ئەو شەڕە بۆ كێ دەكەن؟
4/23/2019 11:36:00 AM
سیروان رەشید
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمخوازه، خاوه‌ن گوتارێکی سیاسییه که ده‌یه‌وێ به هێزی نه‌رم - سۆفت پاوه‌ر- هه‌لومه‌رجی سیاسی کوردستان، شێوازی کارکردنی ده‌زگاکان، دیموکراسی و ئازادییه‌کان باشتر بکات. هەنگاو بەهەنگاو له پرۆسێسێکی مه‌ده‌نیدا ململانێی هێزه رکابه‌ره‌کانی خۆی بکات. که‌واته بۆ ئه‌و چاکسازییانه حه‌تمه‌ن وه‌ک چۆن ده‌که‌وێته ململانێ و ناکۆکیه‌وه ئاواش له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی تری گۆڕه‌پانی سیاسی ده‌رگیر ده‌بێ، ناکۆک ده‌بێت، ململانێ ده‌کات ئاواش پێویستی به دانوستان و لێکتێگه‌یشتن و هه‌ندێک جار سازشیش هه‌یه. سازش به چی مانایه‌ک، بۆ نموونه یه‌کێک له ئامانجه سیاسیه‌کانی گۆڕان گۆڕینی سیستمی سیاسی هه‌رێمه له سه‌رۆکایه‌تیه‌وه بۆ په‌رله‌مانیی و که‌مکردنه‌وەو سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمە به کارێکی ته‌شریفاتی.
ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نیا بایی ئه‌وه‌نده ئامرازی گوشاری له‌به‌رده‌سته که هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم بگەڕێنێته‌وه ناو په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی بڕێک که‌متر بکاته‌وه، به‌ڵام خۆ ململانێ کۆتایی نه‌هاتووه. ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له گۆڕان ده‌گرن با بێن هاوکار بن له‌مڕۆوه پێداگرو مکوڕبن له گه‌ڵیدا، وه‌ک چۆن ئێمه ملمان نه‌دا با ئه‌وانیش ملنه‌ده‌ن تاکو ئه‌و ئامانجه به‌دیده‌هێنین.
ره‌خنه به ته‌نیا قسەو وتنی ئه‌و شتانه نییه که به خه‌یاڵی ئینساندا دێن، به‌ڵکو به‌رپرسیارێتیه‌کی ئه‌خلاقیه، له‌وه‌ش واوه‌تر حیساباتێکی عه‌قڵیه که ره‌خنه‌گر ده‌بێ بیکات به‌وه‌ی قسه‌کانی ده‌چێته گیرفانی کێوه!.
ئه‌وانه‌ی نزیک بوون له گۆڕان و هه‌ندێک له‌وانه‌ش که تائێستا نزیکن و بێڕه‌حمانه گۆڕان ده‌کوتن، حه‌ق وایه بایی ئه‌وه هۆشیارییه سیاسیه‌که‌یان ئاراسته‌یان بکات که خۆیان له‌و ره‌خنانه هیچ شتێک ناچننه‌وه، به‌ڵام که‌سانێکی تر، میری جه‌نگی تر، مافیای سیاسه‌ت و بازرگانی سیاسی تر که هه‌رگیز ئازادی و دادپه‌روه‌ری، کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ ئاسایش و خۆشگوزه‌ران، حکومه‌تێکی ره‌شید نه خه‌ونی ئه‌وانه و نه له قازانجی ئه‌وانیشه سوودمه‌ند ده‌بن لێی.
ئه‌وانه‌ی پێیانوایه به شکاندن و خستنی گۆڕان خۆیان به‌هێز ده‌بن ده‌بوو بزانن به حوکمی چه‌ندان فاکته‌ر له ئێستادا جوهدو ماندووبوون و پاشقول و ته‌ون و ده‌سیسه‌کانیان هه‌رهه‌مووی له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه ده‌مژرێت که یان به‌هۆی بارودۆخی سیاسی فه‌وازی کوردستانه‌وه بوون به خاوه‌نی چه‌ک و چه‌کدارو هێزی ئه‌منیی سه‌رکوتکه‌ر، یان به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و گۆمی لیخنی ئابوورییه‌وه بوون به خاوه‌ن میدیا‌و پاره‌ی پیس. به‌ڕاست ئه‌و شه‌ڕه بۆ کێ ده‌که‌ن؟
گۆڕان هێزێک نییه به ته‌نیا بۆ ئه‌وه دروست بووبێ هه‌ر ئۆپۆزسیۆنبێ. هه‌موو هێزێکی سیاسی ده‌بێ خه‌ون به چوونه ده‌سه‌ڵاته‌وه ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایدیا‌و ئه‌جێندای خۆی له حکومه‌تدا بخاته بواری پراکتیکه‌وه. گۆڕان تاکو ئۆپۆزسیۆن بوو تا ئه‌وپه‌ڕی له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی خۆی رۆیشت‌و راستگۆ‌و پێ‌داگر بوو، ته‌نانه‌ت گوشاری هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تیش نه‌یتوانی شتێکی پێبکه‌ن که خۆی نایه‌وێت. ئێستاش به فۆرم و ئامرازی تر که ئیشکردنه له‌ناو داموده‌زگاکان و گۆڕینی هێواش و ورده ورده‌ی کارکردنی ده‌زگاکان و شێوازی حوکمڕانیه درێژه به کاروانی خۆی ده‌دات.
دنیا شه‌وو ڕۆژێک نییه، له ئاینده‌دا هه‌موومان یه‌کتر ده‌بینینه‌وەو ده‌زانین کێ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌مێنێته‌وەو کێش رێگای تر ده‌گرێت!