725وتار

نەوشیروان مستەفاو كولتووری ناتوندوتیژیی

5/19/2019 11:08:00 AM
سیروان رەشید


«ئێمە هەموو شێوازەكانی توندوتیژی رەتدەكەینەوە»، «ئێمە هەر لەسەرەتاوە جوڵانەوەكەمان، نیەتی ئەوەی هێناوە جوڵانەوەیەكی هێمنانە بێت، جوڵانەوەیەكی ئاشتیانە بێ، جوڵانەوەیەكی دیموكراتیانە بێ‌، جوڵانەوەیەك بێ پشت ببەستێت بە خەباتی مەدەنی»

نەوشیروان مستەفا وەك یەكێك لە فیگەرە سیاسیەكانی كورد، بەدرێژایی ئەزموونی حكومڕانی كوردیی لە باشوری كوردستان دا، هەوڵیدا كولتوورێكی سیاسی نوێ لە كوردستاندا بچەسپێنێت، كە لەبری كاركردن بە پرەنسیپی یەكتر سڕینەوە كار بە بنەمای یەكتر قبوڵكردن بكرێت، یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كەسایەتی نەوشیروان مستەفا، لە هەڕەتی گەنجێتییەوە تا ساتەوەختی كۆچكردنی، بریتیبوو لەوەی بەردەوام كەسێكی «كردە»بووە هەروەك چۆن لە سەردەمی شاخدا بەرامبەر بە دەسەڵاتێك كە جگە لەبەكارهێنانی زمانی هێز هیچ زمانێكی تر تێنەدەگەیشت، چەكی دانەناو چۆكی دانەدا، لەسەردەمی ڕاپەڕیندا، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 وە، باوەڕێكی نەگۆڕی بە پێویستی دامەزراندنی داموودەزگای نیشتیمانی بوو، لەدوای ساڵی 2000یشەوە، هەوڵەكانی خۆی شێلگیرانە خستە گەڕ بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم و گۆڕانی سیستمی حزبایەتی و حكومڕانی كوردستان، كە لەو پێناوەشدا بۆ یەكەمجار لە دەیەی یەكەمی 2000وە، سەركردایەتی بزووتنەوەیەكی ڕاستەقینەی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنیانەی كرد.

نەوشیروان مستەفا، باش دەیزانی حكومڕانی یەكێتی و پارتی حكومڕانییەكی نادادپەروەرانەو پڕ لە گەندەڵییەو لەسەر بنەمای درۆو دراوو ناشەفافیەت و تاریكی بنیاتنراوە، بۆیە هات مۆمێكی داگیرساند، كە بنەمای كاركردنی هێزەكەشی لەسەر ناتوندوتیژی بنیاتناو بەدەق لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێ‌ “بزوتنە‌وە‌ی گۆڕان هێزێك نییە‌ ڕق و بوغزی سیاسیی و كۆمە‌ڵایە‌تیی ئاراستە‌ی بكات، ئێمە‌ لە‌ناوە‌ڕۆكدا كار بۆ كۆتایی پێهێنانی ئە‌م ڕق و كینە‌ سیاسییە‌ ترسناكە‌ ئە‌كە‌ین، كە‌ كۆمە‌ڵگە‌ی ئێمە‌ی لە‌ناوە‌وە‌ پارچە‌ پارچە‌ كردووە‌”.

نەوشیروان مستەفا، زۆر پەرۆش بوو بۆ ئەوەی كورد ئەزموونی حكومڕانی كاراو شەفاف و دیموكراسی و ئازادو كراوەی هەبێت، خوازیاری ئەوەش بوو، كوردیش وەك زۆرینەی گەلانی پێشكەوتووی دنیا، دەستاودەستكردنی دەسەڵات و قبوڵكردنی دۆڕان ئەزموون بكات‌و ببێتە خاوەنی سەرمایەیەكی ئەخلاقی، لەو پێناوەشدا باوەڕی تەواوی بە خەباتی مەدەنی‌و ئاشتیانە بوو هەوڵیشیدا دەسەڵاتدارانی هەرێم، بخاتە سەر ئەو باوەڕەی كە كاركردن بە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەروەری نەك هەر كوردستان بەهێز دەكات، بەڵكو مانەوەو سەرفرازی خۆشیان مسۆگەر دەكات.

دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵێك بوو بۆ دەرهێنانی كوردستان لە ململانێی كلاسیكی جەلالی و مەلایی، بۆ نوێكردنەوەی ئەزموونی دەسەڵاتی كوردی لە هەموو ئاستێكدا، كە لەبری ئەوەی زۆرانبازییەكانی ناوماڵی كوردی بە چەك و خیانەت لەیەككردن یەكلابكرێنەوە، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شەفاف و بێ گزی و سندوقەكانی دەنگدانەوە یەكلایی بكرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا، زۆر مەبەستی بوو نەریت و كولتووری خەباتی ناتوندوتیژیی و ئاشتیانە لە كوردستاندا بچەسپێنێت، چونكە دەیزانی ئەزموونی حكومڕانی كوردی، ئەگەر پێشنەكەوێ و گەشەنەكات، سەرئەنجام لەبەردەم پیلانی دەرەكیدا توانای خۆپاراستنی نامێنێت و هاڕە دەكات!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن