2020 بۆ كورد مەترسیدارە!
12/31/2019 10:23:00 AM
سیروان رەشید
بۆ كورد چوونە ناو ساڵی (2020)، تەنیا گۆڕینی ژمارەیەكی حیسابی نییە، بەڵكو سەرەتای گۆڕانێكی مەترسیدارە كە چاوەڕواندەكرێت بەسەر ژیانی سیاسیو ئیداریی هەرێمدا بێت.
سبەینێ كە پێدەنێینە ناو ساڵی(2020)، دەسەڵاتداران بە كۆمەڵێك شكستی زۆرەوە دەمانخەنە ساڵێكی نوێوە، كە پێدەچێت سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێكی دژواربێت كە رووبەڕوومان دەبێتەوە.
لەسەر ئاستی هەرێم؛
* فایلی خزمەتگوزاريی: ناڕەزایی پەنگخواردووی هاونیشتیمانیان لە كەمیی خزمەتگوزاری (كارەبا، مووچە، سوتەمەنی، دامەزراندن و هەلی كار)، تا دێت رقئەستورتر خۆی نمایشدەكات، چونكە هەرێم سەرباری داهات و ئیمكانیەتێكی دارایی باش، بەڵام دەسەڵاتداران نەیانتوانیووە هیچ یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاوڵاتییان چارەسەر بكەنو كارنامەی تازەی كابینەی نوێش بەشێوەیەكی گشتگیر باس لە چارەسەركردنی گرفتە خزمەتگوزاریو كۆمەڵایەتییەكان دەكات، بەبێ ئەوەی ئەولەویات بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی رۆژانەی هاوڵاتییان دابنێت.
* فایلی ناشەفافیەت و گەندەڵی: دواخستنی چاكسازيی و خاوخلیچكی حكومەت لە ئەنجامدانی چاكسازيی ریشەیی و جددی، لەبەرامبەر ئەو قەبارە گەورەیەی گەندەڵی و ناشەفافیەت، لە بوونی داهاتی ناوخۆو نەوت و دزی گەورەی گومرگەكان و پێدانی زۆرینەی كۆنتراكت و گرێبەستەكانی ناوخۆ بۆ شەخس و كۆمپانیاكانی دەسەڵاتداران، بێگومان دواخستنی چاكسازيی بەرلەوەی لە زیانی خەڵك بێت، بە زیانی دەسەڵاتدارانە.
* فایلی دوو ئیدارەیی: هێشتا بەهۆی سیاسەتە بەرژەوەند حیزبییەكانی (یەكێتی و پارتی)یەوە، كورد ناوماڵی خۆی رێكنەخستووەتەوەو ماڵێكی پەرتەوازەی هەیە، راستە یەك حكومەتمان هەیە، بەڵام بەكردەوە سیستمی سياسى هەرێمى كوردستان دوو ئیدارەیەو (یەكێتی و پارتی) سیستمێكی تۆتاليتار (شمولى) يان دامەزراندووەو بڕێكی زۆر داهاتی سلێمانی و هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەكان، یەكێتی بەجیا تەحەكومی پێوە دەكاتو هەولێریش بەهەمانشێوە كە سەد لە سەد وەك (20)ساڵ پێش ئێستایە.
لەسەر ئاستی عێراقی؛
* هەموو ئاماژەكان روو لەوەن هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجامدەدرێت، سیناریۆكە شیعەكان دایانڕشتووە؛ كۆمسیۆنیان دروستكردەوە، یاسای هەڵبژاردنیان بە ویستی شەقام و قازانجی فراكسیۆنی گەورە بڕیار لێ دایەوە، پەرلەمان ئەگەری خۆ هەڵوەشاندنەوەی بەهێز تربووە. بەنیسبەت كوردەوە یاسای هەڵبژاردنەكە، یاسایەكی مەترسیدارە، سەرباری ئەوەی زەحمەتە كورد لە دیالەو سەڵاحەدین و بەغدا هیچ كورسیەك بەدەستبێنێت، لە كەركوكیش بەهۆی سیستمەكەوە ئەگەری دۆڕانمان هەیە. بۆیە بەهەموو ماناكان، ئەو هەڵبژاردنە، داهاتووی سیاسیی عێراق دیاری دەكاتو كوردیش سەنگو پێگەی لەو لاوازیەی ئێستا لاوازتر دەبێت.
گوتارو پێگەی كورد لە بەغدا ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر پەرش و بڵاوەترە و سێ تیم نوێنەرایەتی كورد و هەرێم دەكەن (پارتی، یەكێتی، گروپی 15) هۆكاری ئەو پەرتەوازەییەش دیسانەوە (پارتی و یەكێتی)ن و ئامادەنین لە مافدا گروپی (15) بەشدار بكەن، ئەوە جگە لەوەی تەنگژەكانی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا (بودجە، نەوت، دەسەڵات، خاك)، نەك هەر چارەسەر نەكراون، بەڵكو لە گرژییدا دەخولێنەوە.
ئەو ئاستەنگ و شكستانە، تەنها زادەی رووداوەكانی 2019 نین، بەڵكو دەرەنجامی كۆمەڵێك گۆرانكارین لە پارسەنگی هێزدا، كە بەشە زۆرەكەی تاوانەكەی هی دەسەڵاتدارانمانە.
2020 ساڵێكی چارەنووسسازە بۆ كورد.
خودا كوردستان بپارێزێت.