خه‌ڵك حكومه‌تی بۆ چییە؟
1/28/2024 9:01:00 PM
سیروان رەشید
کۆمەڵگای ئێمە تادێت به‌هۆی خراپی سیستمی مووچه‌و بێگوزەرانی و بێدادی-یەوە، ماندووتر دەبێت.
(ئەمانۆیڵ كانت) فەیلەسوفی ئەڵمانی، سێ سه‌ده بەر لە ئێستا دەربارەی حكومەت دەڵێ؛ ئەركی حكومەت بەرامبەر هاونیشتمانیانی دووشتە؛
یەكەم: سەر و سامانیان بپارێزێت.
دووەم: گوزەرانیان بۆ مسۆگەر بكات.
بەڵام ئەم حكومەتەی ئێمە نە سەرو سامان و ژێرخانه دەوڵەمەندەکەی پاراستوین و نەگوزەرانیشی بۆ مسۆگەركردوین!.
بەپێچەوانەوە، ئەو دەرەنجامەی ئێستا کەوتۆتەوە، "ئیرهابی بژێوی"یە بەرامبەر خەڵكی بەشمەینەت. له بێ مووچه‌ی و بەرزبونەوەی ئاستی بێكاری و نەمانی پارەی کاش لەگیرفانی خێزانەکاندا بۆ بەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەیان.
دروستبوونی قەیرانی نه‌دانی مووچه، لە ئەستۆی حکومڕانی 32 ساڵەی دەسەڵاتە.
له 2014وه هه‌رێمی كوردستان توشی قه‌یرانی ئابووری هاتوه. كرۆكی قه‌یرانه‌كه‌ش ئەوەیە كه حكومه‌ت، ناتوانێت داهاتی پێویست دابین بكات بۆ مووچه‌و پڕكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه گشتیه‌كانی و به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی پرۆژه خزمەتگوزاریەکان.
لای كه‌س شاراوه نیه كه به‌غدا به‌شێكی گه‌وره‌ی هۆكاره‌كه‌یه و كه‌س نكولی له‌وه ناكات، كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌و برسیكردنی كورد و نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌خوێنیاندایه.
به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌ندی به دۆخی ناوخۆییه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه هەردوو هێزەکەی ده‌سه‌ڵات، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوی دوای روخانی رژێمی به‌عس به‌هۆی نه‌بونی سیاسه‌تێكی دارایی دروست، شكستیان هێناوه له دروستكردنی ژێرخان و سه‌رخانێكی ئابوری به‌هێز بۆ هەرێمە‌كه‌مان.
ئێستا خه‌ڵكی كوردستان له ئێوه ده‌پرسێـت؛ له 20 ساڵی رابردوی دوای روخانی به‌عس ئایا:
* نه‌تانده‌توانی سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان جۆراوجۆر بكرێت و ته‌نها پشت به بودجه‌ی به‌غداد نه‌به‌ستێت، له‌ڕێگای پێشخستنی كه‌رته‌كانی تری ئابوری هەرێمەکەتان به‌هێزبكردایه!
*ئایا نه‌تانده‌توانی دوباره رێكخستنه‌وه به‌و نادادیه‌دا بكه‌ن كه له دابه‌شكردنی موچه و دامه‌زراندن و خانه‌نشینكردنی هه‌زاران كادیری حیزبی به نایاسایی ئه‌نجامدان دا!
*بۆچی حكومه‌تی عێراق، ئێستا خاوه‌نی زیاتر له 70 ملیار دۆلاری پاشه‌كه‌وتە، ئێوه نه‌تانتوانی یه‌ك سه‌نتیش پاشه‌كه‌وت بكه‌ن!!، به‌ڵكو كورتهێنانی 28 ملیار دۆلار قه‌رزتان هێناوه‌ته سه‌ر خه‌ڵك و بۆ سێ ده‌یه‌ی تریش ده‌بێت له قوتی ئێمه حكومه‌ت قه‌رزبداته‌وه.
*ئایا نه‌تانده‌توانی رێگه له‌و هه‌موو ته‌خشان و په‌خشان و به‌هه‌ده‌ردانه بگرن كه ئێستا بۆته ئافاتێك و به‌رۆكی خه‌ڵكی گرتوه!.
مووچه‌خۆران و هاونیشتیمانیانی ئه‌م وڵاته مافی خۆیانه خۆپیشاندان و بایکۆتی داموودەزگاکان بکەن.
مافی خۆیانە داوای ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ خۆیان‌و خێزانه‌كانیان بكه‌ن.
مافی خۆیانه له چاره‌نوسی خۆیان‌و ئاینده‌ی منداڵ‌و نه‌وه‌كانی داهاتویان بپرسنه‌وه.
مافی خۆیانه داوای ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ كار‌و ژیان بكه‌ن.
مافی خۆیانه داوای دادپه‌روه‌ریی بكه‌ن له دابه‌شكردنی پاره‌و شوێنی نیشته‌جێبون‌و زه‌وی دابه‌شكردندا.
چ ویژدانێك قبوڵی ده‌كات هه‌زاران خێزانی ئه‌م وڵاته به‌جۆرێك ژیان بگوزه‌رێنن كه له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه بێت‌و مه‌مره‌و مه‌ژی بژین و له‌ولاشه‌وه كاستی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستو پێوه‌نده‌كانیان های لایڤ بژین.