بڕیاردەری گۆڕانەکان و دەوروبەریان : ئەوە ئێوە چی ئەکەن ؟
2/18/2025 2:31:00 PM
چیمەن محەمەد رەشید
ئەی ئێمەمانان و هەڵسوڕاوە خۆبەخش و ماندو نەناسەکان نەبوین ئەم بزوتنەوەیەمان دروست کردو لەسەر ژیان و تەمەن و تەنانەت سەرفکردنی قوتی ژیانمان بۆ گۆڕان ، گۆڕانێکی بەهێزو خاوەن کەسایەتی و جێی شانازیمان ئەبرد بەڕێوە ...،
هەر رێکخراوێک یان حزبێک دادەمەزرێت دەبێت ئامانجێکی رونی هەبێت و بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت .
لە ٢٠٠٩ رەوانشاد کاک نەوشیروان بەو کەسایەتی و کارێزماییەیەوە ، کە لێپرسراوی هەمو رێکخستنەکانی کۆمەڵەو کەسی دوەم یان وەک ئەوترا کەسی یەکەمی دوبارەی یەکێتی بوو بەو گەورەییەی یەکێتی ، تێلی بۆکردم ( بێگومان لەگەڵ زۆرێک ئەمەی کردوە ) و وتی بتبینم کەچوم باسی لیست دروستکردنی کرد وتی هەمو رێگایەکم تاقیکردەوە ناکرێت لەگەڵ یەکێتی پێکەوە بمێنینەوە، باسی ئامانجەکەی کرد وتی دژی گەندەڵی و بۆ بەدیهاتنی دادوەری.
من وەک خۆم لە یەکێتیدا هیچ کێشەم نەبوو پێگەو رێزو داهاتوی پرشنگدارم هەبوو تەنیا ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەنێوان بەرپرسان و خەڵکدا دروست ببوو مایەی نیگەرانیم بوو ، زۆر قورس بوو قوربانیدان بە رابردووی پڕ خەبات و ماندو بونی خۆم و بنەماڵەو و جێهێشتنی رێبازی شەهیدان و ئەو هەموو هاوڕێیانەی چەندین ساڵ بوو لەیەک سەنگەرا خەباتمان دەکرد بێجگە لەوە بەجێهێشتنی پێگەیەک کەبەچەندین ساڵ و بەماندو بون و قوربانیدان پێی گەیشتبووم بەڵام ئامانجی گەورەی گشتی ئەوکارەی ئاسان کردو بە گوڕو تین و جۆش و خرۆشەوە پشتمان لە بەرژەوەندی خۆمان کرد و کارمان بۆ لیستەکە کرد دواتر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان .
هەرچەندە چەندین جار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لە خوار کاک نەوشیروان ڕوبەڕوی نادادوەری بوینەوە بەڵام لەبەر ئومێدی ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی ژیان و گوزەرانیان لەمەترسیا بوو لەگەڵ ئەوەشدا بەو پەڕی دڵسۆزی و لە خۆ بردنەوە کاریان بۆ گۆڕان ئەکرد بەردەوام بوین.
ئێستا بپرسن؟
گۆڕان بۆچی لە ٢٥ و ٢٤ کورسی بو بە ١ کورسی بەهەزار حاڵ ؟ بۆچی لەبەغا کورسی نەما ؟ بۆچی هەڵسوڕاوەکانی مەبەستم ئەوانەیە بە دڵسۆزی و لەخۆ بردویی کاریان ئەکرد دورکەوتنەوە و ناڕازی بوون ؟ بۆچی خەڵک ئومێدی نەما ، بۆچی جاران گۆڕان بوون شانازی بوو ؟ ئایا لای هەموتان ئێستاش وایە ؟ ............
بەڕای من
لەهەمو رێکخراوێکدا ناکۆکی ڕێکخراوەیی دروست ئەبێت بەڵام :
_ رەخنەو کارکردن بە پرەنسیپی رەخنە و وەرگرتنی ڕاوو بۆچونی ئەندام و لایەنگرو دەنگدەر بنەمای سەرکەوتنە بۆ هەر رێکخراوێک.
_ئەوترا حزبەکانی تر کاریان بۆ ئەوە کردوە گۆڕان لاواز بکەن ، گۆڕان لەناوخۆی خۆیدا زیاتر ئەوکارەی کردوە ، شکاندنی یەکتر و بێزارکردنی هەڵسوڕاو هۆکاری سەرەک بوون بۆ لاوازکردنی گۆڕان.
پەیجەکان ئەگەر کاریان لەسەر بەهێز کردنی گۆڕان بکردایە و رەخنەی بنیاتنەریان بگرتایە لەجیاتی شکاندنی یەکتر و تەخوینکردن یان کاریان پیاهەڵدانی هەندێک بێت واتە لەبابەتی کەسیەوە زمانحاڵی خەڵک بونایە داهاتویەکی باشتر دەبوو بۆ گۆڕان
_ بێدەنگ بوون لە ئاستی نادادوەری !؟
هەر نادادی و هەڵەیەک روبدات دەبێت بەرەخنەو هەڵوێست وەرگرتن ڕوبەڕوی ببنەوە بەڵام ئایا ؟
_ ئەندامانی کۆنفراس و دانانی ئەندام و بێبەشکردنی هەندێک هەموی دادوەرانە بوە ؟ یان خواستی کەسی و دەستەیی . ئێستاش هەردولا کێبڕکێتانە زۆرترین هەڵسوڕاو بکەن بەدەستەی دامەزرێنەرو بەئەندامی کۆنفراس .
_ئەی دانانی هەڵسوڕاو بۆ ئۆرگانەکان چ بەهەڵبژاردنی کار بۆکراو چ بەدانان دادوەرانە بوە ؟
_ئەی کاتێک جڤات ئیفلیج کرا چۆن بڕیاری لێدرا و چۆن کاری بۆ کرا ئایا لەبەر بەرژەوەندی باڵای میلەت بوو ، وا کۆک بون لەسەری و زۆرینە ناڕەزایەتی دەرنەبڕی
_جڤات ناوەندی بڕیار بوو ؟ ئەگەر ناوەندی بڕیار بێت ئەوا ئەندامەکانی دەبوو بوێرانە ترو راشکاوانەتر بونایە ( بەخۆشمەوە) ، بەڵام بێگومان جڤات بڕیاردەر نەبوە و زۆر جار بەکارهاتو بوە.
_ئایا ئۆرگانەکان هەریەکەو ئەرکی خۆی بینیوە کارەکان بەدامەزراوەیی بون ؟ جوهدی کەسی چەند ڕۆڵی هەبوەو زاڵ بوە بەسەر دامەزراوەکان ؟
_ئەی فەرامۆشکردنی هەندێ کادر یان هەڵسوڕاوی بەتواناو بەهەڵوێست بەخواستی کەس و دەستە بوە یان نا ؟
_ئایا لەکارکردن بۆ کاندیدی پەرلەمان و قوربانی دان بەهەندێک بە دانانیان تەنیا بۆ لیست پڕکردنەوە و بەهێزکردنی لیست و ئەرکی قورسی بانگەشەو مەسرەفکردنی زۆر ناڵێم دەبێت هەموان دەنگی دەرچون بێنن بای ئەوەندە لەسیاسەت ئەزانین هەرچی کاندید بوو مەرج نیە ئەو دەنگە بێنێت بگات بە ئەنجومەنە هەڵبژێراوەکە ، مەبەستم دەستێوەردانە
_ئەی گۆڕان لەمەسەلەی بەشداری ژنان لەخۆی رازیە، لەسەرەتا ژنان لەبازنەو ئۆرگانەکان زۆر بوون، بەڵام لە ناوەندی بڕیار کەم بوون، ئێمە بە چەندین پڕۆژەو کۆبونەوەو چاوپێکەوتن و........ هەروەها لەکۆنفراسی یەکەم و بەهەمو رێگایەک داوای چارە و بەشداریمانکرد، ئێستا لەبازنەو ئۆرگانەکانیش ژمارەیان کەم بوەتەوە.
بزانن هۆکار چیە؟
ئێستا ئەوەندە توندن بەرامبەر یەکتر و ترسی چون بۆ لای لاکەی تر لەوانەیە شتێک بکەن !
_ئەی چونە حکومەت ( مەبەستم بەشداری نیە ئەمە بابەتێکی ترە ڕاو بۆچونی زۆر هەڵدەگرێت )
مەبەستم دانان و دانەنانی کەسەکان نادادی نەبوە
_ئەی داهات و خەرجی چەنەو چۆن خەرج ئەکرێت؟
_پێتان وانیە لە ژورە تاریکەکان بڕیار دراوەو بەردەوامیشە، بەدژی بنەمای گۆڕان کە باسی شەفافیەت دەکات .
_پێتان وانیە لە پرنسیپەکانی دروست بونی گۆڕان دورکەوتونەتەوە.
( هەرچەند ئەوەی لەو روداوو نادادیانە دور بوە، زیاتر مافی دەرفەت پێدانی هەیە ).
_لەهەمو ئەوانە هەمو ڕازی بوون و کەس دەنگی نەکرد ئێستا ئەوەی دابەشی کردون چیە؟
_ئەو چانسەی گۆڕان هەیبوو هیچ حزب و ڕێکخراوێکی تر نەیبوو لەوهەمو هەڵسوڕاوە خۆبەخشە دڵسۆزە بەڵام نەیتوانی ئیدارەی بدات یان ئیدارەی نەدا .
_لەناو گۆڕاندا هەڵسوڕاوی گەنج و باڵاتر (مەبەستم تەمەنە ) هەیە کە بەتواناو بوێرن ، بەداخەوە توانای ئەم بەڕێزانە کە لەو ئاستەن سەرکردایەتی جەماوەر بکەن و توانایان بۆ بەرژەوەندی باڵای میلەت و مەسەلەی گەورەی وەک مرۆف ، نەتەوەو بخرێتە گەڕ ، تواناو حەماسیان لە ناکۆکی و دەستە گەریدا بەفیڕۆ دەدرێ.
کاک نەوشیروان هەمو بەیانیەک رای وەر دەگرتین، هەروەها رای هەر کەسێک و هەر هاوڵاتیەکیشی وەرئەگرت بۆ زۆر بابەت. بەڵام ئێوە گۆڕانتان بەشکردوە و رای کێتان وەرگرتوە بێجگە لەوانەی دەوروبەر.
_ هیچ کەس و هیچ بەرنامەیەک لەهەڵە بەدور نیە و دەکرێت پێداچونەوەو چاککردنەوە هەبێت بەڵام هەڵەیەک لە نەزانی جیاوازەو تێکەڵ ناکرێت لەگەڵ نادادی ئەمە دەبێت بوەستێنرێت و لێکۆڵینەوە ی لێبکرێت.
ئێستا کە گۆڕانتان کردوە بە دوبەشەوە: دوای ئەو دوبەشەش بێگومان ناکۆکی تر دروست دەبێت ئەوکاتە چۆن چاری ئەکەن؟
ئایا هۆکارەکانی دابەش بوون بۆ بەرژەوەندی گشتیەو و ئامانجەکان ئەوەندە گەورەن ؟
وەک خۆم لەهەدولا کەسانێک هەن ڕێزی زۆرم بۆیان هەیە و بێگومان دڵسۆزانە و بێ بەرژەوەندی کەسیی بەرگری لە هەندێ پرەنسیپ ئەکەن بڕوایان پێیە و پێیان وایە هەقە .
هەندێکیش زۆر جار کەمینە یەکی کەمن هەر چوار دەوری بڕیاردەر دەگرن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ڕاو بۆچون دەدەن و زانیاری دەگەیەنن .
پەرت بون و بچوک بونەوە لەبەرژەوەندی هەندێکە تا رکابەر کەم بێت و ئەستێرەیان زیاتر بدرەوشێتەوە یان بەردەوام بێت لە درەوشانەوە .
ئێستا من و چەندانی تر کام لەم دوانە هەڵ بژێرین و بۆچی و لە پێناوی کام ئامانجی گشتی ، لەسەر چ بنەمایەکی بڕوا پێهێنەر؟ .
ناڵێم کامیان هەق و کامیان ناهەقە لەبەر ئەوەی بێگومان هەق ئەو داماوە یە بەپێی کات و شوێن و بارودۆخەکە شێوەو تێڕوانین بۆی ئەگۆڕێت.
پەرت بونی حزب ئاشتی کۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسیەوە ، پەرتبونی گۆڕانیش جیاوازی بیروڕانیە بەهێندەی ئەوەی دژایەتیکردنی کەسیە ، ئێوە خۆتان ئەبینن چۆن بەرامبەر بەیەک ئەخوێنن ؟و چۆن عەرزی خۆتان بۆیەک ئەکەن ؟ چۆن تەخوینی یەک دەکەن ؟
ئێستا لای ئێوە چون بۆ لایەک لای لاکەی تر ئەوەندە خیانەتە ، ئەوکەسە نیشمان بفرۆشێت ئەوەنە خائین نیە .
سەرفکردنی توانا بۆ چاودێری چی و کێ ؟
لە چیەوە بۆچی ؟ لەکوێوە بەکوێ گەشتین ؟
داواتان لێدەکەم تواناو وزەتان بۆ بەرژەوەندی گشتی بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی بەکار بێنن نەک ئامانجتان بردنەوە بێت لەیەکتری ئایا ئەوە بە بردنەوەیەکی گەورە ئەزانن؟
من وەک خۆم ئەوەندەی ماومەتەوە لە ژیانا و تەندروستیم رێگە بدات حەز ئەکەم بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و مافی مرۆڤ کار بکەم . نامەوێت خەریکی قسەو قسەڵۆک بم ، مرۆڤ بوون لای من ئەوەندە گەورەیە ئەگەر هەڵەشی بەرامبەرم کردبێت نەمشکاندوە و ناوم نەهێناوە ، ئێستا کێ باشتر قسە بڵێت قسە بهێنێت و ببا و تۆمەت دروست بکات و چاودێری ئەوە بکات کێ نەڕواتە لاکەی تر کێ کۆمینت و لایکێ ئەکات بۆ جەماعەتی ئەولا ئایا ئەوە هەڵسوڕاوە بوێرەکەیە !؟
باشە بەشێکی کاریگەری ئێوە نەبوون بەیەکەوە داوای ئەوە ئەکرا مینبەری جیا دروست بێتەوە لە یەکێتیدا.
ئێستا کامە بیروڕای جیاواز لە گۆڕاندا جێی بوەتەوە ؟
باکگراوندی سیاسی کەسەکان ناڵێم ، دەربڕینی بیروڕا باس دەکەم .
ئێوە ئەو خواستە گشتیانە بکەنە ئامانج تا ببن بە سەنتەر بۆ هەموان ، بۆ ئەوانەی بە ئاراستەی ئامانجی گەورە بیر دەکەنەوە .
ئەوەش بە بڕیاری حەکیمانەو دادپەروەرانەو ، بێ بەرژەوەندی کەسیی و دەستەیی دەکرێت ، بە ئامانجی رون و دیسپلین دەکرێت .
_ هەروەها کۆنفرانسێکی بەیەکەوەیی بکەن وکاری بۆ بکەن بە بڕیاری بوێرانە و شەفافانە چارەسەری هەمو کێشە رێکخراوەیی و یاسایی و....تاد بکەن .
_ دادوەرانە گۆڕانێک دروست بکەنەوە ببێتە جێی هیواو ئامانجداربێت .
ئەگەر هەر بوار نەمابوو بەیەکەوە بمێننەوە با بەشێوەیەکی دیموکراتی و مۆدێرن و دانیشتن و گفتوگۆ جیابونایەتەوەو ، نەک بە یەکێک لە دزێوترین رێگای جیابونەوە ( هەردولا ) جیابونەوە .
ئەی گۆڕان مانای چیە ئەگەر نەبێت بە پێشەنگ و کاری دانسقەو داهێنەری مۆدێرن نەکات، کە ئازادی تاک و ئازادی کاری رێکخراوەیی بەرجەستە نەکات ؟
چۆن داوای گۆڕانکاری دەکات لەهەر بوارێک کاتێک خۆی ئەمە نەکات ؟ بۆ لەمەولا چۆن دروشمی ئازادی رادەربڕین و شەفافیەت و یەکتر قبوڵکردن بەرزدەکاتەوە ؟
وەک تۆلستۆی ئەڵێت : زۆرن ئەوانەی بیر لە گۆڕینی جیهان دەکەنەوە بەڵام کەس بیر لەگۆڕینی خۆی ناکاتەوە .
تێبینی
_ هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبوم کێشەی رێکخراو لەدەرەوەی رێکخراو باس بکەم بەڵام هەمو شتێکتان باسکردوە و لە راگەیاندن و پەیجەکان هەمو شتێکتان وتوە لە روانگەی بۆچوونی خۆتانەوە .
زۆر پێویست بوو ، ئەگینا دور لەسیاسەت دەمەوێت زیاتر لەسەر بابەتی مرۆڤانە ، کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی بنوسم.
_ بەکارهێنانی وشەی من لەبەرئەوەی ناتوانم لەجیاتی کەس را بدەم .
_ ئەم وتارە بۆ بەڕێزان لە کەی ئێن ئێن و زەمەن دەنێررێت