715 ناوچەی

هەڵبژاردن و خۆپیشاندان و قەیرانى دارایی لە عێراق

09:57 - 26/10/2020


"زه‌مه‌ن"

پاش ململانێ و ناکۆکییەکى زۆر لەسەر بڕگەى بازنەکانى هەڵبژاردن دواجار کوتلە سیاسیە گەورەکانى عێراق لە ئەنجومەنى نوێنەران، لەسەر فرەبازنەیی لەسەرجەم پارێزگاکان رێککەوتن جگە لە هەردو پارێزگاى نەینەوا و کەرکوک کە بڕیارە بەجیا و بەمزوانە ئەوانیش یەکلا بکرێنەوە.



بەپێى رێککەوتنەکەى کوتلە سیاسیەکان، عێراق دابەشدەکرێت بۆ (83) بازنەى هەڵبژاردن و هەر بازنەیەک نابێت لە سێ کورسى کەمتر و پێنج کورسی زیاتر بێت بەرەچاوکردنى کۆتاى ئافرەتان، بەشێوەیەک لە دانیشتنی رۆژی 24-10-2020دا پەرلەمانی عێراقدا، بە زۆرینەی دەنگ پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دابەشکردنی بازنەکان، لەسەر ئاستی (16) پارێزگا و لەناویاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پەسەندکران بڕیارە لەدانیشتنى داهاتوشدا پەرلەمان دابەشکردنى کورسیەکانى نەینەوا و کەرکوکیش پەسەند بکرێن.

هەنگاوێک بەرەو هەڵبژاردن
 بە راى چاودێران یەکلاکردنەوەى پرسی فرەبازنەیی هەڵبژاردن و رێککەوتنى لایەنەکان لەسەر یاساى نوێى هەڵبژاردن هەنگاوێکى گرنگە بە ئاڕاستەى بەرەوپێشبردنى رێکارەکان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى مانگى حوزەیران، بەڵام ئەمەش لەناو ململانێیەکى سیاسى توندى ناوخۆیی و هەرێمایەتى.

پێرێش مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق دوبارە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى لەوادەى خۆیدا و بێ دواکەوتن تەئکید کردەوە، ئەمەش وادەکات لایەنەکان بە جدی تر بکەونە خۆیان بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو هەڵبژاردنەى کە بە راى چاودێران چارەنوسساز دەبێت لە دیاریکردنى ئاڕاستەى عێراق لە چەند ساڵى داهاتودا.

هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردن لە عێراقدا لەکاتێکدایە وڵاتەکە بە کۆمەڵێک گرفت و قەیرانى ئابورى و سیاسى و ئەمنی و تەندروستیدا تێپەڕدەێت و نازانرێ ئایا ئەو قەیرانانە چۆن کاریگەر دەبن لەسەر خودى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لەکاتى خۆیدا، هەروەها لەسەر ئاکامى هەڵبژاردنەکەش.

ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەڵبژاردنەکە
لەگەڵ هەنگاو و ئاماژەکان بەرەو ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە حوزەیرانى داهاتو، بەڵام هێشتا بەشى ئەوە ئاڵنگارى و گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنەکەدا هەن کە مەترسی بۆ سەرئەنجامدانى دروستبکەن لەوانەش:

ململانێى سیاسى: لە ئێستادا عێراق بە قۆناغێکى سەختى ململانێى سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیدا تێپەڕدەبێت، بەتایبەت ناو ماڵى شیعە، بۆ یەکەمجارە دابەشبونى لەوشێوەیە بەخۆیەوە ببینێت، چاودێران پێیانوایە هەڵبژاردنەکە کاریگەرى گەورەی دەبێت لەسەر دیاریکردنى ئاڕاستەى ئەو ململانێیە لە پێش و لە پاش ئەنجامدانى.

گرفتى ئابورى و دارایی: وەک پێشتر راگەیەنراوە لەزارى بەرپرسانى کابینەکەى کازمیەوە عێراق بە دۆخێکى ئابورى سەخت و کەمیى دراوى نەختینەدا تێدەپەرێت، هەر هەڵبژاردنێکیش پێویستى بە بودجەیەکى تەرخانکراو هەیە، بۆ ئەمەش پێدەچێت عێراق داواى کۆمەک لە نەتەوەیەکگرتوەکان و هاوپەیمانان بکات.

گرفتى ئەمنى: گروپە چەکدارەکان بەردەوامن لە هەڕەشەکانیان ئەمەش ئاڵنگارییەکى دیکەى بەردەم هەڵبژاردنەکەیە.

پەتاى کۆرۆنا: نازانرێت ئایا تا وادەى هەڵبژاردنەکان ئاستى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا بەکوێ دەگات، بەڵام بونى هەندێک کۆڕ و کۆبونەوە و قەرەباڵغى لە ئێستادا ئاماژەیە بۆ ئەوەى مەرج نیە کۆرۆنا نابێتە رێگرێکى ئەوتۆ لە هەڵبژاردن، مەگەر دۆخەکە بەشێوەیەکى زۆر سەخت بگۆڕێت.

خۆپیشاندان و هەنگاوەکانى چون بەرەو هەڵبژاردن
لەگەڵ رێککەوتنى لایەنەکان لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن وەک بابەتێکى جێناکۆکى سیاسیى و ئیداریى، لەسەر شەقام خێرا دەنگ و رەنگى خۆپیشاندان دەستى پێکردەوە و ساڵیادى خۆپیشاندانەکانى (19)ى ئۆکتۆبەر بە دوبارە ئەنجامدانەوەى خۆپیشاندان یادکرایەوە.

لە بەغدا و چەند شارێکى تر خۆپیشاندان بەشێوەیەکى ئاشتیانە بەرێوەچو، هەندێ گرژى و بەریەککەوتن رویدا بەڵام هەوڵى پاراستنى رێرەوى ئاشتیانەى خۆپیشاندانەکە درا،  بە دروشمى خۆپیشاندانى ئاشتیانە و دژایەتى گروپە چەکدارەکان خۆپیشاندەران رژانەوە سەر شەقام.

راستە هەمیشە شەقام لەوڵاتێکى وەک عێراقدا هۆکارى راستەقینەى خۆى هەیە بۆ ئەنجامدانى نارەزایەتى و خۆپیشاندان، بەڵام بەدور نازانرێت هەندێک هێز لە رێگەى جوڵاندنى شەقامەوە هەوڵى بەلارێدابردنى ئاراستەى چون بەرەو هەڵبژاردن بدەن، جوڵاندنى شەقام و قۆستنەوەى ناڕەزایەتى لە لایەن هێزەکانەوە پێشینەى هەیە.

ئەم لێکدانەوەیە بە دورنابینرێت ئەگەر ئەوە لەبەر چاوبگرین هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى حوزەیران هەر لەسەرەتاوە ئاڵنگاریەکى بەهێزبو لە نێوان لایەنە سیاسیەکانى عێراقدا و گۆڕینى یاساى هەڵبژاردنەکانیش لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی بێگومان گرفت و سەرئێشە بۆ هەندێک لە هێزەکان دروستدەکات و وادەکات بەپێچەوانەى هەڵبژاردنەکانى رابردو خواستى ئامادەیی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لاى هەمو هێزەکان وەک یەک نەبێت.

واتە لەسەرەتاوە تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانى حوزەیران بە پێچەوانەى هەڵبژاردنەکانى چەند ساڵى رابردوەوە نەیار و ناحەزى لەناو لایەنە سیاسیەکاندا هەیە بەتایبەت لەناو ماڵى شیعەدا.

هەرچەندە یەکلاکردنەوەى بابەتى فرە بازنەیی هەڵبژاردنەکان وەک بابەتێکى جێ ناکۆکى لایەنە سیاسیەکانى عێراق، بە هەنگاوێکى گەورە دادەنرێت لە رۆیشتن بەرەو ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە حوزەیران داهاتو، بەڵام ئەوەى دەمێنێتەوە بابەتى قەیرانى دارایی و پەتاى کۆرۆنا و گروپە چەکدارەکان و ململانیى ناوخۆیی و  هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیەکانى سەر گۆڕەپانى عێراقە، ئایا ئەوانە رێگە دەدەن عێراق بە ئاسانى لە حوزەیرانى داهاتودا هەڵبژاردنێکى چارەنوسساز ئەنجام بدات، یان نا؟.

سه‌رچاوه‌: سایتی سبەی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن