20وتار

زەیدی و ئەوانی تر...

11/25/2026 12:34:00 PM
رابەر تەڵعەت

 لەمەودوا تەنیا بڕیارێکی دادگا و چەند پێوەرێکی دیجیتاڵیت بەسە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەیان لە ڕەگەوە وشک بکەیت! ئەمە ئەو گەمە نوێیەیە کە بەغدا لە بەرامبەر هەرێم پەیڕەوی دەکات!

 لە مێژووی مامەڵەی ئاڵۆزی بەغدا لەگەڵ دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ستراتیژیی عەلی زەیدی وەرچەرخانێکی جەوهەری و شۆکهێنەرە بەراورد بە مۆدێلەکانی پێش خۆی. ئەگەر لاپەڕەکانی ڕابردوو هەڵدەینەوە، دەبینین سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو لە بازنەیەکی داخراودا دەسوڕانەوە؛ مالیکی پەنای بۆ بڕینی بودجەی سیاسی برد، عەبادی راستەوخۆ هێزی سەربازیی جوڵاند، عەبدولمەهدی و کازمی بە دوای سازشی تەوافوقیی کاتییەوە بوون، سودانیش شەڕەکەی بردە گۆڕەپانی گەمارۆی یاسایی و بانکی. خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوە بوو ململانێکەیان هەر لە چوارچێوەی دانوستانی سیاسی و سازشی حیزبیدا دەهێشتەوە.

 لێرەدا، زەیدی خەریکە مەنهەجی حوکمڕانی هەڵدەگێڕێتەوە و یارییەکە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی (دەوڵەتی تەکنۆ-دادوەری و چاودێریی ئەندازیاری). لەم مۆدێلە نوێیەدا، کێشە قووڵە دەستوورییەکان دادەبەزێنرێن بۆ ئاستی دۆسیەی تاوانکاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئامانجەکەش ڕوونە؛ خوازیارن لە رێگای چەکوشی دادوەری و ڕێکاری تەکنیکییەوە، هەرێم تا ئەندازەی مان و نەمان لاواز بکەن، بەبێ ئەوەی یەک دەرگاش بۆ مامەڵە و سەفەقەی حزبی بهێڵرێتەوە.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە، وەک دەبینرێ زەیدی سەرەتا بە لادانی بەرپرسانی ناوەند دەستی پێکرد؛ وەک دوورخستنەوەی سەرۆکی دەستەی دەروازەکان و فەرماندەکانی کەرکوک، تا ئەم هەنگاوە وەک قەڵغانێکی شەرعیی بەکاربهێنێت و وای نیشان بدات ئەوەی دەگوزەرێت پاکسازییەکی سەرتاسەریی دەوڵەتە نەک ململانێیەکی نەتەوەیی. بەمەش رێگای بۆ پەلهاویشتن بەرەو دەروازەکان و پاڵاوگەکانی وەک (کار و بازیان) خۆش کرد. لەلایەکی تریشەوە لە ڕێگای دادگاکانی لێکۆڵینەوەی گەندەڵییەوە، پرسی ململانێی نەوت و سنوورەکانی لە مافی فیدراڵی و دەستوورییەوە گۆڕی بۆ تۆمەتی قورسی وەک قاچاخچێتی و بەهەدەردانی سامانی گشتی. 

وادیارە ئیتر نمایشی سەربازی جێگای خۆی داوە بە چاودێریی ئەندازیاریی و گومرگیی؛ وەک بەستنی پێوەری دیجیتاڵی، جێگیرکردنی تاقیگەی فیدراڵی لە دەروازەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، و گواستنەوەی کارگەکانی قیر و نەفتا بۆ ناوەڕاست و باشور، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوەکانی ئابووریی سێبەر. هەروەها کارکردن بۆ سڕینەوەی چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان، لە ڕێگای بەکارهێنانی (پۆلیسی وزە) بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک موڵکی ڕەهای پارێزگاکان نەک ناوچەی کێشەلەسەر و جێناکۆک!

ئەنجام؛ وادیارە لایەنگرانی بەغدا ئەمە وەک لوتکەی پڕۆسەی دەوڵەتسازیی، سەپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سامانی گشتی دەخوێننەوە، لەروانگەی یاساناسانی فیدراڵیزمیشەوە ئەمە وەک کودەتایەکی بێدەنگ بەسەر ماددەکانی (١١٢، ١١٤ و ١١٥)ی دەستور و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی فیدراڵی دەیبینن. لە هەردوو بارەکەدا؛ زەیدی و هاوبەشە دادوەرییەکانی خەریکە واقعێکی نوێ دەسەپێنن؛ ئەویش گۆڕانکارییە لە نەخشەی هێز و حوکمڕانی عێراقەوە لەرێگای دووبارە خوێندنەوە و تەفسیرکردنی ماددەکانی هەمان ئەو دەستورەی کورد خۆی رۆژێک لەرۆژان دەنگی پێداوە! بۆ زەیدی دەرکەوتووە کەوا ئەندازیاریی بیرۆکراسی و کۆنترۆڵکردنی زنجیرە و سەرچاوەکانی دابینکردن و دەروازەکان، زۆر کوشندەتر و کاریگەرترن لە لوولەی تانک و وتاری حەماسیی سیاسی! بەغدا خەریکە پرسی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی هەرێم لەگەڵ پرسی تاوانکاریی و قاچاغچێتی تێکەڵ دەکات و لەوانەشە تیایدا سەرکەوتوو بێت. ئۆباڵی ئەم دۆخە لە ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستاندایە!
رابەر تەڵعەت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن