275وتار

لیرەی تورك و ئیدارەی دەوڵەت

9/4/2020 3:06:00 PM
دکتۆر ڕێبوار فەتاح


لەم ڕۆژانەدا گفتوگۆی گەرمە لەسەر دابەزینی، یان ڕسوابوونی، لیرەی تورکی. 

جێی سەرسوڕمان نیە؛ و سەیری جامی جەمیش ناکەم، کە دەڵێم، باری ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا بەرەو داڕمانێکی وێرانتر دەڕوات.

ئەم داڕمانە بە پلەی یەکەم بەستراوە بە بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەتەوە. دەوكەت لە ژێر حومکی ئۆردۆغادان شکستی خواردووە و بنەماکانی لەق بوون.

دەوڵەتی هاوچەرخ لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی سیاسی - جا ئاین بێ یان شتێکی دیکە، دانامەزرێ، بەڵکو لەسەر ڕێزگرتن و برەودان کە دوو بواردا دامەزراوە. یەکەمیان، سەنگدانە بە پەیوەندی نێودەوڵەتی، پاراستن و برەودانە بە ئاسایش و ئابوری نێودەوڵەتی؛ هاوکات دووەمیان، ڕێزگرتن و هۆشیارکردنەوەی گەلی ناو وڵاتە. هەموو دەستگاکانی نێو وڵات دەبێ تەرخان بێ بۆ ڕێزگرن لە مافی خەڵك، برەودان بە تەبایی کۆمەڵایەتی، سەروەری قانون. 

دامەزراندنی حوکمی دیکتاتۆر، لەسەر بنەمای خێڵ، تایفەی ئاینی، نەتەوە، تاکە کەس، تد، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا شکست دەخوات. ئەم شکستخواردنە لایەنی زۆرە.

گەلی هۆشیار ڕێ نادات دەسەڵاتی سیاسی لە دەست بسەرنرێ. ئەوانە گەلی نەفامن، کە چەپڵە بۆ دیکتاتۆرێك یان کەسانی درۆزن لێ دەدەن. 

بەردەوام بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری داخراو، کە ڕێز لەو دوولایەنەی ئەمڕۆی ژیان ناگرێ، تەنیا دەسەڵات بەرەو شکست نابات؛ نەخێر، بەڵکو لە زۆر لایەنەوە گەلیش دادەڕمێنێ. خەڵکی هەڵدێن - وەك تاعون لە نیشتمان دوور دەکەونەوە؛ دەرك بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی دەکرێتەوە؛ هەموو جۆرە مافێك لە هەموو لایەنێکەوە پێشێل دەکرێ؛ ڕۆشنبیرەکان سووك دەبن - قەڵەمیان دەخەنە کار بۆ خزمەتی مەلیك. دەسەڵات دەگاتە قۆناغێكی لەخۆباییبوون، کە هەموو نامۆڕاڵیەك پیادە دەکات بۆ بەردەوام بوون. لای ئەم مانەوەی خۆی گرنگترە لە بەرژەوەندی گەل و بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی گەل. لای ئەمان، گەل هیچ نیە؛ تەنیا ئامرازێك نەبێ بۆ گەندەڵی و داڕمانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری،

زبڵدانی مێژوو پڕە لەم گەل و دەسەڵاتانە. سەیری ئیمپراتۆرە مەزنەکان بەکەن! زۆربەیان گەندەڵی لە نێوی بردوون. سەیری مێژووی نوێ بکەن! لە شای ئێران، ڕژێمە یەك لە دوای یەکی عێراق بڕوانن! سەیری ڕژێمی قەزافی، موبارەك و ئەسەد بکەن! ئەمانە هەموو نمونەن کە وەك کوردستان و عێراقی ئەمڕۆ بەڕێوە دەچوون. پێویستم بە ئەقڵێکی زۆر گەورە نیە بۆئەوەی کە بزانم، ئەمانیش هەروا دەڕۆن. هەڵبەت خۆیان بە تەنێ ناڕۆن، گەلیش لەگەڵ خۆیاندا دادەڕمێین و بە گەندەڵێ جێ دەهێڵن، کە جارێکی دیکە، وەك عێراق، هەرگیز جێی خۆی ناگرێتەوە و دەبێتە قەشمەری گەلانی جیهان.

هێشتا دانەڕماون، کوردستان بووەتە جێی تەراتێنێ تورك، ئێران و عێراق. دەسەڵاتی کوردستان، چونکە ئامانجی سەرەکی مانەوەی خۆی بوو، نەك دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵك، کە جێی ڕێز و ڕەزامەندی هەم گەلی کوردستان بێ، هەم کۆمەڵێ نێودەوڵەتی. گەر دەسەڵاتێکی لەم جۆرە، لە کوردساندا، دابمەزرابا، هەم خەڵك بەختەوەر دەبوون، هەم لەسەر لاشەی گەندەڵی دەسەڵاتی هەولێر و سلێمانی، گەرای تورك، ئێران و عێراق گەشەی نەدەسەند.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن