کودێتای ١٩٥٨ پاش ٦٢ ساڵ
7/14/2020 12:20:00 PM
د. ڕێبوار فەتاح
هەر لە سەردێڕی ئەم وتارە کورتەوە دەزانن، من ڕژێم گۆڕکێی ١٤ تەموزی ١٩٥٨، ٦٢ ساڵ لەمەوبەر، بە کودێتای سەربازی دەزانم، نەك شۆڕش.
دەکرێ پێی بڵێین، 'شۆڕش'، گەر یاری بە پێناسەی 'شۆڕش' بکەین. گەر واز لە هەموو پێناسەیەکی دیکە بێنم، 'شۆڕش' پێویستە ژیانی خەڵك و گوزەرانیان بەرەوپێش بەرێ؛ ١٤ تەموز ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە ناخی نەهامەتیدا برد. لەم بۆچوونەمدا، پێویستم بەوە نیە عێراقی کۆماری بەوی شانشین بەراورد بکەم. بڵێم، ئەمیان باشتر بووە لەوەیان. 'شۆڕش' بەوجۆرە بەراورد ناکرێ. هەڵبەت گەر ئەو بەراوردەش بکەم، بۆم دەردەکەوێ، کە کودێتای ١٩٥٨ بنەماکانی دەوڵەتی لەنێوبرد و عێراقی بەرەوە سیستمێکی تۆتەلەتاری برد. ئەو بناغانە چی بوون کە لەنێوبران؟
کودێتای ١٩٥٨، لەلایەك پەڕلەمانی عێراقی تواندەوە و سیستمی حوکمڕانی پەڕلەمانی لەنێوبرد. لەلایەکی دیەوە، سەربەخۆیی دادوەری تواندەوە. ئەفسەرانی ئازاد پێشڕەوی ئەم کۆدێتایە بوون؛ سروشتیکی سەربازی هەبوو. لەجێی شانشینی، سیستمێکی کۆماری دیموکراتی دانەمەزراند، کە دەسەڵاتەکان لێكجودا بن - نەخێر. بەڵکو هەموو دەسەڵاتەکانی خستە دەستی یەكدوو سەربازەوە - عەبدولکەریم قاسم، عبدولسەلام عارف و چەند ئەفسەرێکی دیکە. کەمکەم، قاسم ئەفسەرەکانی دیکەی لە دەسەڵات دوورخستەوە و خۆی بوو بە تاقە دەسەڵات.
ڕژێمی شانشین، بە تایبەتیش لەژێر دەسەڵاتی نوری سەعیددا، ئازادی تەواو بەرتەسك کردبووەوە. هەڵبەت پایەکانی دەوڵەت هەر مابوون. نوری سەعید خۆشی ئەفسەر بوو؛ چارەسەرەکانی لە داپڵۆسینی هاووڵاتاندا دەبینیەوە. ئەم هەمیشە تینووی دەسەڵاتی زیاتر بوو، بەڵام نەیدەتوانی پایەکانی دەوڵەت بڕوخێنێ تا دەسەڵاتی ڕەها بێ. 'ئەفسەرانی ئازاد' بینایان لەسەر ئەم رێچکەیەی سەعید کرد و هەموو پایەکانی دەوڵەتی هاوچەرخیان لەنێوەبرد؛ بوونە خاوەن دەسەڵاتی ڕەها. دیارە دەوڵەتی عێراق لەسەر نمونەی بەریتانیا داڕێژرابوو. دەسەڵاتەکان دابەش بوون و عێراق سیستمێکی شانشینی دەستوری بوو. بێخەوش نەبوو، هەڵبەت دەکرا، پایەکانی بهێڵرێتەوە و بینای ئەرێنی لەسەر بکرێ.
سەرباری هەموو ئەمانەش، هیچ پێویستی نەدەکرد ئەو هەموو خوێنە بڕێژرێ. دەسەڵاتدارن بە ناشرینترین شێواز کوژران؛ هەندێکیان کەوڵ کران. لاشەی 'عەبدولئیلاهی ڕاسپێراو' لە نێوەڕاستی بەغداد هەڵدەواسرێ و هاورا دەکرێ، "کیلۆی گۆشت بە ٣٠ فلس." پێستی نوری سەعیدی سەرۆك وەزیران دەگورێ. شا فەیسەلی دووم، کە نە چەکی پێیە و نە مەترسیە لەسەر هیچ لایەنێك، عەریفێك دەیکوژێ لە کۆشکی ڕحاب. دواتر محاکەمە قەشمەرجاڕەکەی مەهداوی هەموو بنەمایەکی دادگا، لە یۆنانەوە تا ١٩٥٨، دەخاتە نێو زبڵدانەوە. سەعید قەزاز - خۆ ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەی کورد بووبێ - ڕەنگە یەکەم کەس بێ لە مێژووی مرۆڤدا کە دووجار لە سێدارە درابێ. جارێك تا نزیك خنکاندنە. دایدەگرنەوە تا هۆشی بێتەوە بەر خۆی؛ ئەمجارهەڵی دەواسنەوە. ئامانج لەمەدا تەنیا ئازاردانی مرۆڤە. ئەمانە کۆمەڵێك نەخۆش بوون. لەڕێی کودێتاوە، گوزارشیان لە گرێکوێرەی سایکۆلۆجیان دەکرد. تاوانی گەورەیان لە ئەستۆ گرت، کە ڕێچکەی ڕووباری خوێنیان لە عێراقدا هەڵکەند و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
حزبی شیوعی عێراقی کاریگەرترین هێز بوو لە ئامادەکردنی گەلی عێراق بۆ گۆڕینی ڕژێمی شانشین؛ نەك لەبەر ئەوەی کە پلانی حوکمڕانی سیستمی دەوڵەتێکی هاوچەرخی دەستوری سیڤڵی داڕشتبوو؛ نەخێر. پلانیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت بەجێهێشتبوو. ئەمیش هیچ کاری بە شیوعی نەبوو، بەدوای نەوت و بازاڕی عێراق کوتبوو.
حزبی شیوعی، هەم هاوکار بوو لەنێوبردنی هەموو بنەماکانی دەوڵەتی عێراق، هەم خۆشی. دواتر ڕژێمی عێراق و حزبی بەعس کەوتە گیانی حزبی شیوعیەوە. لەو ڕۆژەوە حزبی شیوعی هەر لاواز دەبێ، تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە هەڵبژاردنی عێراقدا تاکە کورسیەك ناهێنێ؛ لەگەڵ شیعەی توندڕەودا بە لیستێك دادەبەزێ.
دوای کودێتای ١٩٥٨ عێراق هەرگیز خۆی نەگرتەوە و کودێتاکە ڕێچکەیەکی بۆ حوکمڕانی لە عێراقدا داڕشت: دەسەڵاتێکی تۆتەلەتاری، کە دەسەڵاتەکان هەمیشە لە دەست چەند کەسێکدان، نەك دابەش. گەل بە هیچ جۆرێك بەشداری حوکم نەبێ و مافی هەڵبژاردنی نەدرێتی. حوکمی عێراقیش لەڕێی قەیرانەوە بکرێ. خوێنی گەلیش حەڵاڵە؛ بیان کوژن. ئەوە ئەو ڕێچکەیەیە کە کودێتای نەگریسی ١٩٥٨ دایڕشت.
....
وێنەکە دەستگیرانی مەلیك فەسەڵی دووەم، مەلیکە بچکۆلە. وێنەی فەیسەڵ لە پشتەوە هەڵواسراوە.