەدەستی ھێنابوو کە ٣٤ کورسی بوو.
فازڵ بەدرانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند کە ھاوپەیمانی دەوڵەتی
یاسا پێی وایە جەماوەرێکی جێگیری ھەیە و دەکرێت زیاد بکرێت، ئەمە جگە لەوەی چاودێری
ئاستی جەماورەیی رەوتی سەدر دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت بەشداری ھەڵبژاردنەکانی
داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات یان نا، چونکە دەوڵەتی یاسا وای بۆدەچێت، ئەگەر
رەوتی سەدر بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا نەکات، ئەوا دەسەڵاتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا
زیاتر دەبێت.
فازڵ بەدرانی لەو باوەڕەدایە کە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
پارێزگاکاندا، چوارچێوەی ھەماھەنگی بەرتەوازە دەبێت، چونکە لەوانەیە ھاوپەیمانی دەوڵەتی
یاسا لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بچێتە دەرەوە، جگە لەوەیش رەوتی حیکمەی نیشتمانیی
بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و ھاوپەیمانی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی بەیەک لیست
بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن، ئاماژەی بەوەیشدا کە لایەنەکانی
سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی بەئاراستەی یەک ھاوپەیمانێتیی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی
ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ناکەن.
- چاوەڕوان
دەکرێت لایەنە سوننەکان بە لیستی جیاواز بەشداری بکەن
لەوبارەیەوە مامۆستا لە بەشی راگەیاندن لە زانکۆی بەغدا،
فازڵ بەدرانی رایگەیاند کە لایەنە سوننەکان دەیانەوێت بە لیستی جیاواز بەشداری لە
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن، لەنێویاندا ھاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی، ھاوپەیمانی سەروەریی، بەسەرۆکایەتی خەمیس
خەنجەر، پرۆژەی عەرەبی، بەسەرۆکایەتی جەمال زاری و ھاوپەیمانی عەزم، بەسەرۆکایەتی
موسەننا سامەڕائی.
لایەنە سوننەکان بە ئامانجی ئەوەی قەبارەی دەنگدەرانی خۆیان
بزانن، دەیانەوێت بە لیستی جیاواز بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا
بکەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی ھاوپەیمانی تەقەدوم لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا
لەنێو لایەنە سوننەکان زۆرترین کورسی بەدەست ھێنا کە ٣٧ کورسی بوو.
- ھێشتا
دیار نییە رەوتی سەدر بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکات یان نا
لەوبارەیەوە سەرکردەیەک لە رەوتی سەدر کە نەیویست ناوی
ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند لەئێستادا، سەرکردەی رەوتی
سەدر، موقتەدا سەدر بە جیددی ھەڵسەنگاندن دەکات بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی
ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا.
ئاماژەی بەوەیشدا کە خۆپیشاندانەکانی "سەرخستنی
قورئان" کە سەدرییەکان لە رۆژانی رابردوودا لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی
عێراق ئەنجامیاندا، ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ پرۆسەی سیاسیی.
موقتەدا سەدر کە لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین
ژمارەی کورسی (٧٣ کورسی) بەدەست ھێنا لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسیی راگەیاند.
- بەشداریکردنی
کورد لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا
ھاوکات بەھۆی ناکۆکییەکانەوە، ھێشتا دیار نییە لایەنە
کوردییەکان بە چەند لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە
کێشە لەسەرەکان دەکەن، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی یاساکە
بۆ کورد وا باشترە بە دوو لیستی بەھێز بەشداری بکەن.
بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی
ئیسلامیی و کۆمەڵی دادگەریی و ژمارەیەک لایەنی سیاسیی دیکە لەگەڵ ئەوەدان کورد بە یەک
لیست بەشداری بکات.
لەمبارەیەوە بەرپرسی رایگەیاندن لە لقی سێ پارتی دیموکراتی
کوردستان لە کەرکووک، ئەحمەد خورشید لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند
"ئەگەر کورد بتوانێت بە دوو لیستی جیاواز بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
پاریزگاکاندا بکات، ئەوا قازانجی زیاترە و لە بەرژەوەندی خۆیانە و دەتوانن کورسی زیاتر
بەدەستبھێنن".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەوڵی زۆر جیددی ھەیە بۆ ئەوەی
کورد بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکات.
ھاوکات لەسەر هەمان پرس لە میانی چەند رۆژی رابردوودا،
شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەل بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی و
کۆمەڵی دادگەریی کۆبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکاندا، ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکانی
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراو و لەوباریەوە رایانگەیاند کە
پاڵپشتیی لەوە دەکەن کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا
بکات.
ئەمەیش لە کاتێکدایە، لایەنە کوردی، عەرەبی و تورکمانەکان
لە کەرکووک بەردەوام لە ھەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین
کورسی و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کام
لایەن کەرکووک بەڕێوە دەبات.
- تورکمانەکان
دەیانەوێت بە یەک لیست بەشداری بکەن
لەمبارەیەوە ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
لە پێکھاتەی تورکمان، فەوزی ئەکرەم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، سەرجەم
لایەنە سیاسییەکانی تورکمان گفتوگۆکانیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری
لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن.
فەوزی ئەکرەم ئاماژەی بەوەدا کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە
تورکمانەکان بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک پەراوێز خراون و گوتی: "گرنگە لە ھەڵبژاردنەکانی
داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، ھەوڵبدەین بەیەک لیست بەشداری بکەین بۆ ئەوەی
بتوانیین زۆرترین کورسی بەدەستبھێنین".
ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکیان ھەڵبژاردنی پارێزگار و بەرپرسانی
جێبەجێکاری دیکەی پارێزگاکانە و دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە پلانی پڕۆژەکان ھەڵبوەشێننەوە،
دەستنیشان و پەسەندیان بکات بەپێی ئەو بوودجەیەی کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە
بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت.
سەرچاوە: ئەنادۆڵ