76 وەرزش

سودانی هەر یاریزانێکی عێراق بە بڕی ١٠ هەزار دۆلار پاداشت دەکات

08:08 - 19/01/2024

زەمەن سپۆرت

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیا توانی شکست بە هەڵبژاردەی ژاپۆنی پاڵێوراوی جامەکە بهێنێت و بە پلەی یەکەم خۆی بگەیەنێتە قۆناخی 16.

ئەمڕۆ هەینی 19-1-2024، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 2-1 لە هەڵبژاردەی ژاپۆنی بردەوە و لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا لە قەتەر.

بە ئامادەبوونی 40 هەزار هاندەری عێراقی، ئەیمەن حوسێن لە گێمی یەکەمدا هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد و دوای یارییەکە ووتی، "هەرچەندە ژاپۆن پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەکەیە، بەڵام ئێمەش دەتوانین سەربکەوین".
 سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خەڵاتکردنی سەرجەم یاریزانانی عێراق بە بڕی ١٠ هەزار دۆلار بۆ هەر یەکێکیان دوای بردنەوەیان لە ژاپۆن و گەیشتن بە قۆناغی ١٦ـی جامی ئاسیا.
دوای یاریەکە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عەدنان دەرجالی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەی کردووە و پیرۆزبایی خۆی پێگەیاندووە.

سودانی بڕیاریدا بە خەڵاتکردنی سەرجەم ستافی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بەشێوەیەک کە هەریەکەیان بڕی ١٠ هەزار دۆلاری وەک پاداشت پێدەدرێت بە بۆنەی بردنەوەکەیان لە ژاپۆن و دڵخۆشکردنی ٤٠ ملیۆن عێراقی.
فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، "پیرۆزبایی لە شێرەکانی میزۆپۆتامیا دەکەم. ئەم ئێوارەیە شێرەکان لە سامۆرایەکانیان بردەوە. ئێوە شایەنی چەپڵەیەکی بەهێزن و شانازیتان پێوەدەکەم. بردنەوەکەتان شتێکی بچووک نەبوو دژی ژاپۆن. ئەمڕۆ ئێوە عێراقیی رەسەنن، بەڵام بیرتان بێت کە ژاپۆن بە بەهێزییەوە دەگەڕێتەوە".

بردنەوەکەی عێراق مێژوویی بوو، چونکە ژاپۆن 10 یاری بوو نەدۆڕابوو. هیچ هەڵبژاردەیەک بەدرێژایی ساڵی 2023 لە ژاپۆنی نەبردبووەوە؛ 26 یاری بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا ژاپۆن نەدۆڕابوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن