524 ناوچەی

وازهێنانی سەدر لە سیاسەت

01:36 - 30/08/2022

زەمەن_عێراقى


-لە زانستی سیاسیدا دوو كارەكتەر هەن، كەسی سیاسی و كەسی سەركردە. هەموو سیاسیەك سەركردە نیە، بەڵام هەموو سەركردەیەك سیاسیە.

-لە وڵاتێكدا چەندین سیاسی هەن، بەڵام ڕەنگە یەك دوو سەركردە بوونیان هەبێت، موقتەدا سەدر  كەسێكی سیاسی نیە، بەڵكو ڕابەرێكی كارێزمیە كە لە هەناوی بنەماڵەیەكی دێرینی ئیسلامییەوە هاتۆتەبوون، موقتەدا سەدر نوێنەرایەتی سامانی بنەماڵەیەك دەكات كە دەیان مەرجەعی دیاری تێدا هەڵكەوتووە، سەید كازم حائیری یەكێكە لەو هەزاران قوتابییانەی كەلەسەر دەستی مەرجەعەكانی ئال سەدر خوێندوویانە و قوتابی ئایەتوڵا محەمەد باقر سەدربووە و لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتووە.

-مەرجەعیەت شتێكی ڕۆحیە، پۆستێك نیە تا دەستی لێبكشێنیتەوە، حائری لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، گرنگترینیان داماڵینی خۆیبوو لە مەرجەعیەت بۆ بەرژەوەندی ئایەتوڵا خامەنەیی، هەروەها داوای لەسەرجەم ئیماندارانكرد كە ببنە موقەلیدی خامنەیی. ئەمەش واتا بەهێزكردنی هەژموونی حەوزەی قوم بەسەر نەجەفدا، بەڵام موقتەدا سەدر لە وەڵامدا ڕایگەیاند كە كە مەرجەعیەتی گەورە لە نەجەفە.

-حائیری داوای لە كوڕەكانی هەردوو شەهیدی سەدری (محەمەد باقر سەدر و محەمەد سادق سەدر) كرد كە تەنها خۆشەویستی بۆ هەردوو شەهید بەس نیە، بەڵكو پێویستە ئیمانیشی لەگەڵدابێت، هەروەها ڕەخنەی ئەوەشی لە موقتەدا سەدر گرت كە هێشتا مەرجەكانی تێدا نیە بۆ بوون بە مەرجەع و ئیجتیهادكردن، لە وەڵامی ئەم خاڵەشیدا موقتەدا سەدر ڕایگەیاند كە هەرگیز بانگەشەی ڕابەرایەتی و ئیجتیهادكردنی نەكردووە، تەنها فەرمانی بە چاكە و نەهی لە خراپە كردووە.

-ئەم هەنگاوەی حائیری كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر دەسەڵاتەكانی سەدر، وەك سەدر خۆشی ڕایگەیاند كە هێزی ئەو لە خودا و باوكییەوە بۆی ماوەتەوە نەوەك حائیری.

لێرەدا ئەوەی پێویستە بیزانین ئەم خاڵانەیە:

•ناكۆكی نێوان ئێران و ئال سەدر تازە نیە و ڕیشەیەكی مێژووی هەیە، ناكۆكییەكانیشیان لەوكاتەدا تەقیەوە كە محەمەد سادق سەدر لەلایەن بەعسەوە تیرۆركرا و ئێران بەدەنگیەوە نەهات، بەڵكو پشتی محەمەد باقر ئال حەكیمی نەیاری سەدریان گرت لەو كاتەدا.

•لە بەیاننامەكەی موستەفا كازمییدا هاتووە كە داوا لە موقتەدا سەدر دەكات كە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكات، ئەگەر كەسێك هەر بەڕاست وازی لە سیاسەت هێنابێت و كاریگەری نەمابێت، سەرۆكوەزیران داوایەكی لەم شێوەی لێدەكات؟.

•جەعفەر سەدری كوڕی محەمەد باقر سەدر، كە مامۆستای حائیری بووە، ڕایگەیاند كە موقتەدا ڕابەریانە و دەستبردن بۆی هێڵی سوورە، ئەمەش یەكدەنگی بنەماڵەكە دەردەخات بەرامبەر نەیارەكانیان.

•لە ئێستادا مەترسی زۆر هەیە لەسەر ژیانی تایبەتی موقتەدا سەدر، چونكە تا ئێستا لە نەجەف ماوەتەوە و لەوەش دەچێت بۆ هیچ لایەك نەڕوات، ئەمەش دەرگا بۆ ڕوودانی چەندین سینارۆ دەكاتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە تیرۆركردنی سەدرە، لەم حاڵەتەشدا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەكێشرێت.

•موقتەدا سەدر ئێستاش دەتوانێت دەستكاری زۆر هاوكێشەی سیاسی عێراق بكات و ئەو هێزەی هەیە كە بتوانێت شەڕی چەكداری لەگەڵ نەیارانیدا بكات و بچێتە شەڕی ناوخۆییەوە.

•وازهێنانی سەدر هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە كە دەیەوێت ببێتە مەرجەع، چونكە هێشتا خوێندنی حەوزەی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە پلەی موجتەهید.

•ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا خاڵی وەچەرخان بوو لە ناكۆكی نێوان سەدر و ئێران، چارەسەركردنی ئەم دۆخەی ئێستای عێراقیش تەنها و تەنها بە سوڵحی موقتەدا سەدر و ئەیەتوڵا خامەنەیی دەكرێت.

▪️کارۆ کاوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن